شەكری دەستكردو سروشتی جیاوازییان چییەو چۆن لە جەستەدا كاردەكەن؟

27-07-2021 05:05

پەرەگراف

شەكر ئەو پێكهاتە شیرینەیە كە لە زۆرینەی خواردنەكاندا بەشێوەیەكی سروشتی بونی هەیە، هاوكات بەشێوەی دەستكرد و پێشەسازیش دروست دەكرێت و بۆ شیرینكردنی خواردن و خواردنەوەكان‌و چەند مەبەستێكی دیكە بەكاردەهێنرێت.

شەكر بەشێوەیەكی گشتی بە سەرچاوەیەكی سەرەكی كالۆری‌و وزە دادەنرێت، خواردنی زیاد لە بڕی پێویست زیانی هەیە، بەتایبەت ئەگەر لە جۆری دەستكرد بێت.

جیاوازیی نێوان شەكری سروشتی و دەستكرد

ساڵ لەدوای ساڵ زانیاری نوێ لەبارەی زیانەكانی شەكر بەتایبەت شەكری دەستكرد لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕ بڵاودەكرێنەوە، ئەوەش وادەكات خەڵك زیاتر لە خواردنی دووربكەونەوە.

شەكری سروشتی بەشێوەیەكی سروشتی لە پێكهاتەی میوە و خۆراكەكاندا هەیە، هەروەها بەشێوازێكی تایبەت دەتوانرێت دەربهێنرێت و لەبری شەكری دەستكرد بەكاربهێنرێت.

ئەو جۆرە شەكرە دەتوانرێت بوترێت تاڕادەیەك زیانی نییە، چونكە بڕێكی زۆر لە ماددە ڕیشاڵی‌و دژە ئۆكسیدەكان لە پێكهاتەكەیدا هەیە.

لەبەرامبەردا شەكری دەستكرد هیچ بەهایەكی خۆراكی نییە و تەنها كالۆرییەكی زۆر بە لەش دەبەخشێت، كە ئەوەش دواتر دەگۆڕێت بۆ چەوریی‌و هۆكارێكی سەرەكی دەبێت بۆ زیادبونی كێشی لەش.

شەكر چەند بخۆیت؟

لەبارەی ئەو بڕە شەكرەی كە ئاساییە كەسێك ڕۆژانە بیخوات، كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی پێشنیار دەكات، وەرگرتنی شەكری دەستكرد تا سنوردار بكرێت باشترە و بەوجۆرە سودی بۆ تەندروستی هەیە. كۆمەڵەكە پێیوایە خانمان دەتوانن لە ڕۆژێكدا ٦ كەوچكی بچوك شەكر بخۆن بەجۆرێت لە ڕۆژەكەدا لە 25 گرام زیاتر نەبێت، ئەو بڕە كەمەش 100 كالۆرییان پێدەدات، بەڵام بۆ پیاوان ڕێژەكە كەمێك زیاترە و دەتوانن 9 كەوچكی بچوك بەكاربهێنن، كە دەكاتە 36 گرام و لە 150 كالۆری پێكدێت.

بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت ئەو بڕە تێپەڕێنێت كە بۆی دیاریكراوە، چونكە زۆرینەی خواردن و خواردنەوەكان كە ڕۆژانە بەكاردێن ڕێژەیەك شەكریان تێدایە، بەتایبەت ئەگەر كەسێك ئەو خواردنەوانە بخواتەوە كە ڕێژەی شەكریان بەرزە، بەنمونە سۆدە، یاخود خواردنەوەی گازیی كە 39 گرام زیاتر شەكریان تێدایە، واتە قتویەك لەو خواردنەوانە دەتوانێت ئەو بڕەی لەش پێویستی پێیەتی زۆر بە ئاسانی تێیپەڕێنێت.

بۆچی شەكری دەستكرد خراپە؟

ئەو شەكرە بەخێراییەكی زۆر دەكرێت ببێتە كێشە و گرفت بۆ جەستە، بەتایبەتی ئەگەر مرۆڤ وریا نەبێت لە خوێندنەوەی زانیاریی لەبارەیەوە، دەبێت بزانرێت هەر خواردنێك كە ڕۆژانە دەخورێت بڕی چەند لەو شەكرەی تێدایە.

ئەوەی گرفتەكە زیاتر دەكات، ئەو تامە شیرینەیە كە شەكرەكە دەیبەخشێت و زۆرینەی خەڵك حەزی پێدەكەن و زۆر قورسە لایان لە بەكارهێنانی دووربكەونەوە، بەڵام دەبێت هەمووان ئاگاداری ئەوەبن، شەكر دەبێتە كالۆری‌و دواتر لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ چەوری و كۆدەبێتەوە.

شێوازی كاركردنی شەكری سروشتی و دەستكرد لە لەشدا

لە ڕووی تەكنیكییەوە هەموو ئەو شەكرەی دەیخۆین لە جەستەدا دەگۆڕێن بۆ كلوكۆز ئەوەش بە پڕۆسەیەكی تایبەت دەبێت.

دكتۆر لیسا ڤالێنتی ماستەر لە زانست و پسپۆڕی بواری خۆراک کە وەک ئیدیتۆر لە بواری خۆراک لە سایتی (ئیتینگ وێڵ) کار دەکات، دەڵێت "لەشی تۆ لە بنەڕەتدا بە هەمان شێوە شەكری سروشتی و دەستكرد شی دەكاتەوە، بەڵام چەند خاڵێكی جیاواز هەیە لە نێوانیاندا".

ئەو پسپۆڕە لەبارەی جیاوازییەكەیانەوە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو شەكرانەی لە خواردنەكاندا بونیان هەیە وەك میوە، بەرهەمە شیرەمەنیەكان و خۆراكەكانی دیكە، جگە لە شەكر پێكهاتەی دیكەیان تێدایە وەك پڕۆتین و كالیسیۆم، هەروەها ماددەی ڕیشاڵی و ڤیتامین.

پڕۆتین و ڕیشاڵی پێكهاتەی خواردنەكان یارمەتیدەرن لە خاوكردنەوەی پڕۆسەی هەرسكردن، ئەوەش ڕێگری دەكات لەوەی شەكری خوێن بە ڕێژەیەكی زۆر زیاد و كەم بكات، واتە شەكرە سروشتییەكە زیانێكی زۆری نابێت.

بەڵام كاتێك پارچەیەك كێك یاخود شیرینییەك دەخورێت، ڕێژەی شەكری بەرزەو بەهای خۆراكیشی كەمە، بۆیە زۆر بە خێرایی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە.

دكتۆر ڤالێنت باسلەوەدەكات، ئەو خۆراكانەی شەكریان بۆ زیاد دەكرێت شەكر و شیرینییان لە میوەو شیرەمەنییەكان زۆر زیاترە، ئەوەش وادەكات كەسەكە زیاتر بخوات و حەزێكی زۆری بۆی هەبێت، لەبەرامبەردا لەش وەك پێویست ناتوانێت تێكی بشكێنێت و شیی بكاتەوە.