چیرۆكی ئەو 15 كەسەی بەبێ كاتژمێر و مۆبایل 40 ڕۆژ لە ئەشكەوتێكدا مانەوە

27-04-2021 01:22

پەرەگراف

چەند كەسێكی خۆبەخشی فەڕەنسی دوای مانەوەیان بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە ئەشكەوتێكدا هاتنە دەرەوە، ئامانجیان لەو كارە تاقیكردنەوەی توانای مرۆڤ بوو، بۆ زانینی ئەو ماوەیەی كە دەتوانێت خۆی لە دەوروبەر داببڕێت.

ئەوان ژمارەیان 15 كەسبوو، چوبونە ئەشكەوتی لۆمبەرفیز لە باشوری خۆرئاوای فەڕەنسا، كاتژمێر و مۆبایل و هیچ ئامێرێكی تەكنەلۆژییان لەگەڵ خۆیان نەبردووە و ئەو ماوەیە تیشكی خۆریان نەبینیوە.

بۆ خەوتن و پشوودان چەند خێمەیەكیان هەڵدابوو، خۆیان وزەی كارەبایان بەرهەمدەهێنا و كاروبارەكانیان پێ بەڕێ دەكرد.

ئامانجی تاقیكردنەوەكە زانینی وەڵامدانەوەی مرۆڤ بووە بۆ نەمانی هەستكردن بە كات و شوێن و ئاگادارنەبوون لە جیهانی دەرەوە.

چالاكییەكە ناوی "كاتی قوڵ" بوو، ئەوان لە هەشت پیاو حەوت ژن پێكهاتبوون، تەمەنیان لەنێوان 27 بۆ 50 ساڵ بووە، دوای 40 ڕۆژ مانەوە ڕۆژی شەممە لە ئەشكەوتەكە هاتنە دەرەوە.

ئەو كەسانە لەلایەن چەند زانایەكەوە سەرپەرشتی دەكران، كە ڕۆژێك پێش هاتنە دەرەوەیان زاناكانیش چونەتە ژوورەوە بۆلایان‌و پێیان ڕاگەیاندوون تاقیكردنەوەكە لە كۆتاییدایە.

لەكاتی هاتنە دەرەوەدا، سەرجەم بەشداربووان بە چەپڵە پێشوازییان لێكرا، هەموو سەریان سوڕمابوو، چاویلكەیان لەچاوكردبوو تاوەكو دەرفەت بدەن بە چاویان بە تیشكی خۆر ڕابێتەوە.

كریستیان كلۆت بەڕێوبەری پڕۆژەكە دەڵێت "لە ئەشكەوتدا هەست دەكرێت كات زۆر بە خاوی دەڕوات".

مارینا لانكوان كە بەشداربوویەكی تەمەن 33 ساڵە باسلەوە دەكات، ئەزمونەكە وەك پەنجەنان بە دووگمەیەكدا بووە بۆ وەستاندنێكی كاتیی ژیان.

لەكاتی چالاكییەكەدا ئەو كەسانە هیچ ئامێرێكی ئەژماركردن و زانینی كاتیان لانەبووە، بۆ ئەوەی كاتی كۆتایی تاقیكردنەوەكە نەزانن.

بەشداربووەكان دەبوو پشت بە كاتژمێری بایەلۆجیی لەشیان ببەستن بۆ زانینی كاتی خەوتن و ڕێكخستنی ڕۆژەكانیان.

ئامڕازی زۆر سادەیان لەبەر دەستدا بووە، بەنمونە؛ دەیانتوانی بە بەكارهێنانی پاسكیلێك وزەی كارەبا بەرهەم بهێنن، بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە دەبوو ئاو لە بیرێك دەربهێنن كە 45 مەتر لەژێر زەوی ئەشكەوتەكەدا بوو.

ئەمە یارمەتی ئەو كەسانە دەدات چۆن لەگەڵ دۆخی ژیانی سەخت خۆیان ڕابهێنن، بەتایبەت كە لەئێستادا بەهۆی كۆرۆناوە ملیۆنان كەس كەرەنتینەن و خۆیان لە كەسانی دەوروبەریان دابڕیوە.

پسپۆڕان پێش چونە ناو ئەشكەوتەكە و دوای هاتنە دەرەوەش، پشكنینیان بۆ توانا و چالاكییەكانی مێشكی بەشداربووەكان كردووە، تاوەكو بەراوردكارییان بۆ بكەن و دواتر ئەو ئەنجامانە لە توێژینەوەیەكدا بڵاوبكەنەوە.

كلۆت دەڵێت "داهاتووی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە لە بەرەوپێشچووندایە، پێویستە ئەوە فێرببین كە چۆن بەشێوەیەكی باشتر لەتواناكانی مێشكمان تێبگەین، جا لە هەر دۆخێكدا بێت".