بۆ وەرگرتنی پارە لە باوكی، پیلانی ڕفاندنی خۆیی داڕشت

12-02-2019 05:41


پەرەگراف


گەنجێكی دانیشتووی شاری بەغدا بۆ ئەوەی 100 هەزار دۆلار لە باوكی بسەنێت، پیلانێكی بۆ ڕفاندنی خۆی لەلایەن هاوڕێكانییەوە داڕشت، بەڵام دەستەكەی كەشف بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "كەسێك لە شاری بەغدا نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی لە ناوچەی مەنسوور لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە ڕفێندراوە."

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، دوای ئەوەی دەست بە لێكۆڵینەوە لەسەر دۆسیەكە كراوە، لە ڕێگەی كۆكردنەوەی زانیاری لە سەرچاوە نهێنییەكان و بینینی دیمەنەكانی كامێراكانی چاودێری، هێزە ئەمنییەكان كەسەكەیان دۆزیوەتەوە.

دوای لێكۆڵینەوەی ورد لەگەڵ كەسەكە، بەرپرسانی ئەمنیی بۆیان دەركەوتووە، ئەو كەسە بە هیچ شێوەیەك ڕووبەڕووی ڕفاندن نەبووەتەوە، "بەڵكو خۆی لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێی ڕێككەوتووە بۆ ئەوەی بیڕفێنن و دواتر كەسوكارەكەیشی لە ڕفاندنەكە ئاگادار بكەنەوە."

سەعد مەعن ئەوەشی خستووەتەڕوو، "كەسەكە هەوڵی داوە لەو ڕێگەیەوە لە بەرانبەر ئازادكردنی ١٠٠ هەزار دۆلار لە باوكی وەربگرێت."

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ڕەوانەی دادوەر كراوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر ئەو كەسە بگیرێتەبەر.