پەرەگراف
كوللـە، یەكێكە لە خواردنە دیار و دێرینەكانی كوەیتییەكان، كە ئێستا خواردن و كڕین و فرۆشتنی بە شێوەیەكی بەربڵاو لەو وڵاتە دەركەوتووەتەوە.
كوەیتییەكان زۆر جار خۆیان ڕاوی كووللـە دەكەن، یاخود لە بازاڕەكاندا دەیكڕن. لەو كاتانەشدا كە ڕەوە كوللـە سەرهەڵدەدات و بە ژمارەیەكی زۆر ئەم گیاندارە دەردەكەوێت، وەكو ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە هەیە، هەندێك كەس لە ڕێگەی تۆڕ و پێداویستیی تایبەتەوە ڕاوی كوللـە دەكەن و دەیبەنە بازاڕەكان بۆ فرۆشتن.
كوللـە لە كوەیت لە سەروبەندی دەركەوتنی دومەڵاندا بە شێوەیەكی بەرفراوان هەیە، هەر بۆیە بەیانیان لە بازاڕی فرۆشتنی دومەڵاندا كوللـەش كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێـت.
نرخی یەك توورەكە كوللـە لە نێوان چوار بۆ هەشت دیناری كوەیتیدایە، كە دەكاتە 13 بۆ 26 دۆلاری ئەمەریكی.
جۆرە دیارەكانی كوللـە لە كوەیت بریتین لە (مەكن، زوعێری)، هەندێك جۆریشیان بە (چۆلەكە) ناو دەبرێن.
قورئانخوێنی بەناوبانگی كوەیتی (مشاری راشد العفاسی) لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆی لە كاتی خواردنی كوللـەدا بڵاوكردووەتەوە، كە بە تام و چێژێكی تایبەتەوە كوللـەكان دەخوات. ناوبراو لەسەر گرتە ڤیدیۆییەكە نووسیویەتی "ژەمێك كوللـەی دەگمەن."