لە هیندستان 50 كەس بەهۆی خواردنەوەی كحولیی ساختە گیانیان لەدەستدا

23-02-2019 04:33


پەرەگراف

پۆلیسی هیندستان ڕایگەیاند، لەدوو ڕووداوی جیاوازدا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، 50 كەس گیانیان لەدەستداوە و 50ی دیكەش تووشی چەند نەخۆشییەكی جیاوازبوون‌و ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، ئەوەش بەهۆی خواردنەوەی جۆرێكی ماددەی كحولیی پیسبوو و ساختە.

جۆلی سۆنوال، ئەفسەری پۆلیس، لەو بارەیەوە دەڵێت، قوربانییەكان كرێكارانی كیڵگەكانی چان لە ویلایەتەكانی گۆلگات‌و جۆرهات لەهەرێمی ئاسام، بەهۆی ڕووداوەكەشەوە پێنج كەس لە دروستكەرانی خواردنەوەی كحولیی دەستگیركراون.

بەپێی پشكنینەكان دەركەتووە ئەو خواردنەوە كحولییە بە میسیل پیسبووە، كە جۆرێكی ماددەی كیمیاوییەو كاریگەری لەسەر كۆئەندامی دەماری ناوەندیی مرۆڤ دروست دەكات و كەسەكە بێهۆش دەكات، دواتریش بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدات.

ساڵانە چەندین ڕووداوی هاوشێوە لەو وڵاتە تۆمار دەكرێت، چونكە خەڵكێكی زۆر بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن ئەو خواردنەوە كحولییانە بكڕن كە بە كوالێتییەكی بەرز دروستكراون، بۆیە پەنا دەبەنەبەر ئەو خواردنەوانەی لەناوخۆدا دروست دەكرێن لەبەرئەوەی نرخیان هەرزانە، زۆركاتیش ماددەی ژەهراوییان تێدەكرێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی بەهێزیان هەبێت، ئەوەش مرۆڤ تووشی مەترسی دەكات.