گۆڕستانێك سەرنجڕاكێشترین ناوچەی گەشتیاریی شارێكی ئیتاڵیایە

27-05-2019 12:31

پەرەگراف

دێر كاپووچین (پەرستگای مەسیحییەكان كە لەسەر چیاكان دروست كراوە) سەرسوڕهێنەرترین و سەرنجڕاكێشترین ناوچەی گەشتیاریی شاری پالیرمۆی ئیتاڵیایە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تابناكی ئێرانی، سەرنجڕاكێشیی دێری كاپووچین زیاتر بە هۆكاری ئەو تونێلانەیە كە شوێنی گۆڕی مردووانی دانەپۆشراو و مۆمیاكراوە.

ئەم ڕێڕەوە ژێرزەمینییانە لە دەوروبەری ساڵی 1599 لەناو شاخێكی گڕكانیدا هەڵكۆڵدراون. تا ساڵی 1881 وەكو گۆڕستان بەكار هێنراون.

لەناو ئەم تونێلانەدا نزیكەی هەشت هەزار گۆڕ و 1225 لاشەی مۆمیاكراو هەن، كە لەسەر بنەمای ڕەگەز و پێگەیان لەناو كۆمەڵگەدا ڕێكخراون، یان لەسەر زەوی دانراون، یان لەناو تاقی تایبەتدا.

لاشەی مۆمیاكراوی پیاوان و ژنان و كچان و منداڵان و ڕاهیبەكان بە جیا دانراون، لە هەر توێژێكیاندا كەسانی بەناوبانگ لە شوێنی تایبەتدا نمایش كراون.

دوایین ڕاهیب لە ساڵی 1871 لەم شوێنەدا مۆمیا كراوە و لە ساڵی 1880 ئەم دێرە بە تەواوی داخراوە. دواتر خواستی گەشتیاران لەسەر بینینی شوێنەكە، وای كرد ئەم شوێنە وەكو ناوچەیەكی گەشتیاری ڕێكبخرێت و بە ڕووی گەشتیاراندا بكرێتەوە.