سێ تابلۆ كە هیتلەر كێشاونی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا دەفرۆشرێن

30-01-2019 11:38

پەرەگراف

ئەدۆڵف هیتلەر سەركردەی نازییەكان یەكێكە لە دیكتاتۆرە ناسراوەكانی جیهان كە لەسەردەمی دەسەڵاتیدا كوشتوبڕێكی زۆری كردووە بەتایبەت كۆمەڵكوژیی جولەكەكان، لەگەڵ ئەو توندوتیژییەیدا هیتلەر توانایەكی هونەریی باشی هەبووە بەتایبەت لە وێنەكێشاندا.

لەئێستادا سێ تابلۆی هیتلەر كە خۆی كێشاونی، لە بەرلین نمایش دەكرێن و بڕیارە لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بفرۆشرێن، نرخی هەر یەكێك لەو كارانەش لەنێوان چوار بۆ شەش هەزار یۆرۆدا دەبێت.

تابلۆكان لەنێوان ساڵانی 1910 بۆ 1911 كێشراون كاتێك هیتلەر تەمەنی 21 ساڵبووەو لەهەوڵدا بووە بۆ ئەوەی وەك هونەرمەندێك لەڤییەنا ژیان بەسەر بەرێت، تابلۆكان سەرجەمیان واژۆی هیتلەریان پێوەیە‌و لەلایەن پسپۆڕێكی تایبەتی ناسینەوەی نوسینەوە ناسراونەتەوە.

یەكێك لە وێنەكان دیمەنی چیای ئەڵپ دەردەخات‌و كەسێكیش لە بەشی خوارەوەی چیاكە و لەنزیك ئاوێك لەسەر بەردێك دانیشتووە سەرقاڵی وێنەكێشانە، بۆچوونێك هەیە ئەو كەسە خودی هیتلەر بێت و هەوڵیدابێت لەو تابلۆیەدا وێنای خۆی بكات لەكاتی كارەكەیدا.

دوو وێنەكەی دیكەش، یەكێكیان دیمەنێكی سروشتییە و ئەوی دیكەش وێنەی ناوچەیەكی تایبەتی خلیسكانێی سەر بەفرە لە نەمسا.

بەپێی یاساكانی ئەڵمانیا كڕین و فرۆشتنی هەر تابلۆیەك كە نیشانەی نازییەكانی پێوەبێت قەدەغەیە، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو كارە هونەرییانە ناگرێتەوە كە پێش گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نازییەكانەوە كێشراون، تەنانەت ئەگەر هیتلەر یاخود كەسێكی نزیكیشی كێشابێتی.