كایلی جێنەر گەنجترین ژنی ملیاردێری جیهانە

07-03-2019 11:06


پەرەگراف


گۆڤاری ئابووریی فۆربیس بۆ ئەمساڵیش لیستی ملیاردێرەكانی جیهانی بڵاوكردەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە، بەهای كۆی گشتیی سامانی ملیاردێرەكانی جیهان لەمساڵدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێك كە لە ساڵی 2018دا بەهاكەی 9100 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ 8700 ملیار دۆلار دابەزیوە.

بۆ ئەمساڵیش جێف بێزەوس، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەمازۆن دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، هاوكات ڕاپۆرتەكە گەنجترین ژنی ملیاردێری جیهانی دیاریكردووە كە كایلی جێنەر-ی ئەمریكییە‌و تەمەنی 21 ساڵە.

مارك زوكەربێرگ، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری فەیسبووك، هەرچەندە پێگەی خۆی لە ڕیزی 10 ملیاردێرە یەكەمەكەی جیهاندا پاراستووە، بەڵام بەهای سامانەكەی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو كە لە 2018دا خاوەنی 71 ملیارد دۆلار بوو، لەمساڵدا بڕی هەشت ملیار و 700 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە.

بەهۆی دۆسیەكانی پەیوەست بە پارێزراونەبوونی زانیارییە تایبەتییەكانی بەكارهێنەرانی فەیسبووك، هەندێك لە پشكەكانی زوكەربێرگ بە ڕێژەی یەك لەسەر سێ‌ دابەزیوە.

لە سەرەوەی ئەو لیستەی فۆربیس بڵاویكردووەتەوە، (جێف بێزەوس، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەمازۆن) هەیە، كە خاوەنی 131 ملیار دۆلارە، ئەو، ساڵی ڕابردووش دەوڵەمەندترین كەسی جیهان بوو.

لە پلەی دووەمدا (بیڵ گەیتس، بەڕێوەبەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت) هەیە، كە سامانەكەی 96 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی سێیەمدا وارن بافت-ی ئەمریكی هاتووە كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای بێرك شێر هازەوەی-یەو سامانەكەی 82 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی چوارەمدا بێرنارد ئارنۆی فەڕەنسی هاتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای (lvhm)ـە و سامانەكەی 75 ملیارد دۆلارە.

لە پلەی پێنجەمدا كارلۆس سلیم هالۆی مەكسیكی هاتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای (Telmex)ـە و سامانەكەی 64 ملیارد دۆلارە.

لە پلەی شەشەمدا ئەمانسیۆ ئۆرتیگا گاۆنا-ی ئیسپانی هاتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای جلوبەرگی زارایەو سامانەكەی 62 ملیارد و 700 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی حەوتەمدا لاورێس جۆسێف ئالیسن-ی ئەمریكی هاتووە، كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (Oracle)ـە و سامانەكەی 62 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی هەشتەمدا مارك زۆكەربێرگ-ی ئەمریكی هاتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای فەیسبوكەو سامانەكەی 62 ملیارد و 300 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی نۆیەمدا مایكڵ بلومبێرگ-ی ئەمریكی هاتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای بلومبێرگەو سامانەكەی 55 ملیارد و 50 ملیۆن دۆلارە.

لە پلەی دەیەمیشدا لۆرێنس پەیج-ی ئەمریكی هاتووە، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای گۆگڵ، سامانەكەی 50 ملیارد و 800 ملیۆن دۆلارە.

ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمیان كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2018دا ژمارەیان 2208 كەس بووە، بەڵام لە لیستەكەی ئەمساڵی فۆربسدا 2153 كەس هەن.

بەپێی زانیارییەكانی گۆڤارەكە، بەهای سامانی هەزار كەس لە ملیاردێرەكان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە.

لەمساڵدا ژمارەی ملیاردێرە ئەمریكییەكان 607 كەس بووە، كە بەراورد بە وڵاتەكانی دیكە زۆر لەپێشترە، چین لە پلەی دووەمدا دێت بە 324 ملیاردێر. هەروەها 52 ملیاردێری بەریتانی لە لیستەكەدا ناویان هاتووە.

لە لیستی ئەمساڵدا ناوی 267 كەس سڕاوەتەوە كە لە لیستی ساڵی ڕابردوودا هەبوون، لەنێویشیاندا دۆمۆنیكۆ دۆڵچە و ستیڤانۆ گابانا، كە دوو دامەزرێنەری كۆمپانیای فاشن و جلوبەرگی (دۆڵچە و گابانا)ن.

ژمارەی ئەو ژنە ملیاردێرانەی كە لە لیستی ئەمساڵدا هەن، بۆ 252 ژن بەرزبووەتەوە، كە دەوڵەمەندترینیان (وو یەجون)ی چینییە. ئەم ژنە كە بازرگانی خانووبەرەیە، سامانەكەی نۆ ملیارد و 400 ملیۆن دۆلارە.

گەنجترین ژنی ملیاردێری جیهان كە ناوی لە لیستەكەدا هاتووە كایلی جێنەر-ی ئەمریكییە كە تەمەنی 21 ساڵە. جێنەر خاوەنی كۆمپانیای ئارایشی (كایلی)یە كە سێ‌ ساڵ لەمەوبەر كۆمپانیاكەی دامەزارندووە. خاوەنی یەک ملیارد دۆلارە.