گایەك خاوەنی كێشێكی نائاساییەو لە سەربڕین ڕزگاری بووە

26-02-2019 11:04


پەرەگراف


گایەك لە ئوسترالیا خاوەنی كێشێكی نائاساییەو بەهۆی قەبارەكەشیەوە لە سەربڕین ڕزگاری بووە.

نیكەرز، ناوی گایەكە لە ئوسترالیا كە گەورەترین گایە لەو وڵاتـەدا. ئەم گایە حەوت ساڵانەیەو كە لە جۆری (هۆڵشتاین – فرێزی)یە، بەرزییەكەی 194 سانتیمەترەو كێشەكەی هەزارو 400 كیلۆگرامە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرزیی سروشتیی مانگای جۆری (هۆڵشتاین - فرێزی) 125 سانتیمەتر و كێشی 700 كیلۆگرامە، بەو شێوەیەش نیكەرز بە كێش دوو هێندەی هاوڕەگەزەكانیەتی‌و بەرزیشی 69 سانتیمەتر لەوان زیاترە.

جێف پێرسن، خاوەنی گاكەیەو دەڵێت"نیكەرز بەهۆی قەبارە گەورەكەیەوە لە سەربڕین ڕزگاری بووە، چونكە نەتوانراوە ببرێتە كوشتارگەو لەوێ‌ جێگەی نەبووەتەوە"، دەشڵێت"ئێمە مەڕ و مانگای زۆرمان هەیە، لە نێویاندا تەنیا نیكەرز چانسی بە زیندویی مانەوەی هەیە."

لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنەكەی چەند جارێك هەوڵی فرۆشتنی داوە، بەڵام هیچ مشتەرییەك لێی نەكڕیوە. جێف پێرسن دەڵێت"كەس خواستی كڕینی گایەكی بەو قەبارە گەورە و كێشە زۆرەوە نییە."

نیكەرز لەبریی سەربڕین، وەكو سەرگەورەی ناو گاگەلەكەی جێف پێرسۆن درێژە بە ژیان دەدات. مانگاكانی دیكە بە نیكەرزەوە پەیوەست بوون و هەر كات ئەو بیەوێت بڕواتە شوێنێك، ئەوانیش دوای دەكەون.

نیكەرز، گایەكی خەسێندراوە، بۆیە ناتوانرێت جیناتەكەی بۆ نەوەكانی دوای خۆی بگوازرێتەوە.

پێویستە بگوترێت نیكەرز گەورەترین گا نییە، بەڵكو گایەكی ئیتاڵیایی بە ناوی (بیلینۆ) كە بەرزییەكەی دوو مەتر و سێ‌ سانتیمەتر بووە، وەكو گەورەترین گا لە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان تۆمار كراوە.