عێراقییەك بە كارێكی جیاواز ناوی دەچێتە كتێبی گینسەوە

22-12-2021 07:46
سەعید ھوەیدی و تابلۆکەی

پەرەگراف

هونەرمەندێكی لاوی عێراقی بە ئەنجامدانی كارێكی جیاوازی هونەری ناوی لە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان تۆمار دەكرێت.

سەعید هوەیدی ئەو گەنجە عێراقییە تەمەن 27 ساڵەیە كە كارێكی هونەری جیاوازی بە بەكارهێنانی بزمار و دەزوو دروستكردووە كە بەگەورەترین كاری لەو شێوەیە دادەنرێت بۆیە ناوی لە كتێبی گینسدا تۆماركراوە.

گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوەی وایكردووە تابلۆكەی ئەو گەنجە لای ئەوانتۆمار بكرێت ئەوەیە، بۆ تەواوی كارەكەی تەنیا دەزوویەكی بێ پچڕان و پارچە بەكارهێناوە و توانیوێتی وێنەیەك بە ڕوبەری 6.3 مەترچوارگۆشە دروست بكات.

تابلۆكە لە 500 بزمار لەگەڵ ٦ هەزار و 637 مەتر دەزوو پێكهاتووە، واتە درێژیی دەزووەكە هاوتای بەرزیی چیای كالیمنگارۆی بەناوبانگە لەئەفریقا، كاتێك سەیری وێنەكە دەكەیت ڕوخساری خانمێكی عەرەب دەردەكەوێت كە توشی نەخۆشی بەڵەكی بووە.

سەرەتای بەهرەكەی هوەیدی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانێكی بۆ لوبنان، لەوێ لە شوێنێكی تایبەت بە كاركردن لە گەشەپێدانی مرۆییدا، كارێكیهونەری فیلۆگرافیا بۆ لۆگۆی دامەزراوەكە دەكات، دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق گەشەی زیاتر بە كارەكەی دەدات، سەرەتا دەست بەدروستكردنی ناو دەكات، دواتر لۆگۆی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان دروست دەكات.

سەعید هوەیدی دەڵێت "سەرەتاكەم زۆر سادەبوو، گەلەرییەكی بچوكم كردەوە و دەستم كرد بە دروستكردنی تابلۆی بچوك و مامناوەند،توانیم بەردەوام كاربكەم  و وردە وردە پەرە بە بەهرەكەم بدەم، دەستم كرد بە كێشانی وێنەی كەسەكان، ئەو ئاستەش زۆر قورس و ئاڵۆزبوو،پێویستی بە وردبینییەكی زۆر هەبوو، لەڕێی ئەزمون و دووبارەكردنەوەوە وێنەی چەندین كەسم كێشا، كە پێویستی بە حساباتێكی بیركاریورد هەبوو بۆ گونجاندن و دروستكردنی هاوسەنگیی سێبەر و ڕوناكی سەر وێنەكە، زۆرینەی كارەكانیش برانە دەرەوەی عێراق".

"سەرەتا قەبارەی تابلۆی كەسایەتییەكان 50 سانتیمەتری تێپەڕ نەدەكرد، دواتر لەلایەن گینسەوە پەیوەندیم پێوەكرا و داوایان لێكردم ژمارەیپێوانەیی لە دروستكردنی تابلۆ بە بزمار و دەزوو ئەنجام بدەم كە پێشتر لە كتێبەكەدا نەبووە" هونەرمەندە عێراقییەكە وادەڵێت.

هوەیدی بڕیاردەدات بۆ كارەكەی گینس وێنەی جیە سەلاح بكێشێت كە خانمێكی میسریی توشبوو بە نەخۆشی بەڵەکییە، بۆ ئەوەی ئاستیهۆشیاری خەڵك بەرامبەر نەخۆشییەكە بەرزبكاتەوە، ئەوانەیشی نەخۆشییەكەیان هەیە خۆیان قبوڵ بكەن و جوانتر خۆیان ببینن وەك چۆن ئەوكچە میسرییە كردوویەتی.

ئەو گەنجە عێراقییە بۆ كارەكەی وردەكارییەكی زۆری بەكارهێناوە بۆ ئەوەی هاوسەنگیی لەنێوان ڕەنگی ڕەش و سپی دروست بكات وگوزارشت لە نەخۆشیی بەڵەكی بكات، هەروەها تابلۆكەشی بە جوانترین شێوە دەربكەوێت.