كازم ساهیر نازناوەكەی دەگۆڕێت و ڕونكردنەوەی لەبارەوە دەدات

09-02-2019 08:50


پەرەگراف


ئەستێرەی بەناوبانگی عێراقی كازم ساهیر بەشێوەیەكی فەرمیی نازناوی خۆی لە ناسنامەكەیدا لە سامەرائییەوە دەگۆڕێت بۆ ساهیر، لەڕێی تۆمارێكی دەنگیشەوە ڕونكردنەوە لەسەر ئەو گۆڕانكارییە دەدات.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ گۆڕینی نازناوی ناسنامەی هونەرمەند كازم ساهیر لە سامەرائییەوە بۆ ئەلساهیر، ئەوەش هەرایەكی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروستكردووەو خەڵكێكی زۆر ڕەخنەی ئەوەیان لە كازم گرتووە كە ڕەچەڵەكی خۆی ڕەتدەكاتەوە.

ئەو هونەرمەندە لەتۆمارێكی دەنگیدا ڕوونكردنەوە دەدات‌و دەڵێت"لەتۆماری گشتیدا ناوم كازم جەبار ئیبراهیم سامەرائییە، لە ناسنامەی باری شارستانیشدا كازم جەبار ئیبراهیم، لە پەڕە فەرمییەكانیشدا لە دەرەوەی وڵات ناوەكەم كازم جەبار ئەلساهیر، ئەو جیاوازیی ناوانەش كێشەیەكی زۆری بۆ دروستكردووم."

كازم باسی لەوە كردووە نایەوێت ڕوونكردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بدات، بەڵام ماوەی ساڵێكە كۆمەڵێك مامەڵەی فەرمی ئەو لەدەرەوەی وڵات بەهۆی ئەو جیاوازیی ناوانەوە وەستێنراون، هەرچەندە داوای لە باڵیۆزخانەی عێراق كردووە بەشێوەیەكی فەرمی بیسەلمێنن كازم جەبار ئیبراهیم هەمان كەسایەتی كازم جەبار ئەلساهیرە، بەڵام ئەوەش بەس نەبووە بۆ تەواوكردنی كاروبارەكانی.

ساهیر پەیوەندی بە پارێزەرێكەوە كردووە تا ڕێگا چارەیەكی یاسایی بۆ بدۆزێتەوە، ئەویش پێی ڕاگەیاندووە كە دەبێت نازناوی ساهیر بۆ كازم جەبار ئیبراهیم زیاد بكرێت.

ئەو هونەرمەندە دەڵێت"ساهیر تەنها مرەكەبێكە لەسەر پەڕەیەك، ئەو نازناوەش 30 ساڵە هەڵمگرتووە و پێی ناسراوم، بۆیە بەو كارە مەبەستم هیچ سوكایەتییەك نییە، هەرگیز ئەوەش لەبیر ناكەم كە من لەكوێوە هاتووم، من كازم جەبار ئیبراهیم سامەرائی بووم و بەدڵ و ڕۆحیش بەو شێوەیە دەمێنمەوە، شانازی بە عەشیرەتەكەی خۆم و سەرجەم عەشیرەتەكانی عێراقەوە دەكەم، چونكە من كوڕی عێراقم ئەوەش بە هەموو سەربەرزی و شانازییەكەوە دەڵێم."

كازم ساهیر لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەیدا داوای لێبوردنی لەو كەسانە كردووە كە بەهەرشێوەیەك بێت ئەو بابەتە دڵگرانی كردوون.

كازم ساهیر لە 12ی ئەیلولی ساڵی 1957 لەشاری موسڵ لەدایكبووە و بەیەكێك لە بەناوبانگترین هونەرمەندەكانی عەرەب دادەنرێت كە زۆرینەی ئاوازی گۆرانییەكانی خۆی دایناون.