بە وێنەو ڤیدیۆ؛ سەرنجڕاكێشترین ئەشكەوتی سەهۆڵین

02-02-2019 02:32


پەرەگراف

نینگیو، گەورەترین ئەشكەوتی وڵاتی چینە‌و دەكەوێتە چیاكانی ویلایەتی شانكسی، قووڵیی ئەم ئەشكەوتە 85 مەترە و لە بەرزیی زیاتر لە دوو هەزار مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە هەڵكەوتووە.

ناو ئەشكەوتەكەو دیوارەكانیشی یەكپارچە بە سەهۆڵ داپۆشراوە. بەهۆی ساردیی لەڕادەبەدەری، ستوونی گەورەی سەهۆڵین لە زەوی بۆ سەقفی ئەشكەوتەكە دروست بووە.

لە چلەی هاوینیشدا كە پلەكانی گەرما لە دەرەوە بەرزن، سەهۆڵبەندانی ئەم ئەشكەوتە ناتوێتەوە، چونكە ئەو هەوا گەرمەی لە دەمی ئەشكەوتەكەوە دەچێتە ژوورەوە، بەهۆی سەهۆڵبەندانەكەوە هەر زوو دەگۆڕێت بە هەوایەكی سارد و كاریگەریی ئەوتۆ لەسەر دیوار و ستوونە سەهۆڵینەكانی ئەشكەوتەكە دانانێت. هەروەها هەڵكەوتەی ئەشكەوتەكە بە جۆرێكە كە لە هاویندا هەوا زۆر ناچێتە ناو ئەشكەوتەكەوە.

لە سەرانسەری قاڕەی ئەوروپا و ئاسیای ناوەندی و ئەمەریكای باكوور لەم جۆرە ئەشكەوتانە بەدی دەكرێن، كە بە درێژایی ساڵ سەهۆڵبەندانن. ئەم ئەشكەوتانە زیاتر لە ناوچە زۆر ساردەكان هەن، بە تایبەت لە ئالاسكا، ئایسلەندا‌و ڕووسیا. لەگەڵ ئەوەشدا لەم جۆرە ئەشكەوتانە لە هەندێك ناوچەش كە ئاو و هەوایان گەرمە، هەن.

لە مانگی ئادار تا مانگی تشرینی یەكەم، ڕۆژانە هەزار گەشتیار ڕوو لە ئەشكەوتی نینگیو دەكەن، هەر گەشتیارێك نزیكەی یەك كاتژمێر لەناو ئەشكەوتەكەدا دەمێنێتەوە تا شێوە سەرنجڕاكێشەكەی ببینێت.

زۆرێك لە‌و ئەشكەوتانەی كە ساڵانێكی دوور و درێژە بە چلەی هاوینیش سەهۆڵبەندانیان نەتواوەتەوە، بەم دواییانە بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و كورتبوونەوەی وەرزی سەرما، بەرەو لەناوچوون دەچن.