ئەم میوانە چەوری دەسووتێنن

11-04-2019 02:02

پەرەگراف

دابەزاندنی كێش كارێكی ئاسان نییە. جەسەی مرۆڤ چەوری بۆ ڕۆژی پێویست پاشەكەوت دەكات، بەڵام ملیۆنان كەس زیاتر لەوەی كە پێویستیانە، خورادن دەخۆن، هەر بۆیە پاشەكەوتێكی زۆری چەوری لە جەستەیاندا كۆبووەتەوە.

بۆ ئەوەی چەوریی زیادەی لەشمان داببەزێنین، پێویستە كەمتر لەو كالۆرییەی كە دەیسووتێنین، خواردن بخۆین. خۆشبەختانە جگە لە هاوسەنگكردنی ئاستی كالۆری، چەند ڕێگایەكی دیكەش بۆ دابەزاندنی كێش و سووتاندنی چەوریی لەش هەن. چەندین توێژینەوە دەریان خستووە كە ئەو میوانەی هەڵگری ئەنتی ئۆكسیدنت (Antioxidant) و ئانسۆساینین (Anthocyanin) كاریگەریی گەورەیان لەسەر دابەزاندنی كێش هەیە.

لێرەدا حەوت جۆر لەو میوانە دەخەینەڕوو:

1- گێلاس

گێلاس، باشترین میوەیە بۆ دابەزاندنی كێش. بەپێی توێژینەوەیەك كە بۆ ماوەی 12 هەفتە لەسەر ژمارەیەك مشك ئەنجام دراوە، دەركەوتووە كە ئەو مشكانەی میوەی

گێلاسیان پێ‌ دراوە بۆ دابەزاندنی كێش، بە ڕێژەی 9% چەوریی ورگیان زیاتر لەو مشكانە سووتاندووە كە ڕێگەیەكی دیكەیان بۆ گیراوەتەبەر بۆ دابەزاندنی كێشیان.
گێلاس بۆ سەلامەتیی دڵ و هەوكردنیش كاریگەرە.

2- توو

هەموو جۆرەكانی توو بۆ دابەزاندنی كێش بەسوود و كاریگەرن. بەپێی توێژینەوەیەك دەركەوتووە ئەو مشكانەی كە ڕۆژانە سێ‌ ژەم توو یان هاڕاوەی توویان خواردووە، پێكهاتەی چەوری لەسەدا 73 لە لەشیاندا دابەزیوە.

دەتوانن جۆرە جیاوازەكانی توو بە شێوازی جیاواز لەگەڵ ژەمە خۆراكییەكاندا بخۆن، لەگەڵ زەڵاتەدا، بە وشككراوەیی، یان بە هاڕاوی، یان بە دۆشاوی.

3- شووتی

ڕەنگە زۆربەمان وا بیربكەینەوە كە شووتی لە ئاو و شەكر پێكهاتووە و خۆمانی لێ‌ بپارێزین، بەڵام بە پێچەوانەوە بژارەیەكی دروستە بۆ دابەزاندنی كێش. خواردنی شووتی، كەڵەكەبوونی چەوری لە لەشدا كەمدەكاتەوە و بە مەبەستی باشتر سووتاندنیشیان چەورییەكان دەگۆڕێت.

ئاوی شووتی بۆ كەمكردنەوەی ئازاری ماسوولكەكانیش لە دوای وەرزش بەسوودە.

4- سندی

سندی باشترین بژارەیە بۆ دابەزاندنی چەوریی ورگ و ئاستی كۆلسترۆڵی خوێن.

لە تاقیكردنەوەیەكدا كە ژمارەیەك كەس بەشدارییان تێدا كردووە، بۆ ماوەی شەش هەفتە لەگەڵ ژەمە خواردنەكاندا میوەی سندییان خواردووە، دواتر دەركەوتووە كە كەمەریان یەك ئینج (دوو سانتیمەتر و نیو) بچووكبووەتەوە و بەو ئەندازەیە چەوریی ورگیان سووتاندووە. توێژەران پێیان وایە ئەوەش بەو هۆیەوە ڕووی داوە كە ئەم میوەیە پێكهاتەیەكی كیمیایی گیایی بەهێز و ڤیتامین سیی تێدایە.

5- سێو

سێو بە گشتی سەرچاوەی ڕیشاڵی تواوەیە، كە لە گەدەدا بە دەبێت بە لینجاوێك و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بە تێری بكات.

بەپێی توێژینەوەكان ئەگەر لەگەڵ هەر ژەمە خواردنێكدا تەنیا 10 گرام ڕیشاڵی تواوەی زیاتر بخۆی، ئەوا لە ماوەی پێنج ساڵدا چەوریی ورگ بە ڕێژەی 3.7% دادەبەزێت.

ئەمە بەو مانایە دێت كە جۆرە جیاوازەكانی سێو لە ڕێگەی تێركردنەوە وا لە مرۆڤ دەكەن كە خواردن كەمتر بخوات، بەوەش هۆكارەكانی قەڵەوبوون و زیادبوونی چەوریی لەشی كەمدەبنەوە. هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتووتردا لەشولارێكی ڕێك و گونجاوتان هەبێت. ئەو جۆرە لە سێو كە ڕەنگی تێكەڵەیەكە لە سوور و زەرد و لە ئەنجامی پێوەندكردنی دوو جۆری سێو بەرهەم هاتووە، بە باشترین جۆری سێو بۆ دابەزاندنی كێش دادەنرێت.

6- قۆخ

قۆخ، بۆ بەرگرتن بە (Metabolic syndrome) گرنگە، كە بەرزیی فشاری خوێن، شەكرە، بەرزیی ڕێژەی چەوریی دەوری كەمەر، زیادبوونی كۆلیسترۆڵ و چەورییە سیانییەكان دەگرێتەوە. خواردنی قۆخ ڕێگری دەكات لە قەڵەوی و ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی قەڵەوییەوە تووشی مرۆڤ دەبن.

7- هەرمێ‌

هەرمێ‌ لەگەڵ تامە شیرینەكەی، لە بنەڕەتدا لە ئاو و ڕیشاڵەكان پێكهاتووە، دوو شت كە بۆ دابەزاندنی كێش گرنگ و بەسوودن، بە تایبەت كە بۆ ماوەیەكی زۆر مرۆڤ بە تێری دەهێڵنەوە، هەرچەندە 100 گرام هەرمێ‌ تەنیا 56 كالۆرییە! هەرمێ‌ یارمەتیدەری كرداری هەرسكردنیشە.