پەرەگراف
هاوڵاتیانی عێراق سێ بەشی مووچە و داهاتی مانگانەیان لەبازاڕكردنو كڕینی كەلوپەلە جیاوازەكاندا خەرج دەكەن، زۆرترین پارەی خەرجكراو بۆ خواردن دەڕوات.
ماڵپەڕی نۆمیبۆ لە نوێترین ڕاپۆرتیدا كە لەم مانگەدا ئەنجامیداوە، ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو بازاڕكردنەی بۆ كڕینی خواردنە سەرەكییەكانی ڕۆژانەیە، زۆرینەی موچەی عێراقییەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەجۆرێك 31.2%ی داهاتی مانگانەی هاوڵاتیان بۆ كڕینی نان و پەنیر، پەتاتە و تەماتە و ئاوی بوتڵ و پەرداخە پلاستیكییەكانە."
لە دوای خواردن، كرێی شوێنی نیشتەجێبوون لە پلەی دووەمدایە، كە 21.7%ی داهاتی مانگێكی بۆ تەرخان دەكرێت، لە پلەی سێهەمیشدا خەرجیی چێشتخانە و ڕێستۆرانتەكان هەن كە لەمانگێكدا 14%ی مووچە بۆ خواردن لەو شوێنانە خەرج دەكرێت، چونكە نرخی ژەمی خواردنی دوو كەس لە چێشتخانەیەكی مامناوەند لە بەغداد نزیكەی 30 دۆلاری ئەمەریكییە.
كرێی گواستنەوەی گشتی و تەكسی، پێویستی بە 11.2%ی داهاتی مانگێك هەیە، چونكە كرێی تەكسی بۆ دووری یەك كیلۆمەتر نزیكەی 2.52 دۆلار و بۆ ماوەی كاتژمێرێكیش دەگاتە 10 دۆلار.
كرێی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك ئاو و كارەبا و خۆڵ 9.9%ی مووچە و داهاتی مانگێكی عێراقییەكانی پێویستە، بەدوایدا وەرزشكردن و پشوودان هەن كە 9%ی داهاتی دەوێت لە مانگێكدا، بەوپێیەی نرخی بەشداریی كەسێك لە هۆڵێكی وەرزشكردن بۆ ماوەی مانگێك دەگاتە 40.45 دۆلار، هەروەها بەكرێگرتنی یاریگایەك بە قەبارەی یاریگای تێنس نرخەكەی 23.56 دۆلارە.
سەبارەت بەو داهاتەی بۆ كڕینی جلوبەرگ خەرج دەكرێت ماڵپەڕی نۆمبیۆ باسی لەوە كردووە، 2.8%ی داهاتی مانگێك بۆ كڕینی جلوبەرگ و پێڵاوە، چونكە نرخی كاوبۆیەك بە 35.17 دۆلارە و جوتێك پێڵاوی پیاوانەش نرخەكەی دەگاتە 53.66 دۆلار.
ماڵپەڕی numbeo ساڵی 2009 دامەزراوە و چەندین كەناڵ و ماڵپەڕی جیهانی پشت بە زانیارییەكانی دەبەستن و وەك سەرچاوە بەكاریدەهێنن، لەوانە (BBC, TIME, The New York Times, Washington Post, The Telegraph) وە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی دیكە.