چیرۆكی لە دایكبوونی دوانەیەك لە دوو باوكی جیاواز

17-02-2019 02:45
دوانەكە لە باوەشی باوكیاندا.


پەرەگراف

دوانەیەكی لەیەك نەچوو، كوڕەكە ناوی كالدرو كچەكە ناوی ئەلیكساندرایە، تەمەنیان 19 مانگە، تائێرە حاڵەتەكە بابەتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی سەیرەو جێی سەرنجە، ئەو دوانەیە لە دوو باوكی جیاوازن، باوكی كالدر ناوی (گرایمی)ە و باوكی ئەلیكساندرا ناوی (سایمون)ە.

سایمون و گرایمی كاتێك ویستیان ببنە باوك و منداڵ بخەنەوە ئەركێكی قورس و مەحاڵ بوو، چونكە ئەوان یەكێك لەو ژمارە كەمەی هاوسەرانن لە بەریتانیا كە پێویستیان بە پیتاندنی دەستكردە، بۆیە لەهەمان كاتدا دوو كۆرپەلەیان لە منداڵدانی خانمێكدا چاند.

كارەكە زۆر درێژ و ئاڵۆز بوو، چونكە پێویستبوو لەسەر هەریەكێكیان هێلكەیەكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ پیتاندنیان.

لەسەرەتادا بیرۆكەكە ئەوەبوو هەریەكەیان ببێتە خاوەنی منداڵێك لە خانمێكی جیاواز، دواتر ئەو ناوەندەی ئەركی گەڕانی لەئەستۆ گرتبوو بەدوای هێلكەی گونجاودا بۆ پیتاندن، پێیڕاگەیاندن دەتوانرێت كۆرپەی هەردووكیان لە منداڵدانی یەك خانمدا بچێنرێت.

هەرچەندە سایمۆن و گرایمی لە بەریتانیا دەژین، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی بیرۆكەكە ناچاربوون گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن، لەسەرەتادا چونەتە ئەمەریكا و لەوێ هێلكەی خانمێكی نەناسراویان دەستكەوتووە كە بڕیاریداوە ژمارەیەك لە هێلكەكانی ببەخشێت، دواتر لە لاس ڤیگاس هێلكەكانی ئەو خانمە كراوە بە دوو بەشەوە، بەشی یەكەمیان بە سپێرمەكانی سایمۆن پیتێنراوە، بەشەكەی دیكەش بە تۆوی گرایمی پیتێنراوە.

دواتر هێلكە پیتێنراوە بەهێزەكان براوەتە كەنەداو لەوێ لە منداڵدانی خانمێكدا چێنراون، كەناوی میگ ستۆنە و ئامادەیی نیشانداوە ببێتە دایكێكی جێگرەوەو هێلكە پیتێنراوەكانی ئەو دوو پاوە لە منداڵدانیدا هەڵگرێت، بەوەش دوانەكە لەهەمان دایكی بایۆلۆجین و دوو باوكی جیاواز و یەك دایكی جێگرەوەن.

دوانەكە لە باوەشی میگ ستۆندا كە لە نێوان دوو باوكەكەدا وەستاوە.

سایمۆن دەڵێت "بۆیە كەنەدامان هەڵبژارد چونكە یاساكانی تاڕادەیەكی زۆر لە بەریتانیاوە نزیكە و پشت بە قازانج نابەستێت و گرنگییەكی زۆر بە هەستی كەسەكان دەدات".

دوو باوكەكە دوای دانانی هێلكە پیتێنراوەكان لە منداڵدانی دایكە جێگرەوەكەدا، دەگەڕێنەوە بەریتانیاو لەڕێی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە هەواڵی سەركەوتنی ئەزمونەكەیان پێدەگات.

گرایمی دەڵێت "لەكاتی بیستنی هەواڵەكەدا هەستێكی جیاواز و تێكەڵمان هەبوو، دڵخۆشییەكەمان وەسف ناكرێت".

ئەو دوو باوكە شەش هەفتە پێش لەدایكبوونی منداڵەكانیان چونەتە كەنەدا، بۆ ئەوەی لەساتی لەدایكبوونیان لەوێ ئامادەبن.

سایمۆن و گرایمی دەڵێن "دەمانەوێت لەگەڵ دایكە جێگرەوەكە پەیوەندییەكی بەهێزو بەردەواممان هەبێت، هەروەها دەمانەوێت منداڵەكانمان پەیوەندییان لەگەڵ دایكە بایۆلۆجییەكەیان هەبێت كە هێلكەكانی خۆی پێبەخشین."

سەبارەت بە خستنەوەی منداڵی دیكە بەو ڕێگەیە ئەو دوو باوكە دەڵێن، كارەكە لێرەدا ناوستێت و كۆتایی نایەت، هیچ شتێك مەحاڵ نییە.