بە وێنە؛ دۆزینەوەی گۆڕێكی پڕ لە لاشەی مۆمیاكراوی 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر

07-04-2019 05:40


پەرەگراف

لە نزیك ڕووباری نیل لە وڵاتی میسر، گۆڕێك دۆزرایەوە كە پێشبینی كراوە بە لای كەمەوە مێژووەكەی بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە.

لە گۆڕەكەدا دەیان مشك و پشیلە و باڵندەی مۆمیاكراو دۆزراونەتەوە كە بەتەنیشت لاشەی مۆمیاكراوی خاوەنەكانیانەوە نێژراون.

بەو جۆرەی كە شوێنەوارناسانی میسری باسی دەكەن، ئەم گۆڕە تازەدۆزراوەیە، گۆڕی یەكێك لە كەسایەتییە دەسەڵاتدارەكانی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەری میسرە بە ناوی (توتو) كە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لەو شوێنەدا نێژراون.

دۆزینەوەی ئەم گۆڕە پاش ئەوە بووە ژمارەیەك قاچاخچیی شوێنەوار لەكاتی هەڵكۆڵینی ئەو شوێنەدا دەستگیر كراون.

لەو گۆڕەدا لاشەی مۆمیاكراوی ژن و منداڵێك دۆزراوەتەوە كە لە دەرەوەی گۆڕەكە بۆ نمایش دانراون، بەپێی لێكدانەوەكان تەمەنی ژنەكە لە نێوان 35 بۆ 50 ساڵ و منداڵەكەش لە نێوان 12 بۆ 14 ساڵدایە، بەڵام هێشتا هۆكاری مردنەكەیان نەزانراوە.

زیاتر لە 50 مشك و باڵندەی مۆمیاكراو لە گۆڕەكەدا دۆزراونەتەوە، كە لێكۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جیناتییەكانیان دەلاقەیەكی نوێ‌ بە ڕووی مێژووی میسر و فیرعەونەكاندا دەكاتەوە.

لەم وێنەیەدا شوێنەوارناسێك سەرنج لە (داڵ)ێكی مۆمیاكراو دەدات كە لەو گۆڕەدا دۆزراوەتەوە.

چەند ماسكێكی دروستكراویش دۆزراونەتەوە، كە بۆ ناسینی زیاتری هونەری پەیكەرسازی و وێنەكێشانی ئەو سەردەمەی میسر گرنگن.

حكومەتی میسر هیوادارە بە دۆزینەوەی ئەم گۆڕە گرنگە مێژووییە كە دەكەوێتە 390 كیلۆمەتری باشووری قاهیرەی پایتەخت، جارێكی دیكە سەرنجی گەشتیاران بە لای وڵاتەكەیدا ڕابكێشێت و كەرتی گەشتیاریی وڵاتەكەی هاوشێوەی 10 ساڵ لەمەوبەر ببوژێنێتەوە، كە لە پاش شۆڕشی بەهاری عەرەبیی میسر لە ساڵی 2011 ئەم كەرتە تا ئێستا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ئاستەكەی پێشووی.