نەریتێكی نامۆی هۆزێكی هیندی بۆ پاراستنی ژنەكانیان لە ڕفاندن

11-02-2019 10:19


پەرەگراف


بە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك وێنەی ژنانی هۆزی (ئاپاتانی)ی هیندی، نەرتێكی ئەو هۆزە بۆ پاراستنی ژنەكانیان لە مەترسیی ڕفاندن لەلایەن هۆزەكانی دیكەوە خراوەتەڕوو.

وەك لە وێنەكاندا دەركەوتووە كە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردوونەتەوە، ژنانی هۆزی ئاپاتان بە دانانی دوو پارچە كانزا لەسەر هەردوو دیوی لوتیان و كوتانی خاڵ لە بەشەكانی دیكەی دەموچاویان، خۆیان لە ئافرەتانی هۆزەكانی دیكە جیاكردووەتەوە، تا لە مەترسیی ڕفاندن پارێزراو بن.

لە هەموو وێنەكاندا ژنانی بەتەمەنی ئاپاتانی دەردەكەون، ئەمانە دوایین جیلی ئەو ئافرەتانەن كە ئەو داب و نەریتەی هۆزەكەیان جێبەجێ‌ كردووە.

ئاپاتانییەكان، یان وەكو خۆیان دەڵێن (تانیس)ـەكان، هۆزێكی كۆچەریی بانی ئاپاتانن، لە گوندی زیرۆی ناحیەی سوبانسیری لە ویلایەتی ئاینچال پرادیشی هیندستان دەژین.

بەپێی باوەڕێكی كۆنی خۆیان، كچانی ئاپاتانی هێندە جوان بوون، كە هەمیشە ترسی ڕفاندنیان لەسەر بووە. هەر بۆیە لەپێناو پاراستنی ئافرەتەكانیان، پیاوە دەستڕۆیشتووەكانی هۆزەكە پێشنیاریان كردووە كە دەموچاوی ئافرەتەكانیان بەو شێوەیە دیاری بكەن، تا بەهۆی ناشیرینبوونیانەوە پیاوانی هۆزەكانی دیكە چیتر نەیان ڕفێنن.

لەگەڵ ئەوەی مەترسیی ڕفاندن پاش تێپەڕینی چەند سەدە ڕەوییەوە، بەڵام هۆزی ئاپاتان دەستی لەم نەریتەی خۆی هەڵنەگرت، تا ئەوەی لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا حكومەتی هیندستان ئەو نەریتەی قەدەغە كرد.

هۆزی ئاپاتان ژمارەیان 60 هەزار كەس دەبێت، كە تائێستاش بەبێ‌ سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێ‌ و بەكارهێنانی ئاژەڵ، كشتوكاڵ دەكەن.

ئاپاتانی، كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارانەیە. ژنانی ئاباتانی ڕۆڵی سەرەكی لە كردنی كشتوكاڵدا دەگێڕن. ژنانێك كە لەژێر باری سەختی ژیاندان، بەڵام هەمیشە پێدەكەنن.