زاناکان لە هێلکەی مریشک چارەسەری شێرپەنجە دروستدەکەن

29-01-2019 09:11

پەرەگراف

توێژەرانی بواری تەندروستی پەرەیان بە جۆرە مریشکێک داوە کە دەتوانرێت لە هێلکەکەی دەرمانی چارەسەری هەوکردنی جومگەکان و بەشێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە دروست بکرێت.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردوەتەوە، کۆی تێچووی دروستکردنی ئەو دەرمانە لە هێلکەی مریشک 10 تا 100 جار هەرزانتر دەبێت لەو دەرمانانەی لە کارگەکاندا دروست دەکرێن.

توێژەران ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، مریشکەکان بەهیچ شێوەیەک مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا ناکرێت لەکاتی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە هێلکانەدا، بەڵکو "خواردن و ئاوی باشیان پێ دەدرێت و ڕۆژانە لەڕێی تەکنیکی بەرزەوە چاودێریی دەکرێن."

هەروەها باس لەوەش دەکەن پڕۆسەی هێلکەکردنەکە تەواو ئاساییە بۆ مریشکەکان و هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر تەندروستيیان.

پێشتر زاناکان پەرەیان بە بزن و کەروێشک و مریشک دابوو بەشێوەیەک کە بتوانن پڕۆتینێک بەرهەمبهێنن لە شیر یاخود هێلکەکانیاندا بۆ چارەسەری ژمارەیەک نەخۆشيی بەکاربهێنرێت، دەشڵێن ئەم پەرەپێدانە تازەیەی مریشکەکان ڕێگایەکی کاریگەرترە و تێچووشی بە بەراورد بەوانەی پێشوو کەمترە.

ئەو جۆرە پەرەپێدانە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە و توێژەران باوەڕیان وایە چەند ساڵێکی دیکەیان پێویستە تا بتوانن ئەو هێلکەیە یاخود ئەو دەرمانەی لە هێلکەکان دروست دەکرێت بخرێتە بازاڕەکانەوە.