بە ڤیدیۆ؛ دوو هاوسەر لە 12 مانگدا 12 هاوسەرگیرییان لە 12 وڵات ئەنجام دا

20-02-2019 12:47


پەرەگراف


بە لای زۆر كەسەوە دانانی پلان بۆ هاوسەرگیری، كارێكی قورس و ماندووكەرە، بەڵام ژن و مێردێكی دانیشتووی كالیفۆڕنیا لە 12 مانگدا 12 جار لە 12 وڵاتی جیاواز و هاوسەرگیرییان ئەنجام داوە.

تێنجی و تایلەر، یەكەم جار لە كالیفۆڕنیا بە ئامادەبوونی كەسوكارەكەیان هاوسەرگیرییان كردووە.

دواتر بڕیاریان داوە كە پڕۆسەی هاوسەرگیری لە چەند وڵاتێكی دیكەیش ئەنجام بدەن، لەوانە ئیتاڵیا، ئیرلەندا، تایلەند، ئیسرائیل، كووبا، ئەندۆنیزیا‌و چەند وڵاتێكی دیكە.

تێنجی دەڵێت "ئەو كارەی بۆیە ئەنجام داوە كە ببێتە یادگارییەكی دیار و گەورە بۆ هاوسەرەكەی."

تایلەر بۆ یەكەم هاوسەرگیریی ئەو جلە بووكێنییەی لەبەر كردووە كە داپیرەی بۆی كڕیوە، بەڵام بۆ هاوسەرگیرییەكانی دیكەی بە گشتیی جلی جیاوازی لەبەر كردووە. ئەو دەڵێت "هەرگیز زیاتر لە 100 دۆلاری بە جلی بووكێنی نەداوە."

تایلەر ئاماژەی بەوە كردووە كە گەشتەكەیان ئاسان بووەو لە ڕووی مادییەوە زۆر لەسەریان قورس نەبووە، چونكە خۆی كارمەند بووە لە تیمی پێشوازیی فڕۆكە، بەو هۆیەشەوە گەشتەكانیان بە بێبەرانبەر ئەنجام داوە.

تایلەر دەڵێت "خۆشترین وڵات بەلایانەوە یابانە."

ئەم دوو هاوسەرە لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا بۆ 13یەم جار هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن؟ وتوویانە: ڕۆژی ڤالانتاین 13یەمین و كۆتا هاوسەرگیرییان بووە.