پەرەگراف
لەبەشێكی زۆری شارە سەرنجڕاكێشەكانی جیهان گرنگییەكی زۆر بە شێوازی دروستكردنی خانوو دەدرێت و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جیاواز لەسەر ستایل و شێوازێكی تایبەت بونیاد دەنرێت، لە توركیاش كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون بووە بە شاری تارماییەكان.
لە ناوچەیەكی دەشتایی توركیا، سەدان خانوو لەشێوەی قەڵا و بینای ناو فیلمەكانی دیزنیی دروستكراون تاوەكو ببنە كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونی سەرنجڕاكێش و مۆدێرن، بەڵام تائێستا هیچ كەسێك لەو شوێنە نیشتەجێ نەبووە، ئەوەش وایكردووە شوێنەكە وەك شاری تارمایی ناوبانگ دەربكات.
ئەو كۆمەڵگەیە 180 میل لە شاری ئیستەمبوڵەوە دوورەو دەكەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەكە، لە نیزك شاری مۆدۆرنۆ لە هەرێمی بۆلۆی شاخاویی، كە ڕوبەڕێكی بەرفراوانی دارستانی سنەوبەرە لەو ناوچەیەیە، ئەوەش دیمەنێكی ناوازەی بەشوێنەكە بەخشیوە.
خانووەكان بە ڕەنگی سپی دروستكراون بەشی سەرەوەیان بە قرمیتی ڕەش داپۆشراوە، بەشێكیان لەسەر شێوەی كۆشكی نۆیشفانشتاین لە ئەڵمانیا دروستكراون، بەشێكی دیكەشیان نمونەی بیناسازی ئەوروپییە لەسەدەكانی 13 و 14 و 15دا.
شوێنكە ناوی (بورجی ئەلباباس)ی لێنراوەو لە 732 ڤێلا و ناوەندێكی گەورەی بازاڕكردن پێكهاتووە، نرخی هەر ڤێلایەك لەو شوێنە 515 هەزار دۆلاری ئەمەریكییە، بەڵام بەهۆی چەند كێشەو گرفتێكی بوارەكانی دارایی و ئابورییەوە تائێستا هیچ كەسێكی تێدا نیشتەجێنەبووە.
پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای سارۆت گروپەوە لە ساڵی 2014 دەست بە دروستكردنی كراوە، نزیكەی 350 ڤێلایان كە نیوەی پڕۆژەكەیە فرۆشراوەو زۆرینەی ئەو كەسانەی كە كڕیویانە خەڵكی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.
كۆمپانیاكە ماوەیەك پێش ئێستا توشی چەند گرفتێكی دارایی بووە و بۆ ئەوەی لە مایەپوچبوون پارێزراوبێت چەند جارێك داوای هاوكاریی كردووە.
ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوە كردووە دابەزینی نرخی نەوت هۆكارێكی دیكەی شكستی پڕۆژەكە بووە، بەو پێیەی بەشێكی ئەو كەسانەی ڤێلای پڕۆژەكەیان كڕیوە نەیانتوانیوە قەرزەكانیان بدەنەوە.
هۆكارێكی دیكەی شكستی بورجی باباس، هەڵكەوتەی شوێنەكەیەتی كە زۆر كەس بە شوێنێكی گونجاوی نازانن بۆ نیشتەجێبوون، ئەوەش وایكردووە بە چۆڵی بمێنێتەوەو ببێتە شاری تارماییەكان.