چیرۆكی ئەو خێزانەی منداڵەكانیان ناویان؛ ئیشتراكی، ماركسی، شیوعی‌و لینینی-یە

13-06-2021 04:41
خێزانی موهان

پەرەگراف

خێزانێكی هیندی ئاهەنگێكی گەورەی هاوسەرگیری بۆ كوڕێكیان سازدەكەن كەناوی "ئیشتراكی"یە، دوو كوڕی دیكەیان ناویان " شیوعی، لینینی"یە، برازایەكیشیان ناوی "ماركسی"یە.

ئیشتراكی، شیوعی و لینینی، ناوی منداڵەكانی ئەی موهان سكرتێری خۆجێی حزبی شیوعی هیندییە لە ویلایەتی تامیلنادۆی هیندستان.

موهان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، كوڕی یەكەمی لەسەردەمی ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لەدایكبووە، ئەوكات لە هەموو شوێنێك هەواڵەكان باسی كۆتایهاتنی شیوعییەتیان كردووە.

ئەو پیاوە كۆتایهاتنی ئەو سیستمەی ڕەتكردۆتەوە، پێیوابووە ئەمە "كۆتایی شیوعییەت نییە تا مرۆڤ بوونی هەبێت" بۆیە بڕیاردەدات یەكەم منداڵی ناوبنێت شیوعی.

ئەو پیاوە بەوەوە نەوەستاوە كوڕی دووەمی ناوناوە لینینی، هەروەها كوڕی سێهەمیشی كە ئێستا زاوایە، ناوناوە ئیشتراكی.

لینینی ماوەیەك پێش ئێستا هاوسەرگیری كردووە و بۆتە خاوەنی كوڕێك كە تەمەنی پێنج مانگە، ئەویش لەلایەن باوكییەوە ناونراوە "ماركسی".

كارتی ئاهەنگەكەی لینینی كە 13ی حوزەیران ئەنجامدرا، بەشێوەیەكی فراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆتەوە، وێنە‌و دروشمی چەكوش و داسەكەی لەسەر دانراوە، كە هێمایە بۆ شیوعییەت.

ئاهەنگەكە بەتەواوی مۆركێكی سیاسی پێوە دیارە، چونكە بوكەكە ناوی بی ماماتا بانێرجییە، ئەویش لەلایەن نەنكییەوە لەسەر ناوی یەكێك لە سیاسییە چەپە دیارەكانی ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوای هیندستان ناونراوە.

بەڕای موهان، ناوی كوڕەكانی هیچ شتێكی نائاسایی تێدا نییە، چونكە منداڵی هاوڕێكانیشی ناوی هاوشێوەیان هەیە، بەجۆرێك ناویان "ڕوسیا، مۆسكۆ، ڤێتنام، چیك و سلۆڤاكیا"یە.

ئەو دانبەوەدا دەنێت كە زۆرجار منداڵەكانی بێزاركراون بەتایبەت شیوعی، تەنانەت یەكێك لە نەخۆشخانەكان ڕەتیكردۆتەوە چارەسەری بكات كاتێك تەمەنی سێ ساڵ بووە و نەخۆش كەوتووە.

"لە ناوی شیوعی دەترسان، لەسەرەتادا ڕوبەڕوی زۆر گرفت بومەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی كات دۆخەكە ئاسایی بووەوە" باوكی كوڕەكان وادەڵێت.

موهان نەوەیەكی تری بەڕێگاوەیە، لەئێستاوە ناوی كوبیی بۆ منداڵەكە دانراوە.

لە ڕابردوودا هیندستان زیاتر مەیلی بەلای یەكێتی سۆڤیەتدا هەبوو، ناوەكانی وەك "ستالین، لینین، ترۆتسكی" زۆر بڵاوبوون، تەنانەت چەندین كەس ناونراون براڤدا كە ناوی یەكێك لە ڕۆژنامە حكومییەكانی یەكێتی سۆڤیەت بوو.

لەئێستا سەرۆكوەزیرانی ویلایەتی تامیل نادۆ ناوی "م.ك ستالین"ە، چونكە باوكی سەرسامی ستالین دیكتاتۆری شیوعیی سۆڤێتی بووە.