بە تاوانی كوشتنی هاوسەر و منداڵەكەی 38 ساڵ بە هەڵە زیندانی كرا

26-02-2019 12:00
كرەیگ كۆوڵی ساڵی 2017 بێتاوانیی سەلمێندرا


پەرەگراف

پیاوێك لە ویلایەتی كالیفۆڕنیای ئەمەریكا بە تاوانی كوشتنی هاوسەر و منداڵەكەی، 38 ساڵ زیندانی كرا، بەڵام پاش سەلماندنی بێتاوانیی،21 ملیۆن دۆلاری وەكو قەرەبووی ئەو ساڵانەی بەهەڵە زیندانیكردنی وەرگرت.

بەپێی هەواڵێكی بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەو پیاوە كە ناوی (كرەیگ كۆوڵی)یە، ساڵی 1987 بە تاوانی كوشتنی هاوسەر و منداڵەكەی سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام پشكنینی دی ئێن ئەی لە ساڵی 2017 نیشانی دا كە ئەو بێتاوانە.

بەپێی هەواڵەكە، "كرەیگ كۆوڵی درێژترین ماوەی زیندانیكردنی لە كالیفۆڕنیا تێپەڕاندووە كە تا ئێستا لەو ویلایەتەدا هیچ زیندانییەك 38 ساڵ لە زینداندا نەبووە."

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، ئەو پیاوە 71 ساڵە، قەرەبووەكەی خۆی بەپێی ڕێككەوتنێك لە دەرەوەی دادگا لە شاری سیمیڤاڵی وەرگرتووە.

ئیریك لەڤیت، بەڕێوەبەری ئیداریی سیمیڤاڵی، دەڵێت"لەگەڵ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەك قەرەبووی ئەو ڕووداوە بۆ كرەیگ كۆوڵی ناكاتەوە، بەڵام پێمان وابوو ئەم قەرەبووكردنەوەیە هەنگاوێكی دروستە بۆ ئەو و كۆمەڵگەكەشمان."

ئەو دەشڵێت"ئەگەر لە ڕێگەی دادگاوە ئەم هەنگاوەمان بنایە، ئەوا خەرجییەكی زۆری دەویست، بۆیە خۆمان بڕی قەرەبووەكەمان دیاری كرد."

چیرۆكی تاوانباركردنی ئەم پیاوە كاتێك سەری هەڵدا كە هاوسەرە 24 ساڵانەكەی بە ناوی (ڕۆندا وێچ) پاش ئەوەی دەستدرێژیی كراوەتەسەر، لەگەڵ منداڵەكەیدا خنكێندراون.

هاوسەرو منداڵەكەی

پاش ماوەیەك لە نەدۆزینەوەی تاوانبارەكە، پۆلیس گومانی لە كۆوڵی كردووە، بە تایبەت پاش ئەوەی دراوسێیەكی بە پۆلیسی وتووە "بەر لە ڕووداوەكە گوێی لە هاوار و دەنگە دەنگ بووە لە ماڵەكەدا و دواتریش كۆوڵیی بینیوە."

دوای دوو دانیشتنی دادگا، ئەم پیاوە بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی و بێ‌ لێخۆشبوون سزا دراوە.

كرەیگ كۆوڵی پاش ئازادكردنی وتی"زۆر بە ئازار بوو كە نزیكەی 40 ساڵ نەمتوانی شیوەن بۆ ئەو هاوسەر و منداڵەم بكەم كە عاشقیان بووم."

كۆوڵی بە هاوكارییەكانی مایك بەندەر ئازاد بوو، كە ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوە بوو، هەر لە ساڵی 1989 گومانی لە دروستیی دۆسیەكە كردبوو.

لەگەڵ ئازادكردنی كرەیگ كۆوڵی، تا ئێستا نەتوانراوە بكوژی ڕاستەقینەی ژن و منداڵەكەی بدۆزرێتەوە.