بە وێنە؛ گەشتێك بۆ ئوتێلە سەهۆڵینەكەی یابان

18-02-2019 01:02


پەرەگراف


یابان، وڵاتی ئوتێلە سەرنجڕاكێشەكانە، بەڵام لە دروستكردنی جیاوازترین ئوتێلیشدا هەر پێشەنگە.

ئوتێلی سەهۆڵینی هۆشینۆ، لە گوندی تۆمامۆی دوورگەی هۆكایدۆ (دووەم گەورەترین دوورگەی یابان) دروست كراوە، كە ناوچەیەكی بەستەڵەكە.

جگە لەو كیسە خەوەی لە ژوورەكاندا هەیە، سەرجەم كەلوپەل و پێداویستییەكانی ئوتێلەكە لە سەهۆڵ دروست كراون، بەڵام ئەم ئوتێلە تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراوی وەرزی زستان بونیاد نراوە.

پلەی گەرما لەم ناوچەیە لە وەرزی زستاندا تا 30 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.

ئوتێلەكە لە سەرەتاكانی مانگی دوانزدە بە ڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوەو تا ناوەڕاستی مانگی سێ‌ درێژە بە كاركردن دەدات.

مانەوەی هەر شەوێك بۆ یەك گەشتیار لە ئوتێلەكەدا، نرخەكەی 205 دۆلارە.

لێرەدا گەشتێك بەناو پێكهاتە و شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم ئوتێلەدا دەكەین.

لەم ناوچە گەشتیارییە، چەندین یاریی گونجاو بۆ گەشتیاران دابین كراوە، كە دیارترینیان خلیسكانی سەر بەفر، ئۆتۆمبێلی سەر بەفر، ماسیگرتنە.

ئوتێلەكە زیاتر لە 20 ڕیستۆرانتی هەیە، كە هەندێكیان كەشێكی كراوەیان هەیە.

لەم ئوتێلەدا كافتریایەك هەیە كە سەرجەم پێداویستییەكانی لە سەهۆڵ دروست كراون. كافتریاكە چەندین تاقی پڕ لە كتێبیشی تێدایە. هەروەها چەند ژوورێكیش بۆ كۆڕ و گفتوگۆی خوێنەران دروست كراون.

ژوورەكانی ئەم ئوتێلە لە شێوەی ماڵی ئەسكیمۆكان بونیاد نراوە. دیوار و سەقف و سەرجەم پێداویستییەكانی وەكو تەپڵەك و قەنەفە و سیسەمی خەوەكان، لە سەهۆڵ دروست كراون، بەڵام كیسێكی خەو بۆ گەشتیارەكان دابین كراوە كە بۆ نووستن لە شوێنێكی وەها سارددا گونجاو بێت.

ئوتێلەكە هۆڵێكی سەهۆڵینی هەیە كە گەشتیاران تێیدا پشوو دەدەن و بە ڕووی ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەدا كراوەیە.

خواردنەوەكانی ئەم كافتریایە لە پەرداخی لە سەهۆڵ دروستكراودا پێشكەش بە گەشتیاران دەكرێن.

گوندی تۆمامۆ هەروەها كڵێسایەكی سەهۆڵینیشی هەیە، كە پێداویستییەكانی ڕێكخستنی مەراسیمی هاوسەرگیریی بۆ دابین كراوە.