كچێك سەیرترین جۆری هەستیاریی هەیە و بۆنی ناخۆش ژیانی دەخاتە مەترسییەوە

21-01-2019 10:53

پەرەگراف

كچێكی ئەمەریكی بەدەست جۆرێكی دەگمەنی نەخۆشی و هەستیارییەوە دەناڵێت و هەر بۆنێكی ناخۆش و بەهێز ژیانی دەخاتە مەترسییەوە و لەمردن نزیكی دەكاتەوە، بەڵام سەگێك بووەتە هاوڕێی نزیكی‌و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون بردووە.

مارتینا بەیكەر، تەمەن 15 ساڵ، توشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووە و هەستیاریی بە چەندین شتی جیاواز هەیە بە تایبەت بۆنی كەرەستە جیاوازەكان وەك؛ عەتر، كەلوپەلی گەرم و دوكەڵ، ئەوەش بەهۆی زۆر چالاكبونی چەند خانەیەكی لەشیەوە كە كاریگەری لەسەر كۆئەندامی بەرگری لەشی هەبووە.

ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی باسی لەوە كردووە ئەگەر مارتینا بۆنی زەیتی خواردن دروستكردن یان پاككەرەوەی جلوبەرگ بكات، دۆخی تەندروستی تێكدەچێت و ئەگەر بە زووترین كات چارەسەر وەرنەگرێت، پێدەچێت بەهۆیەوە گیان لەدەست بدات.

ئەو كچە بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە نەیتوانیوە بچێتە خوێندنگەو لە چونە دەرەوە و گەڕان بێبەشە، ڕۆژانەش بڕێكی زۆر دەرمان بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی كاریگەری هەستیارییەكەی لەسەر كەم ببێتەوە.

مارتینا ئێستا هیوایەكی زۆر بۆ ژیانی گەڕاوەتەوە دوای ئەوەی خێزانەكەی لەهەڵمەتێكدا بڕی 10 هەزار دۆلاریان بۆ كڕینی سەگێك كۆكردۆتەوە تا وەك یاریدەدەر لەگەڵیدا بێت و لەكاتی مەترسیدا ژیانی ڕزگار بكات.

ئەو سەگە ناوی كایۆمە، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی مارتینا دروستكردووە و دۆخی تەندروستی باشتر كردووە، بەجۆرێك پێشتر هەفتانە نزیكەی سێ جار بەهۆی بۆنەوە دۆخی تەندروستی تێكچووە بەڵام ئێستا لەنێوان چوار بۆ شەش هەفتەدا جارێك وای لێدێت.

مارتینا ماوەیەك پێش ئێستا بۆ یەكەمجار چووەتە سینەما و لەگەڵ كایۆمدا بینەری فیلمێك بووە، هەروەها ڕۆژانەش پێكەوە دەچنە چەندین شوێنی دیكە و سەگەكە بووە بە باشترین و نزیكترین هاوڕێی.