نهێنیی مانەوەی قژی شاژن تی دوای هەزاران ساڵ لە مۆمیاكردنی

19-04-2021 11:57

پەرەگراف

مەراسیمی گواستنەوەی جەستەی مۆمیاكراوی 22 پاشا و شاژنی فیرعەونی لە مۆزەخانەی میسر لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشا، لەنێوانیشیاندا جەستەی مۆمیاكراوی یەكێك لە شاژنەكان بووە باسی گەرمی میدیاكان.

بڵاوبونەوەی وێنەی جەستە مۆمیاكراوەكەی شاژنە تی بە قژێكی درێژ و پڕەوە، هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد، كچان و ژنانی میسر و جیهان دەیانەوێت بزانن نهێنیی مانەوەی قژی شاژن دوای هەزاران ساڵ بەو شێوە جوانە چییە و چی بۆ بەكارهاتووە؟

دكتۆر موختار كەسبانی ئەندامی لیژنەی باڵای مۆزەخانەكانی میسر ئاماژە بەوە دەكات، قژەكە زۆر بە وردی مۆمیاكراوەو كارێكی زۆری تێدا كراوە، چونكە ئەو شاژن بووە‌و پێگەیەكی تایبەتی هەبووە، هەر ئەوەش وایكردووە دوای هەزاران ساڵ بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

كەسبانی دەڵێت "قژ یەكێكە لەو بەشانەی جەستە بەئاسانی تێكناچێت، ئەو ماددانەش كە بۆ مۆمیاكردنی بەكارهێنراوە پارێزگاری تەواوی لە قژەكە كردووە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای مۆزەخانەكانی میسر باسی لەوەش كردووە، قژی شاژن تی ڕەش بووە و دواتر گۆڕاوە بۆ سور، ئەوەش بەهۆی ئەو ماددانەی لە مۆمیاكردنەكەدا بەكارهاتوون، كە كاریگەری لەسەر ڕەنگەكەی دروستكردووە و لە ڕەشەوە گۆڕیویەتی بۆ سور.

قژەكە بەچی مۆمیا كراوە؟

دكتۆر ئەحمەد بەدران مامۆستای شوێنەوار لە زانكۆی قاهیرە باسلەوەدەكات، بەم دواییانە لەڕێی قژییەوە ئەوە ئاشكرا بووە كە ئەو مۆمیایە جەستەی شاژنە، ئەوەش بەهۆی پشكنینی DNA بۆ خانەكانی قژی.

ئەو پسپۆڕە لەبارەی ئەو ماددانەی بۆ قژەكە بەكارهێنراون كە وایكردووە بەو شێوەی بمێنێتەوە، دەڵێت "دوگی مانگا و زەیتی سنۆبەر و چەند جۆرێك زەیتی سروشتیی دیكە لە مۆمیاكردنەكەدا بەكارهێنراوە و بۆ هەزاران ساڵ قژەكەی پاراستووە".

نهێنیی مۆمیاكەی شاژن

جەستەی مۆمیاكراوی شاژن تی لەگەڵ دوو مۆمیای دیكەدا لەژوورێكی تەنیشت گۆڕی پاشا ئەمنحەوتبی دووەم ساڵی 1898 لەلایەن زانای شوێنەوارناسی ڤیكتۆر لۆریە دۆزرایەوە، بەڵام لەو كاتەدا نەزانراوە ئەوە مۆمیای ئەو شاژنەیە.

لاشەكەی شاژن لەگەڵ دوو لاشەی دیكەدا بوو، یەكێكیان كوڕێكی تەمەن 10 ساڵ، ئەوی تریشیان ژنێكی نەناسراو بووە كە تەمەنی لە شاژن كەمتربووە، هەرسێكیان لە ژورێكیدا دانراون و بەڕووتی پاڵخراون بێ ئەوەی هیچیان تێوەپێچرابێت.

ساڵی 2010 دكتۆر زاهی حەواس لەڕێی پشكنینی DNA توانی بزانێت ئەو مۆمیاكراوە بەتەمەنە شاژن تییە، ئەویش لەڕێی بەراوردكردنی بە تاڵە قژەكانی توت عەنخ ئامون كە تەواو هاوشێوەی ترشەڵۆكی ناوەكی شاژن بووە.

شاژن تی كێیە؟

تی، كچی ڕاوێژكار یۆیا كە لە خێزانی شاهانە نییە و خەڵكی شارۆچكەی ئەخمیم بووە لە ناوچەی سوهاجی سعەیدی میسر، باوكی یەكێك بووە لە بەناوبانگترین ڕاوێژكارەكانی میسری كۆن و لەگەڵ پاشا ئەمنحەوتبی سێهەم كاری كردووە كە پاشای ژمارە نۆی هەژدەهەمین خێزانی شاهانە بووە، بەو هۆیەوە تی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پاشایەدا پێكهێناوە.

شاژنە تی دایكی ئەمنحەوتبی چوارەمە كە بە ئەخناتون ناسراوە و پاشای ژمارە 10ی هەژدەهەمین خێزانی شاهانە بووە، هەروەها نەنكی توت عەنخ ئامونە و ڕۆڵێكی گرنگ و سەرەكی هەبووە لە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن كوڕەزاكەیەوە، كە دواتر بۆتە پاشای تەواوی زەوی كەمت كە میسری ئێستا دەكات.

بەو پێیەی شاژن تی هاوسەری پاشا و دایكی پاشا و نەنكی پاشای دواتربووە، بۆیە لەلایەن میسرییەكانەوە چەندین نازناوی پێبەخشراوە بەتایبەت ئەوانەی بەستراون بە خوداوەندەوە، ئەوانەش وایكردووە پێگەیەكی تایبەتی هەبێت.

ئەو بەیەكێك لە گەورەترین شاژنەكانی فیرعەونی دادەنرێت، لەبری پاشا بەشداری بۆنە و ئاهەنگەكانی كردووە، ناوی لەو نامانەشدا هاتووە كە لەنێوان میسری گەورە و كاربەدەستانی ڕۆژهەڵاتی كۆندا ئاڵوگۆڕ كراوە.