دوای 17 ساڵ مانەوە لە ژێر زەوی، ملیارەها زیكزیكە ئەمریكا داگیر دەكەن

12-05-2021 05:51

پەرەگراف

ڕووداوێكی سروشتی و دەگمەن، 17 ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە، ئەویش هاتنە دەرەوەی ملیارەها مێرووی زیكزیكەیە لە تاریكیی ژێر زەوی، بۆ ئەوەی دیمەنێك دروست بكەن كە لە هیچ شوێنێكی دیكەی سەر زەوی نابینرێت، ئەمریكا نەبێت.

ئێستا نیشانەكانی دەستپێكردنی ئەو ڕووداوە سروشتییە دەستی پێكردووە، ئەوانەی دیمەنەكە دەبینن، باس لەوە دەكەن هاوشێوەی فیلمی ترسناك و ئەفسانە كۆنەكانە.

كاتێك دێنە دەرەوە، مرۆڤ ناتوانێت بێ داخستنی جامی ئۆتۆمبێلەكەی شۆفێریی بكات، لەكاتی ڕۆیشتن بەپێ ژمارەیەكیان دەكەونە ناو قژ و دەیانیان لەژێر پێدا پاندەبنەوە.

ژیان لە تاریكیدا

زیكزیكە بە ئینگلیزی (cicada) پێدەوترێت و لە خێزانی سیسركە، واتە ئەو مێرووانەی نیو باڵیان هەیە توانای فڕینی تەواویان نییە، زیاتر لە سێ هەزار جۆریان هەیە و لەگەڵ چەند جۆرێكی دیكە كە تائێستا پۆلێن نەكراون.

دواهەمین دەركەوتنی زیكزیكە لە ئەمریكا ساڵی 2004 بوو، پێش ئەویش ساڵی 1987 بووە، ژمارەیان هێندە زۆر بووە تائێستاش باسی ئەو ساڵە دەكرێت.

ئەوان زۆرینەی ژیانیان لە تاریكی ژێر زەوی لەسەر ڕەگی دارەكانە، بەڵام لەكاتی گونجاو بۆ جوتبون و دۆزینەوەی هاوبەشی ژیانیان دێنە دەرەوە.

هاتنە دەرەوەیان لە باكوری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 17 ساڵ جارێكە، لە باشوریش بە دیاریكراوی لە دۆڵی مسیسیپی 13 ساڵ جارێكە.

كاتێك لەكۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایار، زەوی ناوچەكە گەرم دەبێت و شەق دەبات، ملیارەها جۆری مێرووەكە كە بە (پەری زیكزیكە) ناسراون دێنە دەرەوە، بەسەر لقی دارەكاندا هەڵدەگەڕێن و دایدەپۆشن تا پێدەگەن و دەبنە مێروویەكی تەواو.

پەری زیكزیكەكان هەڵگری توخمی ئێكسن و لە 12 ویلایەت بڵاودەبنەوە كە لە ڕۆژئاواوە لە ئیلینوی دەستپێدەكات، بەرەو جۆرجیا لە باشور و نیویۆرك لە باكوری ڕۆژهەڵات.

هاوسەرگیری و مردن

لەگەڵ هاتنە دەرەوەیان تەنها چەند هەفتەیەكیان لەبەردەستدایە بۆ بانگكردنی یەكتر و ئەنجامدانی هاوسەرگیری و دەستپێكردنی خولێكی نوێی ژیان.

لەماوەی نزیكەی چوار هەفتەدا زیكە زیكی زیكزیكەكان بەشێكی دارستان دەتەنێت، بەوەش دەستپێكردنی وەرزی جوتبوون ڕادەگەیەنن.

لەوكاتەدا مێینەكان سەدان هێلكە لەسەر لقی دارەكان دادەنێن و دەمرن، دوای هەڵهاتنیان پەرییەكان دووبارە دەكەونەوە خوارێ بۆ ژێر زەوی بۆ ماوەی 17 ساڵ، لەو تاریكاییەدا دەمێننەوە، دوای چەندین ساڵ دووبارە هەمان سوڕ دەستپێدەكاتەوە.

نزیكەی سێ بۆ چوار هەزار جۆری زیكزیكە لە جیهاندا هەن، بەڵام پەری زیكزیكە كە بەم شێوە خولییە دەژین زۆر دەگمەن و كەمن.

ژیانی ئەو مێرووە زاناكانی توشی سەرسوڕمان كردووە، بۆماوەیەكی درێژ پرسیاری هۆكاری مانەوەی زیكزیكەیان دەكرد لە ژێر زەویدا بۆ ماوەی 13 یان 17 ساڵ، ئایا لەو ماوەیەدا چی دەخۆن؟ بۆچی بەو شێوەیە دەژین؟

زۆرینەی زیكزیكە بەشێوەیەكی خولیی لەنێوان 13 یان 17 ساڵدا دەردەكەون، بەڵام بەشێكیان هەیە پێش یاخود دوای ئەو ماوەیە بە چوار ساڵ دێنە دەرەوە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خێرا گەشەكردن و بونی خۆراكی پێویست كە یارمەتیدەرە بۆ زوو دەركەوتنیان، ئەوانەش كە دوا دەكەون بە پێچەوانەوە گەشەی تەواویان نەكردووە.

كاتێك ڕووی زەوی ناوچەیەك داگیر دەكەن، زۆریی ژمارەی مێرووەكە وادەكات پڕۆسەی جوتبوون و هاوسەرگیرییەكە سەركەوتووبێت، هەروەها بەشێكیان دەبنە نێچیر و خۆراكی مار و شەمشەمەكوێرە و باڵندەكان، بەڵام بەهۆی زۆرییانەوە پێیانەوە دیاری نادات.

مێژووی سروشتی

تەمەنی زیكزیكە لەو دارستانانە زیاترە كە تێیدا دەژین، بەپێی ئەو پشكنین و تاقیكردنەوانەی ئەنجامدراون مێرووەكە دەكرێت بە دوو جۆری سەرەكییەوە كە مێژوویان بۆ چوار ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە.

دوای 1.5 ملیۆن ساڵ یەكێك لە جۆرەكان لقێكی لێبۆتەوە و لەویش ئەو سێ جۆرە دەركەوتوون كە تائێستا بونیان هەیە و دەبینرێن.

ئەوانەی سەرەتا ئەمریكایان داگیركردووە، لە ماساچۆستس مێرووەكەیان بۆ یەكەمجار بینیوە، وایانزانیوە جۆرێكی كوللەیە، هەر ئەوەش وایكردووە بە هەڵە ناوی كوللە و زیكزیكە بەیەكەوە ببەسترێتەوە.

زاناكانی بواری مێرووناسی لەسەدەی 19 بۆیان دەركەوت، زیكزیكە لەسەر خواردنی گەڵای دار ناژی و بەروبومی كێڵگەكان وێران ناكات، هاوشێوەی كوللەش نافڕێت، بەڵكو زۆرینەی ژیانی بە شاراوەیی بەسەردەبات، لەژێر زەویدا گەشە دەكات و گەورە دەبێت، بۆ خواردن پشت بە ڕەگی دارەكان دەبەستێت.