توێژینەوەیەك پەیوەندیی نێوان كەسایەتیی سەگ‌و خاوەنەكەی ئاشكرا دەكات

25-02-2019 10:09


پەرەگراف- خەزان جەنگیز


گوتراوە كە ناتوانی سەگێكی بەتەمەن فێری ڕەفتار و شێوازی تازە بكەیت، بەڵام كە دێتەسەر باسی كەسایەتی، وا پێدەچێت كە سەگ بەردەوام پێش دەكەوێت بە درێژایی ژیانی.

توێژینەوەیەكی نوێ ئەوەدەردەخات كە كەسایەتی سەگ ئەگەری گۆڕانی هەیە بەپێی تێپەڕبوونی كات- تەنانەت بۆی هەیە وابكات هاوتای خاوەنەكەی بێت.

ئەو توێژینەوە نوێیە ئەو گریمانانەی پێشوو ڕەتدەكاتەوە كە دەڵێن، كەسایەتی سەگ بە گشتیی ناگۆڕێت بەهۆی ئەو ژیانە جێگیرەی كە بە گشتی بەڕێی دەكەن.

بەگوێرەی لێكۆڵەران، ئەنجامەكان پێشنیاری ئەوەدەكەن كە سەگ ئەزموونی گۆڕانی كەسایەتی دەكات هاوشێوەی مرۆڤەكان لەماوەی ژیانیاندا.

بەڕێوەبەری توێژینەوەكە، ویلیام چۆپیك، پڕۆفیسۆری سایكۆلۆژیا لە زانكۆی میشیگەن ستەیت، دەڵێت"كاتێك مرۆڤەكان ڕووبەڕووی گۆڕانی گەورە دەبنەوە لە ژیانیاندا، تایبەتمەندیی كەسایەتیشیان دەكرێت بگۆڕێ. ئێمە بۆمان دەركەوت كە ئەم حاڵەتە لە سەگیشدا ڕوودەدات‌و بە ڕێژەیەكی زۆر گۆڕانی بەسەردا دێت. ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە كەسایەتی سەگ جێگیر بێت لەبەرئەوەی ئەوان گۆڕانی شێوازی ژیانیان وەكو مرۆڤ سەخت و دژوار نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان زۆر دەگۆڕێن. ئێمە لێكچوونمان لەگەڵ كەسایەتی خاوەنەكانیشیان بۆ ئاشكرا بوو، كاتی گونجاویان بۆ مەشق پێكردن، تەنانەت ئەو كاتانەی ژیانیان كە دڕتر و شەڕانگێزتر دەبن بەرامبەر ئاژەڵەكانی دیكە".

لە لێكۆڵینەوەكەدا كە لەلایەن زانكۆی میشیگەن ستەیت بەڕێوەچووە، لێكۆڵەران توێژینەوەیان لەسەر زیاتر لە هەزارو 500 خاوەنی سەگ كردووە.

ئەمەش 50 جۆر سەگی جیاوازی لەخۆگرت، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ كە تەمەنیان لە نێوان چەند هەفتەیەك بۆ 15 ساڵ دەبوو.

خاوەنی سەگەكان ڕاپرسییان پێ درا دەربارەی كەسایەتی خۆیان و سەگەكانیان، ئەمەش چەند لێكچوونێكی ئاشكرا كرد.

لێكۆڵەرێك بەناوی چۆپیك گوتی"پەیوەندی هاوبەشمان لە سێ بواری جیاواز دۆزییەوە: تەمەن و كەسایەتی، لێكچوونی كەسایەتی مرۆڤ لە سەگ‌و ئەو كاریگەرییەی كەسایەتی سەگەكە هەیەتی لەسەر سروشتی پەیوەندییەكەی لەگەڵ خاوەنەكەی. سەگە بەتەمەنەكان مەشق پێكردنیان سەختترە؛ ئەوەمان دۆزییەوە كە لە دەوروبەری تەمەنی 6 ساڵی باشترین كاتە بۆ ئەوەی سەگ فێری گوێڕایەڵی بكەیت، لە پاش ئەوەی تەمەنە بەچكەییە جۆش و خرۆشیەكەی دەردەچێت و لە پێش ئەوەی جێگیر بێت لە شێواز و ڕەفتارەكانی."

مرۆڤی كراوە سەگەكانیان بە چووست‌و چالاك و دڵخۆش هەڵدەسەنگێنن، لەكاتێكدا ئەو خاوەنەی هەستی نەگەتیڤیان زۆترە مەیلی ئەوەیان زیاترە كە سەگەكانیان بە ترسنۆك یان زیرەك هەڵنەسەنگێنن لەكاتی مەشق پێكردن.

لە لێكۆڵینەوەكانی داهاتوودا، چۆپیك پلانی ئەوەی هەیە تیشك بخاتەسەر ئەو كاریگەرییانەی ژینگەی ماڵیی سەگێك دەكرێت هەیبێت لەسەر هەڵسوكەوتی، "ئێستا كە ئێمە دەزانین كەسایەتی سەگ دەتوانێت بگۆڕێت، دوای ئەوە دەمانەوێت پەیوەندیی بەهێز دروست بكەین بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی سەگەكان بەو شێوەیە هەڵسووكەوت دەكەن و دەگۆڕێن."