بە وێنە؛ 40 كیلۆ پلاستیك لە گەدەی نەهەنگێكدا دەرهێنرا

20-03-2019 09:42


پەرەگراف

لە گەدەی نەهەنگێكدا كە لە كەناراوەكانی فلیپین دۆزرایەوە، 40 كیلۆ پلاستیك دەرهێنرا.

لێكۆڵەرانی مۆزەخانەی مێژووی سروشتی لە شاری داڤاو لە فلیپین، توێكارییان بۆ لاشەی نەهەنگێك ئەنجام دا كە لە كەناراوەكانی ئەو شارە دۆزراوەتەوە.

مۆزەخانەكە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، لەبارەی توێكاریی لاشەی نەهەنگەكەوە نووسیویەتی"گەدەی نەهەنگەكە بە ئەندازەیەك ماددەی پلاستیكی تێدا بووە كە پێشتر نموونەی لەو شێوەمان نەدیوە."

مۆزەخانەكە ڕایگەیاندووە لە ڕۆژانی داهاتوودا لیستی ناوی ئەو جۆرە پلاستیكانە بڵاودەكاتەوە كە لە گەدەی نەهەنگەكەدا بووە، كە بەشێكی پلاستیكی شتكڕین بووە.

دارڵ براچلی، بەڕێوەبەری مۆزەخانەكە، بە كەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە"دۆزینەوەی ئەو بڕە پلاستیكە لە گەدەی نەهەنگەكەدا، پێشبینیكراو نەبووە"، ئەو دەڵێت"هەندێك لە پلاستیكەكان هێندە لە گەدەی ئەو نەهەنگەدا ماونەتەوە، دەستیان بە شیبوونەوە كردووە."

ئەو ماددەی پلاستیكییانەی كە یەك جار بەكار دەهێنرێن و دواتر فڕێ‌ دەدرێن، یەكێكە لە كێشەكانی وڵاتان، بە تایبەتیش وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوێكی بواری ژینگە لە ساڵی 2015دا، زیاتر لە 60%ی ماددە پلاستیكییەكانی ناو دەریاكان هی وڵاتانی (چین، ئەندەنوزیا، فلیپین، ڤێتنام و تایلەند)بوون.

مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوویش لە كەناراوەكانی تایلەنددا لاشەی نەهەنگێك دۆزرایەوە كە بەهۆی خواردنی 80 كیسی پلاستیكییەوە مردبوو.

دوای ئەم ڕووداوە، بەریتانیا لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند: ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت، ئەوا ڕێژەی پلاستیك لەناو دەریاكاندا لە 10 ساڵی داهاتوودا سێ‌ هێندەی ئێستا زیاد دەكات.