بە ڤیدیۆ؛ هەشت كارمەندی ئاگركوژێنەوە مشكێكیان لە مردن ڕزگار كرد

28-02-2019 11:58


پەرەگراف

لە شاری بینزهایمی ئەڵمانیا، مشكێك كە لە كونی سەرەمەنهۆڵی یەكێك لە شەقامەكان گیری خواردبوو، نە دەیتوانی بێتە دەرەوەو نە بگەڕێتەوە ژوورێ‌، لەلایەن كارمەندانی ئاگركوژێنەوەوە ڕزگار كرا.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویكردووەتەوە، مشكەكە بەهۆی قەڵەوبوونەوە نەیتوانیوە لەو كونەوە تێپەڕێت، كە ڕەنگە پێشتر زۆر بە ئاسانی هاتووچۆی پێدا كردبێت، بەڵام دیارە ئەم زستانە خۆراكی باشی لەبەردەستدا بووەو زۆر قەڵەو بووە.

هەشت كارمەندی ئاگركوژێنەوە بەشدارییان لە پڕۆسەی ڕزگاركردنی ئەو مشكە لە مردن كردووە، دواتریش گەڕاندیانەوە بۆ ناو مەنهۆڵەكە.

پاش بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە، لەلایەن هاووڵاتیانەوە كاردانەوەی ئەرێنیی لێكەوتەوە و دەستخۆشی لەو تیمە كرا كە كارەكەیان ئەنجام دابوو.

ئەمە لە كاتێكدایە زۆر جاری دیكە هاووڵاتیان بەهۆی لەناونەبردنی ئەو جۆرە گیاندارە گلەیی لە كارمەندانی شارەوانی دەكەن.