گۆڵە سەرنجڕاكێشەكەی میسی بوو بە هۆی مردنی كەسێك

07-05-2019 01:07

پەرەگراف

بەهۆی گۆڵە سەرنجڕاكێشەكەی میسی كە لە یاریی یانەكەی لەگەڵ لیڤەرپوول تۆماری كرد، پیاوێكی ئێرانی لە خۆشیدا جەڵتە لێی دەدات.

هەفتەی ڕابردوو، یاریی نێوان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یانەی لیڤەرپووڵی ئینگلتەرایی لە چوارچێوەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا بەڕێوە چوو.

یارییەكە بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرانبەر لە سوودی یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی هات، كە گۆڵی سێیەمی یارییەكە بە لێدانی ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەكی هونەریی جوان لەلایەن لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی یانەكەوە تۆمار كرا.

ماڵپەڕی تابناكی ئێرانی هەواڵی مردنی كەسێكی بەهۆی ئەو گۆڵەوە بڵاوكردووەتەوە، كە دەڵێت "پیاوێكی 47 ساڵ لە كاتی تەماشاكردنی یارییەكەدا و لەگەڵ تۆماركردنی گۆڵی سێیەم لەلایەن میسییەوە، بەهۆی دەربڕینی خۆشییەوە تووشی هەڵچوون و شڵەژانێكی گەورە بووە، كە بە جەڵتە و گیانلەدەستدانی كۆتایی هاتووە".

هەرچەندە ئەو پیاوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام دەركەوتووە بەهۆی جەڵتەی دڵە هەر زوو گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژنامەی هەمشەهریی ئێرانی سەبارەت بەو ڕووداوە دەڵێت "دۆسیەی مردنی ئەو پیاوە چووەتە لای پۆلیسی ناوچەكە و دادگای تاوان، دادوەر بڕیاری داوە تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری بكرێت بۆ لێكۆڵینەوەی پێویست".

گۆڵەكەی میسی