شێرێك خاوەنەكەیی خوارد

09-03-2019 08:33


پەرەگراف

پاوێكی چیكیی پاش ئەوەی سێ‌ ساڵ شێرێكی بەخێو كرد، دواجار خۆی بوو بە خۆراكی شێرە ماڵییەكەی.

مایكڵ پراسكی تەمەن 33 ساڵ، دانیشتووی گوندی زەدخوف بوو لە وڵاتی چیك، ڕاگرتن و بەخێوكردنی شێر گەورەترین ئارەزووی بوو، هەربۆیە لە ساڵی 2016دا شێرێكی نێری كڕیوە، ساڵی 2018یش بێچووەشێرێكی مێینەی كڕیوە.

بەهۆی ئەوەی مایكڵ لە ماڵەوە ئەم شێرانەی ڕاگرتووە و ڕۆژانە چووە بۆ لایان، چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی حكومیی ناوچەكەوە لە مەترسییەكانی ڕاگرتن و بەخێوكردنی ئەو دوو شێرە ئاگادار كراوەتەوە، بەڵام ئەو گوێی پێ‌ نەداوە.

مایكڵ لەگەڵ بەرپرسانی حكومیی ناوچەكەی لەسەر ڕاگرتنی ئەو شێرانە كێشەی بۆ دروست بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەك نەبووە كە بیسەلمێنێت ئەو پیاوە مامەڵەی خراپی لەگەڵ شێرەكان كردبێت، نەیانتوانیوە لێی بستێنن.

پاش زیاتر لە سێ‌ ساڵ بەخێوكردن و تێكەڵبوون لەگەڵی و ماڵیكردنی، دواجار شێرە نێرە نۆساڵانەكە لە مایكڵ هەڵگەڕایەوە و خواردی.

هەفتەی ڕابردوو باوكی مایكڵ تەرمی كوڕەكەی لەنێو قەفەسی شێرەكاندا دۆزییەوە، كە لەلایەن شێرە نێرەكەوە پەلامار درابوو و بەشێك لە جەستەی خورابوو.

باوكی بە پۆلیسی وتووە "كاتێك كە چووە بۆ تەرمەكەی، دەرگای قەفەسەكە لە دیوی ناوەوە داخرابوو"، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە مایكڵ هێندە متمانەی بە شێرەكانی هەبووە، خۆی دەرگاكەی داخستووە و باوەڕی نەبووە كە پەلاماری بدەن.

پۆلیس بۆ ئەوەی تەرمەكە لە قەفەسەكەدا دەربهێنێت، نارچار بووە بە فیشەك شێرەكان بریندار بكات.

مایكڵ ساڵی ڕابردوویش بەهۆی ڕووداوێكی دیكەی پەیوەست بە شێرەكانی، بوو بە جێی سەرنجی میدیاكان. ئەوكات مایكڵ شێرە مێینەكەی كە تەمەنی چەند مانگێك بوو، لەگەڵ خۆی بۆ پیاسە دەبردە دەرەوە، تا ڕۆژێك پاسكیلسوارێك بە پاسكیلەكەی بێچووە شێرەكەی كرد بە ژێرەوە، ئەو ڕووداوەش لەلایەن پۆلیسەوە هێندەی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل لێكۆڵینەوەی لەبارەوە كرا.