سیناتۆری فەڕەنسی پێر لاورێنت بۆ پەرەگراف: پێویستە ناتۆ سزای توركیا بدات لەسەر هێرشەكانی بۆ سەر كوردستان

15-06-2021 02:37
سیناتۆر پێر لاورێنت، یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی فەڕەنساو سەرۆكی كۆمسیۆنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا

پەرەگراف- فەرمان سادق

سیناتۆر پێر لاورێنت، یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی فەڕەنساو سەرۆكی كۆمسیۆنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا، داوا دەكات ڕێگە بە داگیركارییەكانی توركیا نەدرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و دەڵێت: كاتی قسە كردن نەماوەو پێویستە وڵاتانی ناتۆ سزای توركیا بدەن لەسەر هێرشەكانی.

ئەو سیناتۆرە فەڕەنسییە لە چوارچێوەی شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان هاتووەتە هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ پەرەگراف ئامانجی سەردانەكەیان دەخاتە ڕوو كە "دژایەتیكردنی داگیركارییەكانی توركیا"یە.

پێر لاورێنت سەرسوڕمانی خۆی لەوە نیشان دەدات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگریی لێ‌ كردوون بچنە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر‌و پەیامەكەیان بگەیەنن و دەپرسێت "بۆچی ڕێگەیان نەدا بچینە ئامێدی و ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕەوە چۆڵ كراون، تا بتوانین واقیعی ناوچەكە بگوازینەوە بۆ شەقامی ئەورووپا؟!".

لاورێنت دەڵێت "نامەنەوێت براكوژی و دوژمنایەتی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان هەبێت"، پێیشی وایە "هێرشی ئێستای توركیا بۆ سەر پەكەكەیە، بەڵام دواتر هێرشەكە بەرفراوان دەكات و هێرش دەكاتە سەر تەواوی كوردان".

چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ سیناتۆر پێر لاورێنت

پەرەگراف: ئامانجی سەردانتان بۆ هەرێمی كوردستان چی بوو؟

پێر لاورێنت: وەك سیناتۆرێكی فەڕەنسی، ئامانجی سەردانم بۆ باشووری كوردستان دژایەتیی هێرشی نوێ و داگیركاریی توركیایە بۆ سەر باشووری كوردستان. بەداخەوە بێدەنگییەكی گەورە هەیە لە فەڕەنسا و ئەورووپا لەسەر ئەو داگیركارییە. من وەك سیناتۆرێك كە ماوەی ساڵانێكی زۆرە خۆم بە دۆستی كورد دەزانم، دەمەوێت دوای گەڕانەوەم بۆ فەڕەنسا ئەو پەیامە بە گەلی فەڕەنسی بگەیەنم كە توركیا بە نیازی ئەوەیە لەسەر حیسابی خاكی كوردان جوگرافیاكەی گەورەتر بكات. دەمەوێت دوای گەڕانەوەم بۆ فەڕەنسا، بە وڵاتانی ئەورووپی بڵێم: كۆتایی بەو بێدەنگییە بەرانبەر داگیركاریی توركیا بهێنن.

فەڕەنسا لە شەڕی دژ بە داعش، هاوشانی كوردان زۆرێك لە ناوچەكانیان ڕزگار كرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی داگیركاریی توركیا، ئێستا دووبارە كەوتووەتە ژێر دەستی توركیا. نامەنەوێت ئەو ئەزموونە لە باشووری كوردستان دووبارە ببێتەوە.

پەرەگراف: خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەبیرە ساڵی 1991 فەڕەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە دەركردنی بڕیاری 688 بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە هێرشەكانی ڕژێمی بەعس، لە بەرنامەی ئەو شاندەدا هەیە كە ئەندامانی 14 وڵاتی ئەورووپی تێدایە، گوشار بخەنە سەر وڵاتەكانیان تا لە ڕێگەی ناتۆ یان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە وەها بڕیارێك دژ بە توركیا دەربكەن كە چیتر هێرش نەكاتە سەر هەرێمی كوردستان؟

پێر لاورێنت: ئەگەر بتوانین ئەوە بكەین، كارێكی زۆر مەزنە. چیتر كاتی قسە كردن نەماوە و پێویستە وڵاتانی ناتۆ سزای توركیا بدەن لەسەر هێرشی فڕۆكە و دررۆنەكانی.

پەرەگراف: لە میدیای نێودەوڵەتیدا ڕاپۆرتی زۆر بڵاو بووەوە كە توركیا هاوكاریی داعشی كردووە، لە كاتێكدا توركیا ئەندامی ناتۆیە و وڵاتانی ناتۆش هاوپەیمانیی دژ بە داعشیان پێكهێنا. پرسیارەكە ئەوەیە: بۆ وڵاتانی ئەورووپی لەمە بێدەنگن؟

پێر لاورێنت: ئێمە باش دەزانین توركیا هاوكاریی داعشی كردووە، بەداخەوە وڵاتانی ئەورووپی لێی بێدەنگن. لە ئێستادا كۆبوونەوەیەكی گرنگی ناتۆ هەیە، دەمانەوێت ئەو دەنگە بگەیەنینە ناتۆ و گوشار بخەنە سەر توركیا.
ئێمە دەزانین توركیا دەیەوێت پاساو بۆ هێرشە داگیركارییەكانی بهێنێتەوە و چاوی وڵاتانی ئەورووپی دابخات، ئێمەش دەمانەوێت گوشار بكەین. گرنگە فەڕەنسا پێشەنگایەتی ناتۆ بكات، ڕێگری لە توركیا بكات بۆ هاوكاریی داعش و هێرشی داگیركاری بۆ سەر باشووری كوردستان، لەمەدا گرنگە وڵاتانی ناتۆش پشتگیری لە فەڕەنسا بكەن، ئێمە ئەو پرسەمان لە پەرلەمانی فەڕەنسا باس كردووە.

پەرەگراف: ئێوە لە هاتنتان وەك شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان، توانیوتانە پەیامەكەتان بگەیەنن؟ حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندە هاوكار بووە لە گەیاندنی ئەو پەیامە؟

پێر لاورێنت: دوو خاڵی باش و خاڵێكی خراپ هەن. یەكێك لە خاڵە باشەكان ئەوەیە كە گرووپەكە وەك گرووپی ئاشتی سەردانی باشووری كوردستانی كردووە و ئەمەش ئامانجی گرووپەكە بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ هەموو حیزبە كوردستانییەكان كۆبوونەوەمان هەبووە لەسەر داگیركاریی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان. خاڵی دووەمیش: جەختمان لەسەر ڕێگرتن لە شەڕی ناوخۆ كردووەتەوە و لایەنەكانیش لەسەر ئەمە هاوهەڵوێست بوون. بەڵام خاڵی خراپ ئەوەیە كە من لێی تێ ناگەم: بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگریمان لێ دەكەن بچینە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان پەیام بدەین، بۆچی ڕێگەیان نەدا بچینە ئامێدی و ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕەوە چۆڵ كراون، تا بتوانین واقیعی ناوچەكە بگوازینەوە بۆ شەقامی ئەورووپا. هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارمان بن لەوەی هەموو حیزبە كوردییەكان یەكگر و یەكدەنگ بن بەرانبەر داگیركاریی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان.

پەرەگراف: لە میدیاكان باس لە بوونی پەیوەندییەكی باش لە نێوان توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، هاوكات پارتیش هێزی سەرەكییە و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە دەستە، پێت وایە ئەو پەیوەندییە هۆكار بووە لەوەی توركیا لە ڕێگەی پارتییەوە ڕێگری لە ئێوە كردووە چالاكی و گوتاری ئاشتی بگەیەنن؟

پێر لاورێنت: ئەوەی ڕاستی بێت گوشارێكی زۆر لەسەر پارتە كوردییەكان هەیە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، ئەمەش وای كردووە ئێمە نەتوانین چالاكی و پەیامی ئاشتیی خۆمان بگەیەنین. دەمانەوێت بە ڕوونی ئەوە بڵێین، ئێمە دۆستایەتی كورد دەكەین نەك كوردی باشوور یان باكوور یانیش ڕۆژئاوا، دەبێت ئەو تێگەیشتنە لای هەموو لایەنە كوردستانییەكان ڕوون بێت كە ئێمە خۆمان بە دۆستی هەر چوار پارچەی كوردستان دەزانین و دەمانەوێت ئەوانیش لەناو خۆیاندا یەكگرتوو بن، نامەنەوێت براكوژی و دوژمنایەتی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان هەبێت، كە ئەمە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر كورد، توركیا كاری بۆ دەكات كە كورد پارچە پارچە بكات. ڕاستە ئێستا هێرشەكە بۆ سەر پەكەكەیە، بەڵام ئێمە توركیا باش دەناسین كە دواتر هێرشەكە بەرفراوان دەكات و هێرشی تەواوی كوردان دەكات.

پەرەگراف: ڕۆژی دووشەممە پەیامێكتان لە هەولێر ڕاگەیاند، بەڵام دەتانویست پەیامەكە لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان ڕابگەیەنن. بەگشتی ڕاگەیاندنی پەیامەكە چۆن دەبینن؟

پێر لاورێنت: ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەو ڕەوشەی لێرە هەیە، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت توانیمان لێرە لە هەولێر پەیامەكەمان بگەیەنین. بە دڵنیاییەوە دوای گەڕانەوەمان بۆ ئەورووپا، بە ڕاشكاوی پەیامی خۆمان دەگەیەنین بە ڕایگشتیی وڵاتەكانمان و حكومەتەكانمان. كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەبەستین و پەرلەمانی وڵاتەكانمان ئاگادار دەكەینەوە. ئەوەیشی لەم كارەی ئێمەدا گرنگە و ئیشی بۆ دەكەین، ڕاگرتنی هێرشی داگیركاریی توركیایە بۆ سەر باشووری كوردستان.