نابینایەك دەچێتەسەر بەرزترین لوتكەی جیهان

07-06-2021 12:45

پەرەگراف

پیاوێكی نابینای چینیی بەسەر دیوە نیپاڵییەكەی بەرزترین لوتكەی جیهاندا سەردەكەوێت، بەوەش دەبێتە یەكەم نابینا لە ئاسیا و سێهەم لەسەر ئاستی جیهان، بەسەر ئێڤرستدا سەربكەوێت.

چانگ هۆنگ، ئەو پیاوە نابینایە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كەمئەندامیت یان نا، هەستی بینین یاخود دەست یان قاچت لەدەستداوە، ئەوانە گرنگ نییە، ئەگەر بیرێكی تەندروستت هەبێت، دەتوانیت ئەو شتانە بكەی كە كەسانی دیكە ناتوانن بیكەن".

ئەو نابینا چینییە لە 24-5-2021دا دەستیكرد بە سەركەوتن بۆ لوتكەی ئێڤرست كە بەرزییەكەی هەشت هەزار و 849 مەترە، دوای 3 ڕۆژ گەڕایەوە بنكەی دامێنی چیاكە.

چانگ هۆنگ لەشاری چۆنگ چینگ لەباشوری ڕۆژئاوای چین لەدایكبووە، لەتەمەنی 21 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی گلۆكۆماوە هەستی بینینی لەدەستداوە.

سەركەوتن بەسەر ئێڤرستدا بۆ زۆر كەس بووە بە خولیا، پارێزەرێكی خانەنشینی خەڵكی شیكاغۆ، بووە بە بەتەمەنترین كەس كە بەسەر لوتكەكەدا سەربكەوێت، هاوكات مامۆستایەكی خەڵكی هۆنگ كۆنگ بووە بە خێراترین خانم كە لەماوەیەكی كەمدا سەركەوتبێتە سەرەوەی چیاكە.

گەیشتنی ئەو نابینایەو پیاوە بەتەمەنەكەوە و خانمە مامۆستاكە لەكاتێكدایە، لوتكەی ئێڤرست لە كەشوهەوایەكی سەختدایە، هاوكات بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش گرفتێكی زۆری دروستكردووە.

ئارسەر مۆیەر تەمەن 75 ساڵ لەم مانگەدا و پێش سەركەوتنی نابینا چینییەكە توانی بچێتە سەر لوتكەكە، بەوەش ژمارەی پێوانەیی بیل بۆرك هاووڵاتیی ئەمریكی شكاند كە پێش ئەو لە تەمەنی 67 ساڵیدا بەسەر لوتكەی ئێڤرستدا سەركەوتبوو.

مۆیەر كە پارێزەربووە و ئێستا خانەنشینە، ساڵی 2019 لەسەر پلیكانە كەوتۆتە خوارەوە و قولەپێی شكاوە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە لەوەی هەوڵی سەركەوتن بەسەر ئێڤرستدا بدات.

ئەو پیاوە كە بەتەمەنێكی زۆرەوە دەستی بە سەركێشیی سەركەوتن بەسەر چیاكەدا كردووە، ئاشكرای دەكات، هەستی بە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر كردووە.

لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە كاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ، وتی "ئێمە قەبارەی چیاكە و مەترسییەكانی دەزانین، مرۆڤ ڕوبەڕوی چی دەبێتەوە، بەڵێ ئەوە توشی دڵەڕاوكێ و قەلەقیت دەكات، ڕەنگە واتلێبكات بترسیت".
"كاتێك گەیشتمە سەر لوتكەكە توشی سەرسوڕمان بووم، بەڵام زۆر ماندووبووم، نەمدەتوانی بەپێوە بووەستم، لە وێنەكانی سەر لوتكەكەشدا دیارە كە دانیشتووم".

ئارسەر مۆیەر لەتەمەنی 68 ساڵیدا دەستی بە شاخەوانی و سەركەوتن بەسەر چیادا كردووە، سەرەتا لە ئەمریكای باشور، دواتر ئەلاسكا، ساڵی 2019 ویستی بچێتە سەر ئێڤرست، بەڵام بەهۆی كەوتنە خوارەوەی نەیتوانی، ساڵی ڕابردووش كۆرۆنا ڕێگربوو لە گەشتكردنی، بەڵام لەمساڵدا ئەنجامیدا.

تسانگ یین هۆنگ، تەمەنی 45 ساڵ خانمە مامۆستایەكی خەڵی هۆنگ كۆنگە، بە 25 كاتژمێر و 50 خولەك چووە سەر بەرزترین لوتكەی جیهان، بەوەش بووە یەكەم خانم بەو خێراییە سەربكەوێت.

لەپیاواندا خێراترین سەركەوتن تائێستا لای لاكبا جیلۆی نیپاڵی ماوەتەوە كە بە 10 كاتژمێر و 56 خولەك چۆتە سەر لوتكەی ئێڤرست.