دەتوانیت لێكدانەوە بۆ یەكەم وێنەی سی ئای ئەی لە ئینستاگرام بكەیت؟

28-04-2019 11:54

پەرەگراف

ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی) یەكەمین وێنەی ناو ئاژانسەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوكردەوە.

كردنەوەی پەیجی تایبەتی سی ئای ئەی لە ئینستاگرام، لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاژانسەكەدایە.

سی ئای ئەی لە ساڵی 2014ـەوە لە فەیسبووك و تویتەردا پەیجی فەرمیی هەیە. لە یەكەم تویتیشدا ئاژانسەكە نووسیبووی "ئێمە ناتوانین پشتڕاست یان ڕەتیبكەینەوە كە ئەمە یەكەم تویتی ئێمەیە."

یەكەم وێنەی سی ئای ئەی لە ئینستاگرام مەتەڵێكی لەناو فۆڵۆوەرەكانی پەیجی تایبەتی ئاژانسەكە هێناوەتە ئاراوە و بووەتە جێی باسی میدیا جیهانییەكانیش.

ئەو وێنەیەی سی ئای ئەی كە بڵاوكراوەتەوە، وێنەی مێزێكە بە پێداویستیی جیاوازەوە، كە هەریەكەیان مانای تایبەتی خۆی هەیە و لەلایەن میدیا و بەكارهێنەرانی ئینستاگرامیشەوە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە. وێنەكە لە بنكەیەكی ڤێرجینیای ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا گیراوە.

وتەبێژێكی سی ئای ئەی بە ئاژانسی هەواڵی سی بی ئێسی وتووە "زۆرینەی پێداویستییەكانی ناو وێنەكە هی كارمەندانی ناو ئەو بنكەیەی سی ئای ئەیە."

بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی ئەو شتانە خستووەتە ڕوو كە لە وێنەكەدا هەن، لەگەڵ مانا و لێكدانەوەیەك بۆیان

1- گوڵێك لەناو ئینجانەیەكدا، كە دەكرێت ئاماژە بێت بە كارمەندانی نهێنیی سی ئای ئەی لە دەرەوە.

2- كاتژمێرێك، كە وەكو لە وێنەكەدا دەركەوتووە، كاتژمێر 8:46 خولەكە، ئەوەش چركەساتی هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەرە بۆ سەر ناوەندی بازرگانیی جیهان.

3- نەخشەی چین، ئەو وڵاتەی كە بەهێزترین ڕكابەری ئەمریكایە.

4- كوندەپەپوویەكی ئاڵتوونی، ئاماژەیە بۆ خوداوەندی ژیری لە یۆنانی كۆندا.

5- شتێك كە لە شێوەی چاوەزاردایە، كە بە گشتی بە مەبەستی دوورخستنەوەی شەڕ و خراپە بەكار دێت، ڕەنگە مەبەست لەو مەترسییانە بێت كە ڕووبەڕووی كارمەندانی سی ئای ئەی دەبێتەوە.

6- تابلۆیەكی هونەری كە وێنەی تۆنی مێندزە، بەرپرسێكی پێشووی سی ئای ئەی كە نەخشە چالاكیی ڕزگاركردنی شەش دیپلۆماتكاری ئەمریكای لە تاران داڕشت و جێبەجێی كرد.

7- جووتێك دوگمەی تایبەت و سەرنجڕاكێشی سەردەستی كراس، كە ڕەنگە بۆ ئەوە بەكار بێت كارمەندانی سی ئای ئەی بە بینینی ئەو دوگمەیەدا بە ئاسانی یەكتر بناسنەوە.

8- قژێكی دەستكرد، كە پێدەچێت لەلایەن كارمەندانی نهێنیی ئاژانسەكەوە بەكار بهێنرێت.

9- پێناسێك كە وێنەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەسەرە.

10- كیسەیەكی كاغەزی، كە بۆ لەناوبردنی بەڵگە و نووسراوەكان بەكاردێت.