نەهەنگێكی پشت چەماوە بە مردوویی دۆزرایەوە؛ پسپۆڕانی تووشی سەرسوڕمان كرد

25-02-2019 09:55


پەرەگراف- بەرهەم كامیل


نەهەنگێكی پشت چەماوەی 11 مەتریی بە مردووی لە دارستانی ئەمازۆن، چەندەها كیلۆمەتر دوور لە شوێنی ژیانی سروشتیی خۆی دۆزرایەوە، پسپۆڕان لە بەڕازیل سەریان سوڕماوە لەوەی كە چۆن ئەو گیانەوەرە 10 تەنییە لەو ناوچە دارستانییەدا ماوەتەوە نزیكەی 15 مەتر دوور لە دەریاوە.

ئەو شیردەرە دەریاییە، هەینی ڕابردوو دۆزرایەوە لە ناو گژ و گیایەكی زۆر لە دوورگەی ماراهۆ لە قەراخی دەریای ئارارونا، لە كۆتاییەكانی ڕووباری ئەمازۆن.

زانایان وای بۆ دەچن كە ئەو بوونەوەرە لەناو دەریادا مردووە و باری سەخت و ناهەموار و هەڵچوون و داچوونی بڵندی دەریا هەڵیداوەتەسەر وشكایی.

تیمێك لە دامەزراوەی سێما، ڕۆیشتوون بەرەو ناوچەكە بۆ ئەوەی زیاتر پشكنین بۆ پاشماوەكان بكەن و زانیاریی كۆبكەنەوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم گیاندارە ئاوییە گەیشتووەتە ئەو دارستانە، وتیشیان وا پێشبینی دەكرێت كە نەهەنگەكە بەچكەیەكی تەمەن 12 مانگ بێت.

دامەزراوەی سەربەخۆی بیشە داگواش كە بنكەكەیان لەو دورگەیەیە، لە پۆستێكی فەیسبووك بڵاویان كردەوە كە وای بۆ دەچن بەچكەكە لە درەختەكان تێكئاڵاوە لە دوای ئەوەی بە شەپۆلی بڵند هەڵدراوەتەسەر كەناراوەكە.

هاوكات گۆڤاری مەریتایم هێراڵد، پێشبینی ئەوە دەكات كە گیاندارەكە بەهۆی قوتدانی پلاستیك مردبێت و دوایی لاشەكەی بەرەو وشكانی هەڵدراوە.

دیرلین سیلڤا لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگە بە میدیایەكی بەڕازیلی ڕاگەیاند"ئێمە لاشەی ئەو نەهەنگەمان دۆزییەوە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە باڵندەی گۆشت خۆر لەو ناوچەیە لەسەر لاشەكەی. داڵەكان بەشێوەیەكی بازنەیی لە دەوروبەری كەلاكەكە دەفڕین كە لە دووریی چەند كیلۆمەترێك لە دەریا لە ناو دارستانەكە دۆزرایەوە."

زیندەوەرزانەكانی دامەزراوەی بیشە داگواش پەیوەندییان پێوە كراوە تا نموونە لە گیانی بوونەوەركە وەربگرن بۆئەوەی بڕیاری هۆكاری مردنەكەی بدەن.

پێیانوایە ئەو گیاندارە گەورەیە، كە نزیكی 2 مەتر پانە، پێشتر مردووەو پاشان شەپۆلە بەهێز و سەختەكان گواستویانەتەوە بۆ ئەو شوێنە ناسروشتییەی كە لێی گیر بووە.

زیندەوەرزانەكان ئەوەشیان خستەڕوو، نەهەنگی پشت چەماوە بەرەو باكور ناڕوات و ئەوە حاڵەتێكی دەگمەنە كە نەهەنگەكە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە، هەروەها پێیانوایە كە ئەو بەچكەیە لەوانەیە لەگەڵ دایكەكەی گەڕابێت‌و ون بووبێت یان جیا بووبێتەوە لێی لەكاتی خولی كۆچكردن لە بەینی دوو كیشوەر.

توێژەران دەڵێن، هیچ هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرا نییە كە بۆچی مردووەو تەنها بە شیكاریی جەستەكەی هۆكاری مردنەكەیان بۆ دەردەخات، وا پێشبینی دەكرێت تاقیكردنەوەكان نزیكەی 10 ڕۆژی پێ بچێت.

لە ئێستادا هیچ پلانێك نییە بۆ ئەوەی ئەو نەهەنگە لاببەن لەبەر قەبارە گەورەكەی و كێش‌و شوێنەكەی. توێژەران هەوڵدەدەن كەلاكەكەی بنێژن و ئێسكەكانی بنێرن بۆ مۆزەخانەی مێژویی سروشتی گۆڵدی لە بێلیم بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر.