
پەرەگراف
بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك فیستیڤاڵی ساڵانەی كۆلارە لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، ناونیشانی ئەمساڵی فیستیڤاڵەكە (كلتورمان بنیادی ئەیندەمانە) بوو.
فیستیڤاڵەكە ئەمڕۆ لە بەرزاییەكانی بانی مەقان، لەلایەن سەنتەری گەنجانی شۆڕشو بە چاودێری قائیمقامیەتی چەمچەماڵ ئەنجامدراو تێیدا چەندین چالاكی هونەریی و كلتوری و كەلەپوری پێشكەشكران، پەیمانگاكانی وەرزشیو كۆمپیوتەرو هونەرەجوانەكان و ڕێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان و قوتابخانەكان بەشداربوون.
بەشێكی تری چالاكییەكان هەڵدانی كۆلارە بوو كە فیستیڤاڵەكەی بەناوەوە نراوەو زۆربەی ئامادەبووان بەشدارییان لە چالاكییەكەدا كرد.
ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، لە وتەیەكدا دەستخۆشیی لە ڕێكخەرو سپۆنسەرانی چالاكییەكە كردو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پشتیوانیی گەنجان و لاوان بۆ دەرخستنی تواناكانیانو زیندوكردنەوەی بەها كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان.
كۆتایی فیستیڤاڵەكە ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی بوو، تیایدا چەندین بەرهەمی هونەریی پێشكەشكران.
فیستیڤاڵی كۆلارە ماوەی دوو ساڵە لە قەزای چەمچەماڵ ئەنجام دەدرێتو تێیدا نمایشی جلی كوردیو خواردنی كوردەواریو هونەری میللیو فۆلكلۆرو چالاكیی دیدەوانیو ماراسۆنو چالاكییە كلتورییەكان ئەنجام دەدرێت.