ویستی لە ئینتەرنێتەوە ئۆتۆمبێلێك بكرێت، بەڵام سوپرایزێكی چاوەڕواننەكراوی پێگەیشت

10-02-2019 06:23

پەرەگراف

دانیال فۆكس پیاوێكی بەریتانی تەمەن 36 ساڵەو حەزێكی زۆری بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان هەیە، فۆكس لەكاتی گەڕان لە تۆڕی ئینتەرنێت بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلێك، توشی سوپرایزێك بووە كە یادەوەرییەكانی گەڕاندووەتەوە بۆ 25 ساڵ پێشتر.

ماڵپەڕی فۆكس نیوز باسی لەوە كردووە، دانیال لەكاتی گەڕانیدا چاوی بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری مینی كوپەر كەوتووەو هەستیكردووە شێوەكەی لەبەرچاویدا ناسراوەو تاڕادەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلەكەی باپیری دەچێت كە ساڵی 1983 كڕیویەتی و تا مردنی لە ساڵی 1990 بەكاریهێناوە.

دانیال دوو ژمارەی كۆتایی ئۆتۆمبێلەكەی باپیری بیرماوە كاتێك سەیری ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلەش دەكات دەبینێت هەمان شتە، بەوەش دڵنیادەبێتەوە لەوەی ئۆتۆمبێلەكە هەر ئەوەی باپیرەیەتی، هەروەها هەمان ئەو تایانەی لە ژێردا بووە كە باپیری بەكاریهێناوەو ڕادیۆكەشی وەكخۆی ماوەتەوە.

دانیال دەڵێت"بەبینینی سەرجەم یادگارییەكانی منداڵیم بیركەوتەوە، بەتایبەت كە لە بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكە یاریم دەكرد، لەوكاتەدا تەمەنم شەش ساڵ بوو، بەشی پشتەوەش پشتێنی سەلامەتی نەبوو، بۆیە بەردەوام سەرقاڵی یاریكردن بووم."

ئۆتۆمبێلەكە 20 ساڵ لەمەوبەر دزراوەو بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لە گەراجێكدا هەڵگیراوە، هەرچەندە لەئێستادا كارناكات، بەڵام شێوازی هەڵگرتنەكەی وایكردووە بە جوانی و پاكی بمێنێتەوەو دانیال ناچاربووە بە پارەیەكی زۆر بیكڕێتەوە.

دانیال فۆكس دەیەوێت مینی كۆپەرەكە چاكبكاتەوەو بەشداریی ئەو مەراسیمانەی پێبكات كە تایبەتن بە یادی دروستكردنی 60 ساڵەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە.