دەوڵەمەندترین پیاوی مێژوو كێیە؟

09-04-2019 10:16

پەرەگراف - سەنگەر سالار

جێف بیزووس، دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمازۆن، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، كە سامانەكەی بە 131 ملیار دۆلار (99 ملیار پاوەند) خەمڵێندراوە. ئەمەش بەپێی نوێترین ڕاپۆرت كە گۆڤاری ئابووریی فۆربێس بڵاویكردووەتەوە. ڕەنگە جێف بیزووس دەوڵەمەندترین پیاوی مێژووی نوێ‌ بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەوڵەمەندترین پیاوی مێژوو نییە.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە بەشی فارسی ماڵپەڕی بی بی سی بڵاوی كردووەتەوە، دەوڵەمەندترین پیاوی مێژوو (مانسا مووسا)یە، كە لە سەدەی چواردەیەمی زایینیدا فەرمانڕەوایی ڕۆژاوای ئەفریقای كردووە. دەگوترێت "ئەو بە دەستكراوەیی و بەخشندەییەكەی سامانی وڵاتەكەی بە با داوە".

ڕۆدۆڵف باچ ڤێر، مامۆستای مێژوو لە زانكۆی كالیفۆڕنیا، بە بی بی سیی ڕاگەیاندووە "بەهای سامانەكەی مانسا مووسا بە نرخی ئەمڕۆ ژمارەیەكی سەرسوڕهێنەرە، سامان و دەسەڵاتی واقیعیی ئەو پێوانە ناكرێت".

ساڵی 2015، جاكوب دیڤیدسن لە ماڵپەڕی (Money.com) لە وەسفی ئەم پاشایەدا نووسیویەتی "مانسا مووسا زیاتر لەوەی بتوانرێت پێشبینی بكرێت، دەوڵەمەند بووە".

لە ساڵی 2012، ماڵپەڕی (Celebrity Net Worth) ئەمریكی، سامانەكەی مانسا مووسای بە 400 ملیارد دۆلار خەمڵاندووە. ئەمە لە كاتێدایە كە مێژوونووسانی ئابووری پێیان وایە ناتوانرێت سامانی ئەو پاشایەی ئەفریقا بە وردی دیاری بكرێت.

پادشای زێڕین

مانسا مووسا لە ساڵی 1280ی زایینی لە خێزانێكی دەسەڵاتدار لەدایك بووە. براكەی (مانسا ئەبووبەكر) تا ساڵی 1312 فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی مالیی كردووە، بەر لەوەی كە بە ئەنجامدانی سەفەرێك واز لە دەسەڵاتەكەی بهێنێت.

بە قسەی شەباب ئەلعومەری، مێژوونووسی سووری، ئەبووبەكر زۆر حەزی دەكرد بزانێت لەوبەری زەریای ئەتڵەسییەوە چی هەیە. دەگێڕنەوە كە ئەو پادشایە بە دوو هەزار كەشتی و پیاوە گەورەكانی فەرمانڕەواییەكەی و ژنان و كۆیلەكانەوە بەناو زەریای ئەتڵەسیدا بەڕێ‌ كەوتووە بۆ سەفەرێك كە گەڕانەوەی نەبووە. هەندێك لە مێژوونووسان پێیان وایە كە ئەبووبەكر و هاوسەفەرەكانی تا ئەمریكای باشوور ڕۆیشتوون، بەڵام هیچ بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە نییە.

پاش ئەبووبەكر، تاج و تەختی پاشایەتی بۆ مانسا مووسا بەجێما. ئیمپراتۆریەتی مالی لەژێر فەرمانڕەوایەتیی مووسادا بە شێوەیەكی بەرچاو فراوانبوونی بەخۆوە بینی. لە 24 شاردا دەسەڵاتی گرتە دەست، لەنێویشیاندا شاری تیمبۆكتۆ.

لە سەردەمی مووسادا، قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی مالی بۆ زیاتر لە سێ‌ هەزار كیلۆمەتر فراوان بووە، لە كەناراوەكانی زەریای ئەتڵەسییەوە تا ناوچەیەك كە ئەمڕۆ وڵاتی نایجیریای تێدا هەڵكەوتووە. ئەم ئیمپراتۆیەتە سەنیگال، مۆریتانیا، مالی، بۆركینا فاسۆ، نایجیریا، گامبیا، گینێ‌ بیساو، گینیا و كۆتدیڤواری گرتووەتەوە.

دەسەڵاتدارێتی بەسەر ئەم ناوچە بەرفراوانەدا، بە مانای دەست گەیشتن بە سەرچاوەی گرنگی سروشتی هاتووە، لەوانەش زێڕ و خوێ‌. بەپێی زانیارییەكانی مۆزەخانەی بەریتانیا، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی مانسا مووسادا، ئیمپراتۆریەتی مالی نزیكەی نیوەی ئاڵتوونی جیهانی لەژێر دەستدا بووە و خاوەندارێتیشی بۆ پادشا گەڕاوەتەوە.

كاتلین بیكفۆرد بەرزاك، شارەزای بواری هونەری ئەفریقا لە مۆزەخانەی بلاكی زانكۆی نۆرسوێسترن، بە بی بی سیی گوتووە "مانسا مووسا وەكو پاشا، بە شێوەیەكی بێسنوور دەستی بە بەنرخترین سەرچاوەكانی سامان لە سەدەكانی ناوەڕاستدا گەیشتووە. گەورەترین ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهان لەو سەردەمەدا كە بە ئاڵتوون و كاڵاكانی دیكەوە كراوە، لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بووە و لە ڕێگەی بازرگانییەوە توانیویەتی سامانێكی گەورە پێكەوە بنێت".

سەفەر بۆ مەككە

ئیمپراتۆری مالی لەگەڵ هەبوونی سەرچاوەی گەورەی زێڕ، ناوبانگێكی ئەوتۆی لە جیهاندا نەبوو، بەڵام بە سەفەری مانسا مووسا بۆ مەككە، بارودۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هات. مووسا كە موسڵمان و باوەڕداربوو، بڕیاری دا سەفەرێك بۆ مەككە ئەنجام بدات، كە بۆ ئەو مەبەستە بیابانی گەورەی ئەفریقا و میسری بڕی.

بەپێی گێڕانەوەكان پاشای مالی بە كاروانێكی 60 هەزار كەسییەوە كە لە كەسە نزیكەكانی، فەرماندە سەربازییەكان، سەربازان، بازرگانان، 12 هەزار كۆیلە پێكهاتوون، بەرەو مەككە بەڕێ‌ كەوتووە. كاروانەكە وەكو شارێكی جووڵاو بە ناو بیابانێكی گەورەدا كەوتووەتە ڕێ‌، شارێك كە تەنانەت كۆیلەكانیشی جوانترین جلوبەرگیان پۆشیوە. سەدان وشتر بە باری قورسی زێڕەوە بەدوای یەكدا ڕۆیشتوون. كاروانەكە دیمەنێكی ناوازەی مێژوویی بوو، تا ئەوەی گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.

چیرۆكی بەهەدەردانی زێڕی وڵات لە قاهیرە

مانسا مووسا یادگارییەكی لەبیرنەكراوی لە قاهیرە بەجێهێشت. شەباب ئەلعومەری كە 12 ساڵ پاش سەفەرەكەی پاشای مالی چووەتە قاهیرە، لە نووسینەكانی خۆیدا تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە خەڵكی قاهیرە وەسفی پاشای مالییان بە كەسێكی باش كردووە.

بەپێی خەمڵاندنی كۆمپانیای تەكنەلۆژیی (SmartAsset)ی ئەمریكی، بەهۆی ئەو ئاڵتوونە زۆرەی كە مووسا لەو سەفەرەدا خستوویەتیە بازاڕەوە، بەهای ئاڵتوون دابەزیوە و نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووە.

لە كاتی گەڕانەوەیدا مووسا جارێكی دیكە بە میسردا تێپەڕیوە، بەپێی هەندێك سەرچاوە بەشێك لە ئاڵتوونەكەی بە قەرز بەو وڵاتە داوە تا ئابوورییەكەی ببوژێتەوە، هەندێكی دیكەش دەڵێن هەموو ئاڵتوونەكەی لە خەرجییەكانی ئەو سەفەرە و لە قاهیرە بەهەدەر داوە.

لوسی دۆران، مامۆستا لە قوتابخانەی خوێندنی ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتی (سواز)ی لەندەن، دەڵێت "ئەو كەسانەی لە دەوروبەری پاشای مالیدا حیكایەتخوان بوون، لە نووسین و داستانەكانی خۆیاندا ستایشی ئەو پاشایە ناكەن، چونكە لەو سەفەرەدا مووسا بەشێكی زۆر لە زێڕ و سامانی وڵاتەكەی لەدەست داوە، هەر بۆیە پێیان وا بووە ئەو سەرچاوەكانی دارایی و داهاتی وڵاتەكەی لەو سەفەردا لە دەرەوەی نیشتمانەكەی خۆی بە با داوە".

دڵی پەروەردە و فێربوونی جیهان

هیچ گومان لەوەدا نییە كە مانسا مووسا بڕێكی زۆر زێڕی لە خەرجیی ئەو سەفەر درێژەدا لەدەست داوە، بەڵام هەر ئەو دەستكراوەیییە سەرنجی جیهانی بۆ لای ئەو ڕاكێشاوە. مانسا مووسا بەو كارەی، ناوی خۆی و ئیمپراتۆریەتی مالیی لە نەخشەدا چەسپاند. لە

نوسخەیەكی نەخشەی كاتالان كە گرنگترین نەخشەی سەدەكانی ناوەڕاستە و لە ساڵی 1375دا كێشراوە، لەسەر شاری تیمبۆكتۆی مالی وێنەی پادشایەكی ئەفریقایی دەبینرێت كە تاجێكی ئاڵتوونی لەسەردایە و پارچەیە ئاڵتوونی بەدەستەوەیە.

لەو كاتەوە تیمبۆكتۆ نازناوی سەرزەمینی زێڕی ئەفریقای وەرگرت و خەڵكی لە دوور و نزیكەوە دەچوون بۆ بینینی ئەو شارە. لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئەم شارە پێگەیەكی ئەفسانەیی هەبووە و بە (نیشتمانی زێڕی ونبوو) ناو دەبرا. تیمبۆكتۆ زەمەنێك جێگای سەرنجی ئەو ئەورووپییانە بوو كە بە دوای ئاڵتووندا دەگەڕان، هەموو ئەمانەش بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە كە مانسا مووسا 500 ساڵ لەمەوبەر تۆماری كردووە.

مانسا مووسا لە كاتی گەڕانەوەی لە مەككەوە بۆ مالی، چەندین زانای ئیسلامیی لەگەڵ خۆی بردووە، لەوانە هەندێكیان لە نەوەكانی پێغەمبەر بوون، هەروەها ئەبوو ئیسحاق ساحیلی شاعیر و ئەندازیاری ئەندەنووسی كە بە نەخشەسازیی مزگەوتی جینگاریبەر ناوبانگی زیاتری دەركرد. دەگوترێت پاشای مالی لە بەرانبەر دروستكردنی ئەو مزگەوتەدا 200 كیلۆ زێڕی بە ئەبوو ئیسحاق بەخشیوە، كە بە نرخی ئەمڕۆ دەكاتە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دۆلار.

مووسا لەژێر كاریگەریی هونەر و بیناسازیدا، چەندین قوتابخانە و مزگەوتی دروست كرد. لە ماوەیەكی كورتدا تیمبۆكتۆ بوو بە ناوەندێكی پەروەردە و فێركردن، خەڵكی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خوێندن ڕوویان لە قوتابخایەك دەكرد كە دواتر بوو بە (زانكۆی سانكورە). ئەم پاشا دەوڵەمەندە بەهۆی بونیادنانی پایەكانی خوێندن لە ڕۆژاوای ئەفریقا، ناوبانگی زیاتری پەیدا كرد.

پاش مردنی مانسا مووسا لە تەمەنی 57 ساڵیدا و لە ساڵی 1337ی زایینی، تاج و تەختی پاشایەتییەكەی بۆ دوو كوڕی بەجێما كە نەیانتوانی ئیمپراتۆریەتییەكە بپارێزن. ناوچە بچووكە جیاوازەكان سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ئیمپراتۆریەتی مالی هەڵوەشایەوە. چوونی ئەورووپییەكانیش بۆ ناوچەكە، دوایین بزماری لە تابووتی ئیمپراتۆریەتییەكە دا.

لیزا كورین گرازیوسە، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی بلاك لە زانكۆی نۆرسوێسترن، لەبارەی ئەوەی كە بۆچی سەردەمی حوكمڕانیی مووسا لە جیهاندا زۆر نەناسراوە، دەڵێت "مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست هێشتا بە ئەندازەیەكی زۆر بە مێژووی ڕۆژاوا ناو دەبرێت". مێژووی ناوچەكانی دیكە بە وردی نەنوسراوەتەوە و نەناسێنراوە.

10 دەوڵەمەندترین كەس لە مێژوودا

بەپێی لیستێك كە ماڵپەڕی (Money) بڵاویكردووەتەوە، ڕیزبەندیی 10 دەوڵەمەندترین كەس لە مێژوویدا بەم شێوەیەیە:

1- مانسا مووسا (1280 – 1337ز، پاشای ئیمپراتۆریەتی مالی) سامانەكەی بە وردی نەخەمڵێندراوە.

2- ئاگۆستوس سزار (ساڵی 14ی بەر لە زایین تا 63ی زایینی، ئیمپراتۆری ڕۆم) سامانەكەی بە چوار تریلیۆن و 600 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

3- ژائو زو (1048 – 1085، ئیمپرای شنزونگ لە چین) سامانەكەی بە وردی نەخەمڵێندراوە.

4- ئەكبەرشا (1542 – 1605، پاشای گوركانیان لە هیندستان) سامانەكەی بە وردی نەخەمڵێندراوە.

5- ئەندرۆ كارنگی (1835 – 1919، سەرمایەدارێكی سكۆتلەندی-ئەمریكی) سامانەكەی بە 327 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

6- جۆن دی ڕۆكفێلەر (1839 – 1937، سەرمایەداری ئەمریكی) سامانەكەی بە 341 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

7- نیكۆلاس ئەلیكساندرۆڤیچ (1918 – 1868، ئیمپراتۆری ڕووسی) سامانەكەی بە 300 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

8- میر عوسمان عەلیخان (1884 – 1947، یەكێكە لە پاشاكانی هیندستان) سامانەكەی بە 230 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

9- ویلیام فاتیح (1028 – 1087، یەكەمین پاشای نۆرماندییەكان لە بەریتانیا) سامانەكەی بە 229 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

10- موعەمەر قەزافی (1942 – 2011، سەرۆكی پێشووی لیبیا) سامانەكەی بە 200 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.