منداڵەكانی ئەنشتاین كێن و چییان بەسەرهاتووە؟

19-04-2021 02:05

پەرەگراف

ئەنشتاین ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ زانای فیزیایی میلیڤا ماریك پێكهێنا، بونە خاوەنی سێ منداڵ، كچە گەورەكەی ناوی لیزیرل بووە و چارەنوسی نادیارە، كوڕە ناوەندەكەی هانز ئەلبێرت لەسەردەمی خۆیدا زانایەكی ناسراوبووە، بەڵام نەیتوانیوە ناوبانگێكی وەك باوكی بەدەست بهێنێت.

بچوكترین منداڵی ئەنشتاین ناوی ئێدوارد بوو، لەماڵەوە بە تیتی بانگكراوە، هەر لەمنداڵییەوە تەندروستی جەستەیی مایەی نیگەرانی خانەوادەكەی بووە، بەڵام تاوەكو گەورەبوو گرفتە عەقڵییەكانی دەرنەكەوتن.

زیف ڕۆزنكراز سەرنوسەری پڕۆژەی "دیكۆمێنتاریی ئەنشتاین" دەڵێت "پێموایە ئەنشتاین زۆر لای قورس بووە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشی دەرونیی كوڕە بچوكەكەی بكات"، باسی لەوەش كردووە ئێدوارد ژیانێكی زۆر سەخت و پڕ چەرمەسەری بەڕێكردووە.

ئەلبێرت ئەنشتاین و میلیڤا ماریك

منداڵەكان چۆن باسی باوكیان دەكەن؟

هانز ئەلبێرت لەبارەی باوكییەوە دەڵێت "لە ڕاكانیدا زۆر تایبەت بوو، سوربوو لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی كێشەكان، تەنانەت ئەگەر چارەسەری هەڵەش هەبوایە بێوەستان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبوو".

"من تەنها كێشەبووم كە تێیپەڕاند و پشتگوێی خست، زۆر هەوڵیدا ئامۆژگاریم بكات، بەڵام زوو زانی زۆر كەللە ڕەقم و ئامۆژگاری كردنم تەنها كات كوشتنە" بەو شێوەیە باسی پەیوەندی خۆی‌و باوكی كرد.

لیزیرل.. كچی نۆبەرە

لیزیرل كچە گەورەی ئەلبێرت ئەنشتاین و میلیڤا ماریك ساڵی 1902 لەدایكبووە، ئەو كاتە هێشتا دایك و باوكی هاوسەرگیرییان نەكردووە.

ڕۆزنكراز لەبارەی چارەنوسی ئەو كچە ونبووەوە دەڵێت "كەس نازانێت چی بەسەرهاتووە، دوای ئاهەنگی دووەم ساڵەی لەدایكبونی، باسكردنی لە مێژوو و لای باوكیشی ونبوو".

زیف ڕۆزنكراز كە پەرەی بە پڕۆژەی دیكۆمێنتاریی ئەنشتاینداوە و چەندین بەڵگەنامەی لەسەر ژیانی ئەو زانایە كۆكردۆتەوە، پڕۆژەكەش بیرۆكەی پەیمانگای كالیفۆڕنیایە بۆ تەكنەلۆژیا‌و زانكۆكانی برینستۆن لە ئەمریكا و عیبری لە قودس سپۆنسەری دەكەن.

ئەو بەڵگەنامانەی كۆكراونەتەوە بە هیچ نرخێك پێوانە ناكرێن، چونكە دیوێكی شاراوە و لایەنێكی دیكەی ژیانی ئەنشتاین دەردەخەن.

ئەنشتاین

ئەو كاتەی لە سویسرا بووە ئەنشتاین نامەیەك بۆ میلیڤا دەنوسێت كە خەڵكی سڕبیا بووە و بۆ لەدایكبونی كچە گەورەكەی چۆتەوە وڵاتەكەی، تێدا دەپرسێت "ئایا تەندروستی باشە؟ وەك هەر منداڵێكی دیكە دەگری؟ شێوەی چاوی چۆنە؟ زیاتر لە كاممان دەچێت؟ برسی دەبێت؟ بە دڵنیاییەوە كەچەڵە، من تا ئێستا نایناسم، بەڵام زۆرم خۆشدەوێت".

میلیڤا بۆچی سویسرای جێهێشتووە و بۆ منداڵ بوون چۆتەوە سڕبیا؟

هانۆش گاتفرۆیند نوسەری یەكێك لە كتێبەكان لەبارەی ئەنشتاینەوە باس لەوەدەكات، دایكی ئەو زانایە زۆر دژی هاوسەرگیری بووە لەگەڵ ئەو كچەدا، چونكە پێیوابووە داهاتووی كوڕەكەی لەناودەبات، تەنانەت هۆشداری ئەوەشی داوە بە میلیڤا كە دووگیان بوونەكەی دەبێتە كارەسات، سكپڕییش بەبێ هاوسەرگیریی لەو كاتەدا ئابڕوچونێكی گەورە بووە، بۆیە بۆ منداڵبونەكەی چۆتەوە وڵاتەكەی خۆی.

"دڵسۆز بۆ یەكتر"

گاتفرۆیند ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو دوانە زۆر یەكتریان خۆشویستووە، پەیوەندییەكەیان كاتێك دەستی پێكردووە ئەنشتاین 23 ساڵ و میلیڤا 19 ساڵ بووە، هەردووكیان خوێندكاری بەشی فیزیابوون لە پەیمانگای زیورخی فیدراڵی بۆ تەكنەلۆژیا، ئەو تاكە كچە خوێندكاربووە لە پۆلەكەدا، دووەم خانمیش بووە بەشی فیزیا و بیركاری تەواو بكات.

والتەر ئیزاكسۆن نوسەری كتێبی "ئەنشتاین: ژیانی و گەردون" ئاماژە بەوە دەكات، لە نوسینەكانیدا هەستی بەهێزی بەرامبەر میلیڤا دەردەكەوێت، هەروەها باس لە ڕەتكردنەوەی دایكی دەكات بۆ ئەو پەیوەندییە.

لەنامەیەكیدا بۆی نوسیوە "دایك و باوكم وەك ئەوەی مردبم هەنسك هەڵدەكێشن، هەر باسی ئەوە دەكەن من بە دڵسۆزیم بۆ تۆ ئابڕوی خۆمم بردووە، ئەوان وادەزانن تۆ تەندروستیت باشنییە".

بەڵام ئەنشتاین دوای دڵی كەوت لەكاتی دووگیان بوندا نامەیەكی بۆ نوسیوە و بەڵێنی پێداوە كە دەبێتە هاوسەرێكی باش، ئاماژەی بەوەش كردووە "تاكە كێشە لەبەردەمماندا دۆزینەوەی ڕێگایەكە بۆ ئەوەی لیزیرل لەگەڵماندا بمێنێتەوە، نامەوێ وازیلێبێنم".

ئەنشتاین لە قورسی ئەوەش تێگەیشتووە لەكۆمەڵگەدا منداڵێكی ناشەرعیی هەبێت، بەتایبەت بۆ كەسێك كە ببێتە شتێكی گەورە‌و خاوەن بەرپرسیارێتی گشتی.

بێدەنگییەكی درێژ

پێدەچێت ئەنشتاین هەرگیز كچەی نەبینیبێت، چونكە كاتێك میلیڤا گەڕاوەتەوە سویسرا، لیزیرلی لای خزمەكانی لە سڕبیا جێهێشتووە.

والتەر ئیزاكسۆن پێشبینی ئەوە دەكات، میلیڤا ئەو منداڵەی لای یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی جێهێشتبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەو بارەیەوە بەردەست نییە.

هانۆش گاتفرۆیند دەڵێت "هەموو ئەوەی لەبارەی ئەو كچە نۆبەرەیەوە زانراوە تەنها لەو نامە خۆشەویستییانەدایە كە دایك و باوكی بۆ یەكتریان نوسیوە، بەڵام لە قۆناغێكیشدا باسكردنی لە نامەكاندا نامێنێت".

زیف ڕۆزنكراز باس لەوەدەكات، چەند ڕۆژنامەنوس‌و مێژوونوسێك بۆ زانینی چارەنوسی ئەو كچە چونەتە سڕبیا، بەڵام سەرجەم هەوڵەكانیان شكستی هێناوە، ئەوەی بە زانراوی ماوەتەوە "لەتەمەنی دوو ساڵیدا توشی تایەكی بەهێز بووە، نازانرێت دوای ئەوە ژیاوە یاخود نا".

ونبونی لیزیرل لەدوای ئەو تەمەنەوە زۆر لێكدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، "ڕەنگە بۆ بەخێوكردن درابێت بە ماڵێك، ڕەنگە مردبێت، نازانین چۆنە" ڕۆزنكراز وادەڵێت.

زۆرینەی پێشبینییەكانیش باس لەوە دەكەن، ئەنشتاین تا كاتی مردنی لە ساڵی 1955، باسی كچەكەی بۆ هیچ كەسێك نەكردووە، تەنانەت ئەو گروپەش كە لێكۆڵینەوەیان لە ژیانی كردووە تا ساڵی 1986 نەیانزانیوە كچێكی هەیە، بەڵكو دوای دۆزینەوەی نامەكانی لەگەڵ میلیڤا ئەوەیان بۆ ئاشكرابووە.

خانوویەكی تایبەت بە خۆیان

ساڵی 1903 ئەنشتاین كارێكی جێگیری دەستكەوت لە شاری بیرنی سویسرا، دوای ئەوەش میلیڤا گەڕایەوە بۆلای و هاوسەرگیرییانكرد.

ساڵی دواتر هانز ئەلبێرت منداڵی دووەمیان لەدایكبوو، ئێدواردیش ساڵی 1910 دوای چونی دایك و باوكی بۆ ژیان لە زیورخ، هاتە دنیاوە.

ئیزاكسۆن لەزاری هانزەوە دەڵێت "باوكم كارەكانی دەخستە لاوە و گرنگی بە ئێمە دەدا، لەبەردەم ئێمەدا كاری ماڵەوەی دەكرد، لەسەر ئەژنۆی دادەنیشتین، چیرۆكی بۆ دەگێڕاینەوە و كەمانچەی بۆ دەژەندین بۆ ئەوەی بەهێمنی بمێنینەوە".

ئێدوارد.. كێشەی دەرونی‌و جەستەیی

منداڵیی ئێدوارد زۆر سەختبووە، تەندروستی خراپ بووە، زۆر نەخۆش دەكەوت و چەند هەفتەیەك لەسەر جێگا دەمایەوە.

كاتێك ساڵی 1917 توشی هەوكردنی سییەكان دەبێت، ئەنشتاین لە نامەیەكدا بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی دەنوسێت "تەندروستی كوڕە بچوكەكەم زۆر نیگەرانم دەكات".

لەگەڵ ئەو نەخۆشییەشدا ئێدوارد لە خوێندندا سەركەوتوو بووە، گرنگی بە هونەرداوە، شعری نوسیوە و پیانۆی ژەنیوە، ئەوانە لە كتێبی ئینسایكلۆپیدیای ئەنشتاین باسكراون.

كوڕە بچوك بەردەوام لەگەڵ باوكیدا لەبارەی میوزیك و فەلسەفەوە گفتوگۆی كردووە، لەو ڕێیەوە ئەنشتاین تێگەیشتووە كە ئیدوارد "مێشكی لە بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە ژیانەوە ماندوو دەكات".

كۆتایی خۆشەویستی

بەهۆی نوقومبونی ئەنشتاین لەناوكارەكانیدا، پەیوەندی لەگەڵ میلیڤا تێكچوو، ئەوەی زیاتریش دۆخەكەی تێكدا دروستكردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ یەكێك لە خزمەكانی بەناوی ئیلسا.

ئەنشتاین لەگەڵ ئیلسای كچە مامی پەیوەندیی خۆشەویستی هەبووە لە كاتێكدا میلیڤا هاوسەری بووە.

ساڵی 1914 خێزانەكەی ئەنشتاین لە بەرلین دەژیان، بەڵام چەند هۆكارێك وایكرد هاوسەرگیرییەكەیان هەڵبوەشێتەوە، بەتایبەت بەهۆی شێوازی مامەڵەی ئەنشتاین لەگەڵ میلیڤا كە وایكرد بگەڕێتەوە سویسرا.

ساڵی 1919 بەفەرمی دوو هاوسەرەكە جیابونەوە، هانۆش گاتفرۆیند لەوبارەیەوە باس لەوەدەكات، دووركەوتنەوە لە منداڵەكان بۆ ئەنشتاین زۆر سەختبوو، بۆیە هەوڵیداوە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ كوڕەكانیدا هەبێت.

دوای ئەوەی میلیڤا و منداڵەكان دەچنەوە سویسرا، ئەگەر ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم ڕێگەی بدایە، ئەنشتاین دەچوو بۆ سەردانكردنی كوڕەكانی، كاتێكیش گەورەبوون بانگی دەكرن بۆ ئەوەی ماوەیەك لە بەرلین لەگەڵیدا بمێننەوە.

زیف ڕۆزنكراز دەڵێت "نامەی زۆری بۆ دەناردن، بەتایبەت بۆ ئێدوارد كە لەتەمەنی هەرزەكاریدابوو"، لەنامەكاندا نزیكبونەوەیەكی زۆر هەبووە، دیالۆگی فكریی گەورە لەنێوانیاندا هەبووە، تەنانەت لەسەر چەند هەڵوەستەیەكیش ڕەخنەیان لە یەكترگرتووە.

ئەو نوسەرە باسی لەوەشكردووە، ئەنشتاین چێژێكی زۆری لە نوسینەكانی ئێدوارد وەرگرتووە، ئەوەش تەنها بەهۆی بەهرەكەی لە نوسیندا نا، بەڵكو بەهۆی قوڵیی بیركردنەوەی.

ئەنشتاین ساڵی 1930 لە نامەیەكدا بۆی دەنوسێت "ژیان وەك سواربونی پاسكیل وایە، ئەبێت بەردەوام بجوڵێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی".

زیف ڕۆزنكراز ئەوەدەخاتەڕوو، پەیوەندی ئەنشتاین لەگەڵ كوڕە گەورەكەی (هانز ئەلبێرت) بەو ڕادەیە بەهێزە نەبووە، كەسایەتییەكی ڕوونی هەبووە، زیاتر لایەنی كرداریی هەبووە و داهێنانی تەكنیكی هەبووە، ئەوەش پێچەوانەی باوكی بووە، دوای چەند ساڵێكیش لەنامەیەكدا ئامۆژگاری كردووە بۆ ئەوەی كارێكی هەبێت.

دەستنیشانكردن

ئێدوارد حەزی دەكرد ببێتە پزیشكی دەرونی، زیاتر گرنگی بە بیردۆز و تێڕوانینەكانی فرۆید دەدا، پزیشكی دەخوێند كاتێك ساڵی 1932 لە تەمەنی 22 ساڵیدا برایە نەخۆشخانەیەكی دەرونی، ساڵی 1933 دەركەوت نەخۆشی شیزۆفرینیای هەیە.

"باشترین كوڕم، كە زۆرترین لێكچونی هەیە لەگەڵ مندا، توشی نەخۆشییەكی دەرونی بووە كە چاكبونەوەی نییە" ئەنشتاین لەنوسینێكیدا بەم شێوەیە باسی نەخۆشییەكەی ئێدوارد دەكات.

ساڵی 1933 كاتێك مەترسیی نازییەكان دەركەوت، ئەنشتاین بەرەو ئەمریكا كۆچی كرد، پێش ڕۆیشتنی بۆ كۆتاجار سەردانی ئیدواردی كردووە و دوای ئەوە یەكتریان نەبینییەوە.

كۆتاییەكی خەمناك

میلیڤا بەرپرسی چاودێریكردنی ئێدواردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی 1948 ئەو خانمە كۆچی دوایی دەكات، ئەنشتاین لە ئەمریكاوە كەسێك ڕادەسپێرێت چاودێریی كوڕەكەی بكات.

زیف ڕۆزنكراز لەبارەی پەیوەندیی كوڕ و باوك دوای چونی ئەنشتاین بۆ ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كردووە، لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا هیچ نامە گۆڕینەوەیەك لەنێوانیاندا نەبووە، هاوكات ئیزاكسۆن باسی لەوەكردووە بەهۆی دۆخی ئەقڵیی ئێدواردەوە ڕێگەی پێنەدراوە كۆچ بكات بۆ ئەمریكا.

كوڕە بچوكەكەی ئەنشتاین ساڵەكانی كۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەرونی بەسەربرد و ساڵی 1965 لە تەمەنی 55 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

هانز ئەلبێرت.. درەوشاوەیەكی سەردەمەكەی

ئەنشتاین و هانز ئەلبێرت

هانز ئەلبێرت ئەندازیاری مەدەنی لەپەیمانگای فیدراڵی تەكنەلۆژیا لە زویرخ تەواوكرد، ئەنشتاین ساڵی 1924 لە نامەیەكدا شانازی پێوە دەكات و دەنوسێت "ئەلبێرتی كوڕم بۆتە پیاو، خاوەنی بەهرە و توانایەكی زۆرە".

هانز ساڵی 1926 لەو بەشە دەرچووەو ساڵی 1934 بووە بە دكتۆر لە بواری زانستی تەكنیكی، ساڵی 1938 لەسەر پێشنیاری باوكی بۆ تەواوكردنی خوێندن چۆتە ئەمریكا و لەوێ بۆتە ئەندازیارێكی دیار و درەوشاوە و ساڵی 1973 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەتەمەنی 69 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.