تەنها دوو جولەكە لە عێراقدا ماون؛ چیرۆكی كۆچی دوایی یەكێك لە كۆتا جولەكەكان

19-04-2021 12:00
دكتۆر زافر فوئاد ئیلیاهۆ پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكاوی

پەرەگراف

یەكێك لە نەخۆشخانەكانی عێراق بە پرسە نامەیەك كۆچی دوایی یەكێك لە پزیشكەكانی ڕاگەیاند، دواتر ئەوە بووە بابەتێكی گەرم و جێی گرنگی پێدانی هەمووان، چونكە ئەوەی مردووە پزیشكێكی ئاسایی نییە، بەڵكو یەكێكە لە كۆتا ئەو جولەكانەیە كە لە عێراق دەژین، هاوكات خاوەنی مێژوویەكی دیارە لە بواری پزیشكیدا.

دكتۆر زافر فوئاد ئیلیاهۆ پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكاوی، كە بەدرێژایی كاركردنی وەك پزیشك لە نەخۆشخانەی واست لە بەغداد كاری كردووە، یەكێكە بووە لەو سێ جولەكەیەی لە عێراقدا ماون، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد.

فایەق شێخ عەلی یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییەكان دەڵێت "بەمردنی د.زافر تەنیا دوو جولەكە دەمێننەوە كە لە عێراقدا دەژین"، باسی لەوەش كردووە ئەو كەسایەتییە چەندین ئۆفەری گرانبەهای پێشكەشكراوە بۆ ئەوەی وڵات جێبهێڵت و لە وڵاتانی ئەوروپا بژی، بەڵام سەرجەمیانی ڕتكردۆتەوە، چونكە ئەو پزیشكی هەژاران بووە.

یەكێك لە هاوڕێ پزیشكەكانی ئیلیاهۆ باسی لەوەكردووە، ئەو دوو جولەكەیەی ماونەتەوە یەكێكیان خوشكی ئەو پزیشكە كۆچكردووەیە كە لە ناوەڕاستی تەمەنیدایە و وەك پزیشك كاردەكات، ئەوی دیكەش مێردی خوشكەكەیەتی، ئەوانیش هیچ منداڵێكیان نییە و پێكەوە لە بەغداد دەژین، بۆیە ئاینی یەهودی لە عێراق هیچ ئایندەیەكی نییە و لە ون بوون نزیكە.

"بە ترس و گومانەوە مامەڵەی لەگەڵ نەدەكردیت، ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستی هەبوو بۆ هەمووان، بۆیە هەمووان خۆشیان دەویست" هاوڕێكەی ئەو پزیشكە بەو شێوەی باسی پەیوەندییەكانی دەكات لەگەڵ دەوروبەردا.

ئەوانەی ئاینی ئەو پسپۆڕەیان نەدەزانی بە "سەید" بانگیان دەكرد، كە نازناوێكی كۆمەڵایەتی عێراقییەو بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت كە لە نەوەی پێغەمبەر محەمەدن (د.خ).

یەكێك لەو پزیشكانەی لە نەخۆشخانە كاری لەگەڵدا كردووە، دەڵێت "بۆیە ئەو نازناوەی بۆ بەكاردەهات، چونكە لەسەر پێناسی باری شارستانییەكەی لەخانەی ئایندا لەبری یەهودی نوسرابوو موسەوی، ئەوەش ئەو نازناوەیە كە بۆ جولەكەكانی عێراق لە پێناسەكەدا نوسراوە".

هاوڕێكەی ئاماژەی بەوەش كردووە، بەهۆی هەڵەیەكیشەوە كە لەكاتی كاركردن لە نەخۆشخانە ڕوویداوە، زۆركەس وایانزانیوە لە خێزانی موسەوی شیعەكانە كە نەوەی پێغەمبەرن و بە كەسایەتییەكانیان دەوترێت "سەید"، بۆیە د.زافر بووەتە سەیدێكی یەهودی.

ئیلیاهۆ بەهۆی توشبوونی بە جەڵتەی مێشك خانەنشین بووە و هەر بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو نەخۆشییەوە لەتەمەنی 62 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی حەبیبییە لە بەغداد بەخاك سپێردراوە.

خانمە هاوڕێیەكی دیكەی دەڵێت "كۆچكردوو زۆر شەرمن بوو، خوشكەكەی هەمیشە داوای لەهاوڕێ خانمەكانی دەكرد یارمەتی بدەن بۆ دۆزینەوەی هاوسەرێك، بەڵام ئەو خۆی پڕۆسەكەی ڕەتدەكردەوە".

"نمونەی سادەیی و مرۆڤایەتی بوو، لەگەڵ هەمووان بەشداری هەموو شتێكی دەكرد، بە پێكەنینەوە چارەسەری نەخۆشەكانی دەكرد، تەنانەت ئەوانەش كە بەهۆی ئاینەكەیەوە ڕەتیاندەكردەوە چارەسەر بەدەستی ئەو وەربگرن، ئەو هەر بەڕوویانەوە پێدەكەنی" هاوڕێیەكی بەو شێوەیە باسی سیفاتەكانی دەكات.

ئەو پزیشكەی هاوڕێی باسی لەوەشكردووە، ئەوانەی چارەسەری ئەویان ڕەتكردۆتەوە زۆر كەمبوون، بۆیە لای نەخۆش و پزیشكەكان زۆر خۆشەویست بووە.

باوكی محەمەد یەكێكە لەو نەخۆشانەی لەسەر دەستی پزیشكە جولەكەكە چارەسەری وەرگرتووە زۆر بە باشە وەسفی دەكات، دەڵێت "هەرگیز نەخۆشەكانی بانگ نەدەكرد بۆ نۆڕینگە تایبەتەكەی تاوەكو بڕێك پارەی زیاتری دەستكەوێت، نەیدەناردن بۆ بەشە گرانەكان، تەواوی خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش دەكردن، هەوڵیدەدا هەموو كارەكانیان لە بەشە خۆڕاییەكان بۆ بەڕێ بكات".

زۆرینەی جولەكەكانی عێراق ساڵی 1948 چونە دەرەوەی وڵات، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوبەڕوی فەرهود بونەوە كە دەستەواژەیەكە بۆ هەڵمەتی دەستەبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بەكاردەهێنرێت.

زۆرینەیان چونە ئیسرائیل، بەشێكیان لە ژیاندا ماون و پیربوون، بەڵام شانازی بە عێراقێتیی خۆیانەوە دەكەن، ئێستاش حەز بە خواردنی خۆراكە عێراقییەكان دەكەن و گوێ لە گۆرانییەكانی دەگرن، تەنانەت بەشێكیان جلوبەرگەكانیشی لەبەر دەكەن.

جولەكەكان لە كلتوری عێراقدا خاوەنی پشكێكی دیاری هونەری و ڕۆشنبیرین كە تائێستا بونیان هەیە.