10 تێڕوانینی هەڵە لەبارەی پاراستنی باتریی مۆبایل

06-02-2019 12:23


پەرەگراف


پاراستنی بەشە جیاوازەكانی مۆبایل بۆ باشتر كاركردنی، بابەتێكی گرنگە. هەروەها بەكارهێنانی بەردەوامی مۆبایلیش دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەشە جیاوازەكانی. بۆ ئەوەی مۆبایلەكانمان تەمەنێكی درێژیان هەبێت، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین.

یەكێك لە گرنگترین بەشەكانی مۆبایل، باترییە، كە پاراستنی زۆر پێویستە. تێڕوانینی جیاواز لەبارەی پاراستنی باتریی مۆبایلەوە هەیە، بەڵام بەشێكیان كە لەنێو خەڵكدا زۆر بڵاون، زانستی نین و نادروستن، تەنانەت هەندێكیان بە پێچەوانەوە زیان بە مۆبایل دەگەیەنن.

لێرەدا چەند تێڕوانینێكی نادروست لەبارەی پاراستنی باتریی مۆبایلەوە دەخەینەڕوو:

1- پڕشەحنكردنی باتریی مۆبایل لە یەكەم بەكارهێناندا
زۆرینەی خەڵك باوەڕیان وایە لە كاتێكدا كە مۆبایل دەكڕن، پێویستە بەر لە بەكارهێنانی چەند كاتژمێرێك بیدەن لە شەحن تا پڕ دەبێت، پاشان بەكاری بهێنن. ئەم تێڕوانینە هەڵەیە بە تایبەت لەلایەن فرۆشیارەكانەوە بۆ كڕیارەكان گوازراوەتەوە. ئاستی شەحنی مۆبایل لە كاتی كڕینیدا بە تازەیی لە نێوان لەسەدا 40 بۆ لەسەدا 80دایە، كە باشترین بڕی دیاریكراوی شەحنە بۆ مۆبایل، هەر بۆیە كۆمپانیاكان خۆیان مۆبایل بەو بڕە شەحنەوە دەخەنە بازاڕەوە.

2- بەكارنەهێنانی مۆبایل لە كاتێكدا كە بە شەحنەوەیە
هەندێك كەس باوەڕیان وایە لە كاتێكدا كە مۆبایل بە شەحنەوەیە، نابێت بەكاری بهێنیت، چونكە زیان بە باترییەكەی دەگەیەنێت. ئەم تێڕوانینەش هەڵەیە. تاكە كاریگەرییەك لەو حاڵەتەدا كە هەبێت، ئەوەیە كە بەهۆی بەكارهێنانەكەوە مۆبایلەكە درەنگ پڕشەحن دەبێت.

3- بەكارهێنانی شاحینەی نائۆرجیناڵ زیان بە باتریی مۆبایلەكەت دەگەیەنێت
ئەوانەی وا بیردەكەنەوە كە شاحینەی نائۆرجیناڵ زیان بە باتریی مۆبایل دەگەیەنێت، ئەو تێڕوانینەیان لەوەوە بۆ دروست بووە كە هەندێك لەو شاحینانە بە هێواشی باتری شەحن دەكەنەوە، یان هەندێكیان بە خێراییەكی زۆر شەحنی دەكەنەوە. بەڵام ئەم بیركردنەوەیەش هەڵەیە و شاحینەی نائۆرجیناڵ زیانی بۆ باتریی مۆبایل نییە، بەڵام دەبێت دڵنیا بیت لەوەی ئەو شاحینەیە بۆ ئەو ئامێر یان مۆبایلە دروست كراوە و كێشەی تێدا نییە.

4- ڕیستارتكردنی مۆبایل زیان بە باترییەكەی دەگەیەنێت
خراپبوونی باتریی مۆبایل بەهۆی بەكارنەهێنانی بۆ ماوەیەكی درێژ، شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی كە ڕیستارتكردن بە مۆبایل زیان بە باترییەكەی دەگەیەنێت، بیركردنەوەیەكی هەڵەیە. تەنانەت لە هەندێك مۆبایلدا ئەنجامدانی ڕیستارت دەبێتە هۆی چالاكتربوونی باتری.

5- بەكارهێنانی ئینتەرنێت زیاتر لە هەموو شتێكی دیكە شەحنی مۆبایل دادەبەزێنێت
ئەم تێڕوانینەش دروست نییە. تاكە شتێك كە زۆرترین شەحنی مۆبایل دەبات، یارییەكانن، چونكە گرافیكی یارییەكان ڕێژەیەكی زۆر وزە دەبەن. ئەگەر یاری بە مۆبایلەكەت دەكەیت، ئەوا تا دەتوانیت لە كاتی یاریكردندا شاشەی مۆبایلەكەت تاریك بكە، ئەگەر دەتەوێت تەمەنی باتریی مۆبایلەكەت درێژ بێت. بەڵام ئەگەر لە كاتی یاریكردندا مۆبایلەكەت بە شەحنەوە بێت، ئەوا پێویست ناكات ڕووناكیی شاشەكەی كەمبكەیتەوە.
دابەزینی شەحنی مۆبایل بەهۆی بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە، پەیوەستە بەوەی كە ئینتەرنێت بۆچی بەكار دەهێنیت. ئەگەر بۆ سەیركردنی ڤیدیۆ یان یاریكردنی ئۆنلاین بێت، یان هەر چالاكییەكی تر كە گرافیكی زۆر تێدا بێت، خێراتر شەحنی مۆبایلەكەت دادەبەزێت.

6- ئەگەر مۆبایل لە شەوەوە تا بەیانی بە شەحنەوە بێت، باترییەكەی خراپ دەبێت
ئەمە یەكێك لە باوترین تێڕوانینە هەڵەكانی بەكارهێنەرانی مۆبایلە. ئێستا مۆبایلە زیرەكەكان بە جۆرێك پێشكەوتوون كە پاش پڕبوونی باتریی مۆبایلەكە لە شەحن، ئەوا خۆی لە شەحنكردنەوەی مۆبایلەكە دەوەستێت، هەر وەكو ئەوە وایە مۆبایلەكە بە شاحینەوە نەبێت.

7- بۆ ئەوەی باترییەكە باشتر كار بكات، بیخەرە فرێزەرەوە
ئەم تێڕوانینە هەڵەیە و ئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە، چونكە باتریی مۆبایل لە بەرانبەر سەرما و گەرمای زۆردا هەستیارە، لەو دوو حاڵەتەشدا زیان بە باتری دەگات نەك سوود.

8- بەكارهێنانی بەرنامەكانی ڕێكخستنی شەحنی مۆبایل
ئەم جۆرە بەرنامانە لەبەرئەوەی خۆیان بە بەردەوامی لە مۆبایلدا لە حاڵەتی كاركردندان، شەحنی مۆبایل دادەبەزێنن، نەك ڕێگر بن لە دابەزینی شەحن و بۆ باتری باش بن.

9- كوژاندنەوەی بلوتووس و جی پی ئێس و وای فای بۆ ڕێگری لە دابەزینی شەحنی باتریی مۆبایل
ئەم خزمەتگوزارییانە تەنیا كاتێك شەحنی مۆبایل سەرف دەكەن كە چالاك بن و لە حاڵەتی كاركردندا بن، واتە كاتێك كە ئینتەرنێت بەكار دەهێنیت، یان بە بلوتووس شتێك دەنێریت یان وەری دەگریت، بە پێچەوانەوە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر شەحنی مۆبایل نابێت.

10- پلەی گەرمای باتریی مۆبایل گرنگ نییە
ئەم بۆچوونەش ڕاست نییە. پلەی گەرمای زۆر نزم و زۆر بەرز، فشار لەسەر باتریی مۆبایل دروست دەكات و كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەبێت. بۆیە پێویستە بەردەوام باتریی مۆبایل لە پلەیەكی گەرمای جێگیردا بێت.