مێژووی ڕۆمان‌و گەشەكردنی

30-06-2020 12:07

لە ئینگلیزییەوە: لانۆ ڕزگار، محەمەد ئەکرەم

وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، کە ئەمەی دواییان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ  چیرۆک بەکاردەهێنرا. ناسنامەکەی پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، ئێستا وا دادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار وشە لە خۆ بگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنجدەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوەیە لەسەر دەروونی مرۆڤ.

 سەرەتاکانی ڕۆمان

چیرۆکە پەخشانی ئێلیزابێث و ڕۆمانە قارەمانانە فەڕەنسییەکان بە بنەچە و باوانی ڕۆمان دادەنرێن، کە ئەوانیش گێڕانەوەی دوورودرێژی ژیانی ئەو کەسایەتییە هاوچەرخانە بوون کە مەردایەتییان دەنواند. ڕۆمان لە کۆتاییەکانی ١٧٠٠ ھاتە ناو خەڵک و بڵاوبۆوە بەھۆی گەشەسەندنی چینی ناوەند و ھەبوونی کاتی زیاتر بۆ خوێندن و پارە و کڕینی کتێب.

حەزی خەڵک بۆ کەسایەتی مرۆڤ بووە ھۆی بەرەوپێشچوونی بابەتی ژیاننامەو نوسینی ژیاننامەی خۆیان و ڕۆژنامە و نووسینەوەی یادەوەریەکان.

ڕۆمانی ئینگلیزی

 ڕۆمانە ئینگلیزییە سەرەتاییەکان بە ئاڵۆزیی کەسایەتییەکانی چینی ناوەند و ھەوڵدانەکانیان بۆ ئاکار و بارودۆخەکانیان دانراون. ''پامێلا'' زنجیرەیەکە لە نامەی ئەدەبی کە ساموێل ڕیچاردسن لە ساڵی ۱۷٤۱ نووسیویەتی، بە یەکەم ڕۆمانی ڕاستەقینەی ئینگلیزی دادەنرێت. لە ڕۆماننووسە سەرەتاییەکانی تر 'دانیاڵ دیفۆو' کە 'ڕۆبینسن کرۆسۆ'ی لە ساڵی ١٧١٩ و 'مۆڵ فلاندێرس'ی لە ساڵی ١٧٢٢ نووسیوە. ھەرچەندە ئەم بەرھەمانە بە ڕۆمانی تەواو دانەدەنران چونکە کەسایەتییەکانی ناویان درکپێکراو نەبوون.هەریەک لە "لووتبەرزی و حوکمدانی پێش وەختە" و ''ئێما'' کە جەین ئۆستن نووسیبوونی، بە باشترین ڕۆمانە ئینگلیزییە سەرەتاییەکان دادەنرێن.

 ڕۆمان لە سەدەی نۆزدە

 لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لەژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون زیاتر لە بیر و ھەست.

گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان 'جەین ئیێر'ە کە لە ساڵی ١٨٤٧ لەلایەن چــارلۆت بــرۆنتەوە نووسراوە کە یەکەمین نموونەیە لە ناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.

نمونەیەکی تر  'ووذەرین ھایت'ە کە لە ساڵە ١٨٤٧ لەلایەن ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوە، کە ڕۆمانێکی گۆتی ڕۆمانسییە.

 "نامە سوورەکە' و 'ماڵی حەوت گێبڵ' ڕۆمانی گۆتیی ڕۆمانسین لەلایەن نـــاثانیەل ھۆثۆرنەوە، دەربارەی گوناح و  پیوریتانیزم بووە. ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بە ناوی 'مۆبی دیک' کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسیویەتی، ئەمانە نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.

 ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆری

ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (۱۸۳۷ـ۱۹٠۱). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستەدەکرد. بەڕێز واڵکۆت سکۆت ڕۆمانێکی سێ بەرگیی بڵاوکردەوە و بەزیرەکانە وای کرد بفرۆشرێت بە خەڵکی گشتی، چونکە کڕیار دەیتوانی بە قیستی مانگانە بیانکڕێت. ئەم جۆرە فرۆشتنە بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا، تا وا لە خوێنەران بکەن کە مانگانە کتێبی زیاتریان بوێت. نووسەرە ڤیکتۆریانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، کە 'کـــریسمس کــارۆڵی' نووسیوە لە ساڵی ١٨٤٣ .

وە لــویس کـــاڕۆڵ 'چارلس لۆدویج دۆجسۆن' کە 'سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند' ی لە ساڵی ١٨٦٤ و 'بەناو شێوە شووشەییەکەدا'ی لە ساڵی ١٨٧١ نووسیوە.

ڕیالیزم (ڕاستەقینگەرایی) و سروشتگەرایی

بەرەوەپێشچوونی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا هاندەر بوو بۆ نووسین بەو جۆرە ڕیالیزمە. ڕۆمانەکان دەستیانکرد بە وەسفکردنی ئەو کەسایەتییانەی کە بە تەواوەتی باش یان خراپ نین، کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیکرد و گۆڕا بۆ سروشتگەرایی کە بارودۆخەکان ناخۆشتر و کەسایەتیەکان ڕەشبینتر و بێھێزبووبوون بەھۆی سروشتیانەوە.

نموونەی ڕۆمانی سروشتگەرایی 'کابینەی خاڵە تــۆم'ی نووسەر ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، کە لە ساڵی ١٨٥٢ نووسیویەتی، دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا بوو.

دوو ڕۆمانی تر کە لەلایەن مـــارک تــواین (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون بە ناوی 'تــۆم ســاویێر' ١٨٧٦ و 'سەركێشی هەكەلبێرى فێلەندى' ١٨٨٥ کە ئەمەی دووەمییان بووە ڕۆمانێکی مەزن لە ئەمەریکا.

ڕۆمانی سەدەی ھاوچەرخ (مۆدێرن)

سەدەی بیست دابەشدەکرێت بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا. ئەدەبیاتی مۆدێرن (۱۹٠٠-۱۹٤٥) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆست-مۆدێرنی پێدەڵێن. کەسایەتییەکان لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیار لە ھەبوونی خودا دەکەن، زاڵبوون بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، وە سروشتی حەقیقەت و ڕاستی.

ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە مەزنەکانن وەک خەمۆکیی مەزن و جەنگی دووەمی جیھانی و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و کۆمەنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ''To The Lighthouse'' لە ساڵی ۱۹۲۷ لەلایەن ڕۆماننووس و وتارنووس ڤیرجینیا وولف، (Ulysses) لە ۱۹۲۱ لەلایەن ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووس جەیمس جۆیس، (All Quiet on the Western Front) لە ۱۹۲۹ کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژەجەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی نووسرابێت لەلایەن ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک، و ''دەنگ و دەمارگیری''ی ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر لە ۱۹۲۹، کە باس لە پووکانەوەی باشوور دەکات دوای جەنگی ناوخۆ.

ڕۆمانی سەردەمی پۆست-مۆدێرن

ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی[1] کە تێیدا کەسایەتییەکانبکاریگەرتر بوون. ڕۆمانی سەدەی پۆست-مۆدێرن، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناوی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. وە جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە لایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فرمانڕەوایی دەکرێت و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و  چۆنییەتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆست-مۆدێرنەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) ۱۹۸۲، لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارددا) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی ۱۹٦٦، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە ۱۹۷٦، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ۱۹۷۳دا نووسیویەتی، و پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی ''۱٠٠ ساڵ تەنهایی''ی گەورەنووسەر گابرێل گارسیا ماركێز.

 [1]  سڕییالیزم: جووڵەیەکی نوێی سەدەی بیستەم بوو لە ئەدەب و هونەردا، کە جەوهەرەکەی دەرخستنی توانا داهێنەرەکانی بەشی بێئاگای مێشکە.