وێنەو زانیاریی؛ شاری جنۆكەكان بناسە كە یەكێكە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی جیهان

05-02-2019 09:03


پەرەگراف


شاری پێترا لە ئەردەن، یەكێك لە كۆنترین ئەو شارانەیە كە مرۆڤ بونیادی ناون. مێژووی دروستبوونی بۆ چەند سەدە بەر لە زایین دەگەڕێتەوەو ناوچەیەكی گەشتیاریی گرنگ‌و سەرسوڕهێنەرە.

كۆشك و خانووەكانی ئەم شارە دێرینە لەناو شاخێكدا هەڵكۆڵدراون، كە تایبەتمەندی و گرنگییەكی زۆری لە سەردەمی خۆیدا هەبووە.

لە نێو شتە سەرنجڕاكێشەكانی شارەكەدا (قصر البنت) یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین شوێنەكانە كە هەندێك كەس دروستكردنی بە كاری بوونەوەری جیاواز لە مرۆڤ دەزانن. هەندێك گێڕانەوە وایان باس كردووە كە ئەو بوونەوەرانە ماوەیەكی زۆر لەو كۆشكەدا ژیاون و دواتر دیار نەماون. بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن "ئێستاش بە شەودا گوێبیستی دەنگی سەرسوڕهێنەر لەناو ئەو كۆشكەوە دەبن."

هەر ئەوەش وای كردووە گەشتیارەكان بە شەودا سەردانی نەكەن. دەنگۆی بوونی جنۆكە لە شاری پیدرا، وای كردووە هەندێك بە شاری جنۆكەكان ناوی ببەنن.

لێرەدا 30 زانیار و ڕاستیی لەبارەی شارەكەوە دەخەینەڕوو:

1- شاری پێترا بە 262 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری عەممانی پایتەختی ئەردەن.

2- ناوی شارەكە لە وشەی (petros)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە كە بە مانای بەرد دێت.

3- شاری پێترا لەناو زنجیرە شاخێكدا دروستكراوە و كۆشك و خانووەكانی لە بەرددا هەڵكۆڵدراون.

4- پێترا پایتەختی نەبەتییەكان بووە، كە لە سەدەی چوارەمی پێش زایینەوە بە بەهێزی دەركەوتن و نزیكەی پێنج سەدە دەسەڵاتی بەرفراونیان لە ناوچەكەدا هەبووە.

5- سەرچاوە ئەورووپییەكان باس لەوە دەكەن نەبەتییەكان شاری پێترایان بۆ چاودێریی گۆڕانكارییە گەردوونییەكان بونیاد ناوە.

6- بەهۆی ڕەنگاوڕەنگیی بەردەكانی ئەو شاخەی كە شارەكەی تێدا هەڵكۆڵدراوە، شاری پێترا بە (شاری گوڵ)یش ناوبراوە.

7- پێترا بە چەند قوللـەیەك دەورە دراوە كە لە تاشەبەردی ڕەنگ سوور پێكهاتوون.

8- شاری پێترا ساڵی 1812 لەلایەن لێكۆڵەری سویسری (جۆهان لودویگ بێركهارت) دۆزراوەتەوە.

9- شارەكە جگە لە جوانییەكەی، لە ناوچەیەكدا دروست كراوە كە پارێزراو بووە لە دەستی دوژمنانی. دەروازەی ڕۆژهەڵاتی بە جۆرێك هەڵكەوتووە كە ڕێگر بووە لە داگیركردنی.

10- چوونە ژوورەوە بۆ شاری پێترا پێویستی بە بڕینی ڕێگەیەكی باریك هەیە كە نزیكەی یەك كیلۆمەترە.

11- پێترا، شارێكی گەورەی پڕ لە مەزار و كۆشكی مێژوویی و شوێنی پیرۆزە.

12- شاری مێژوویی پێترا لە (وادی موسا)دا هەڵكەوتووە.

13- لە ساڵی 1985 لەلایەن یونسكۆوە وەكو شوێنەوارێكی جیهانی تۆمار كراوە.

14- نزیكەی 800 مەزار لە شاری پێترا هەن.

15- شاری پێترا لەلایەن گۆڤاری سمسسۆنیان بە یەكێك لەو 28 شوێنەی جیهان دیاری كراوە كە پێویستە بەر لەوەی بمریت سەردانیان بكەیت.

16- بەپێی هەندێك سەرچاوە شاری پێترا لە دەوروبەری ساڵی 312ی پێش زایین بونیاد نراوە. بەڵام هەندێك سەرچاوەی دیكە دەڵێن ڕەنگە نۆ هەزار ساڵ پێش زایین بونیاد نرابێت.

17- كاروانسەرا و ڕێڕەوێكی گرنگی بازرگانیی بووە، بە تایبەت بازرگانیی ئاوریشم و بەهارات و كانزا گرانبەهاكان.

18- ساڵی 105ی زایینی ڕۆمەكان شارەكەیان گەمارۆدا و سەرچاوەكانی ئاویان لە دانیشتووانەكەی بڕی، پاش ماوەیەكیش شارەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد و كۆتاییان بە دەسەڵاتی نەبەتییەكان هێنا.

19- ساڵی 636ی زایینی عەرەبەكان توانییان شاری پێترا لەژێر دەستی ڕۆمەكان ڕزگار بكەنەوە.

20- لە ساڵی 363ی زایینی زەمینلەرزەیەكی بەهێز لە پێترا ڕووی داوە و نیوەی شارەكەی وێران كردووە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دانیشتووانەكەی چۆڵی بكەن.

21- شانۆی پێترا ساڵی 106ی زایینی دروست كراوە، كە شوێنی دانیشتنی بۆ نزیكەی پێنج هەزار كەس هەبووە.

22- شوێنەواری شاری پێترا لە ڕیزی ناوچە دێرینە بەناوبانگەكانی جیهانە.

23- خاچپەرستەكان قەڵای كەرەك و زنجیرە دیوارێكی پۆڵایینیان بۆ پاراستنی شاری پێترا بونیاد ناوە.

24- زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی شارەكە لە سەردەمی نەبەتییەكاندا 20 هەزار كەس بووە.

25- لە شاری پێترا و ناوچەكانی دەوروبەری ئاوی پێویست بۆ 30 هەزار كەس هەبووە.

26- نەبەتییەكان توانیویانە لە ناوچەیەكی وشكدا پێشكەوتووترین سیستمی ئاو بۆ شارەكەیان بونیاد بنێن، كە ئاوی بۆ دانیشتووان و باخ و حەوزی شارەكەش دابین كردووە.

27- ساڵانە هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەردەن دەكەن، كە زۆرینەیان لە بینینی شاری پێترا بێبەش نابن.

28- بردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناو شاری پێترا قەدەغەیە، گەشتیاران بە وشتر و ئەسپ سەردانی دەكەن.

29- شاری پێترا لە ساڵی 2007 وەكو یەكێك لە حەوت سەرسوڕهێنەرە نوێیەكەی جیهان ناسێندرا.

30- تا ئێستا لەسەدا 15ی شاری پێترا ئاشكرا كراوە و بەشەكەی دیكەی لەژێر زەویدایە.