بە وەرزش چارەسەری شێرپەنجەی كۆڵۆن بكە

05-03-2019 09:25


پەرەگراف

ئەوەی كە وەرزش بۆ سەلامەتی و تەندروستیی مرۆڤ گرنگ و بەسوودە، گومانی تێدا نییە، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ‌، وەرزش بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی كۆڵۆنیش زۆر بەسوودە.

بەپێی هەواڵێك كە ماڵپەڕی تابناكی ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، لێكۆڵەرانی هەردوو زانكۆی كوینزلاندی ئوسترالیا و واتەرلۆی كەنەدا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ گەیشتوون بەوەی كە وەرزش كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی گەشەی گرێی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەستوورە یان شێرپەنجەی كۆڵۆن.

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە ئەگەر تووشبووانی شێرپەنجەی كۆڵۆن ڕۆژانە ماوەیەكی كەمیش وەرزش بكەن، ئەوا كاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستییان دەبێـت.

هەروەها ئەنجامدانی چەند جارێكی هەندێك جۆری وەرزشی قورس كە لە ماوەیەكی كورتدا ئەنجام دەدرێن، كە بەهۆیانەوە لێدانی دڵ زیاد دەكات و وەرزشكارەكە چەورییەكی زیاتر لە ماوەیەكی كورتدا دەسووتێنێت بەراورد بە وەرزشەكانی دیكە، كاریگەریی بەرچاوی لەسەر چارەسەری شێرپەنجەی كۆڵۆن دەبێت.

بەپێی لێكۆڵینەوەكەی هەردوو زانكۆ ئوسترالی و كەنەدییەكە، تەنانەت ئەنجامدانی 12 جار وەرزشی قورس و ماوە كورت لە ماوەی چوار هەفتەدا، كاریگەریی گەورەی لەسەر چارەسەری شێرپەنجەی كۆڵۆن جێهێشتووە.

ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە گۆڤاری"Journal of Physiology" بڵاوكراوەتەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پێشتریش، دەركەوتووە كە وەرزش كاریگەریی گەورەی ئەرێنیی لەسەر نەخۆشییەكانی بیرچوونەوە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن هەیە.