جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا: هەڵوێستی ئەڵمانیا لەسەر دەستبەسەركراوانی بادینان نەگۆڕاوە

23-07-2021 04:56
سڤین كراوسپێ، جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا

پەرەگراف- سوركێو محەمەد، پاریا هوشیار

پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوان كە ساڵی ڕابردوو لە دهۆك دەستگیر كرابوون، لە مانگی شوباتدا تۆمەتبار كران بە "خستنە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان" و سزای شەش ساڵ زیندانییان بۆ دەكرا. بەشێك لەو بەڵگانەی كە لە دژیان بەكارهێنران، بریتی بوون لە پەیوەندیكردن و وەرگرتنی پارە لە كونسوڵخانەكانی ئەڵمانیا و ئەمەریكا.

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە 6ی ئایاردا لەبارەی سزادانی ئەو پێنج كەسەوە بە تویتێك وتی "بڕیارەكەی دادگا كە لە دژی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوان درا، نادادپەروەرانە بوو. ئەو بڕیارە هێشتا قورسە بۆ تێگەیشتن، بەڵگەی ڕوونی نییە بۆ تاوانباركردنی سزادراوەكان". كونسوڵخانەكە لە تویتەكەیدا داوای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە "كە ‌‌بە دەسەڵاتەكەی لێیوردنی گشتییان بۆ دەربكات".

پاش چەند مانگێگ لەو ڕووداوە، سڤین كراوسپێ، جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف، دەڵێت "هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕاوە". لەو گفتوگۆیەدا كراوسپێ باس لە پەیوەندیی ئەڵمانیا و كورد و چاكسازیی پێشمەرگەش دەكات. هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی ڕاشكاوانەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە لەسەر بابەتە جیاجیاكان".

دەقی گفتوگۆی پەرەگراف لەگەڵ سڤین كراوسپێ، جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا

پەرەگراف: چۆن دەڕواننە داهاتووی پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان؟

سڤین كراوسپێ: ئەڵمانیا پەیوەندیی نزیك و بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش پێمان وایە كە بەردەوام دەبین لەم پێكەوە كاركردنە نزیكە و هەبوونی ئاڵوگۆڕی كراوە و ڕاشكاوانەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشمان، لەسەر بابەتە جیاجیاكان و لە بوارە جیاجیاكان كە پێكەوە كاری هاوبەش دەكەین.

پەرەگراف: ئەی چی دەربارەی یارمەتیی ئەلمَانیا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش؟

سڤین كراوسپێ: بەڕاستی پێشمەرگەكان شەڕەكەیان ئەنجام دەدا. دەزانین ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگەكان گیانی خۆیان بەخشی لە شەڕی دژ بە داعش. ئێمە لە بەرەی ئەڵمانییەوە وەك وڵاتانی دیكە، لە هەوڵی ئەوەداین كە لە شەڕی دژی داعشدا پشتیوانیی پێشمەرگە بكەین. كەواتە لە لایەن ئەڵمانیاوە پەیوەندیی بەهێز هەبوو بە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی – چەكی میلانی بەناوبانگ و شتی تریش، هەروەها هەوڵمان دەدا لە ڕێگەی پاڵپشتیی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی ناوخۆ و دەرەوە، پاڵپشتیی ژێرخانی ناوخۆیی لێرە (هەرێمی كوردستانی عێراق) و لە ڕێگەی پێكەوەیی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی هەرێم بكەین.

پەرەگراف: ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات، یان هاوكاری بكات بۆ پێشخستنی هەوڵەكانی لە پڕۆسەی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگەدا؟

سڤین كراوسپێ: گرووپێك هەیە پێی دەگوترێت گرووپی ڕاوێژكاریی فرەنەتەوەیی، كە پاڵپشتی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەیە بۆ ئەنجامدانی پلانی چاكسازی. لە ئێستادا چوار وڵات لەم گرووپەدا چالاكن: ئەمریكا، بەریتانیا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا، ئەم چوا وڵاتە پێكەوە كار دەكەن لە جێبەجێكردنی ئەو پلانە چاكسازییە، چاكسازییەكە دەست پێكراوە و لە ناوەڕاستی چاكسازییەكەداین و وە بەردەوام ئەبین لەسەر ئەو چالاكییانە.

پەرەگراف: ئایا ئێوە دڵخۆشن بەو پڕۆسەی چاكسازییەی كە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستتان پێ كردووە؟

سڤین كراوسپێ: پڕۆسەیەكە هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە و گەیشتووینەتە چەند خاڵێك. پلانی چاكسازییەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام خاڵەكانی تر هێشتا لە پڕۆسەكەدان، بۆیە ئێمە كار لەسەر ئەوە دەكەین و پەیوەندییەكی زۆر نزیك هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، تا دەگاتە وەزیر، لەگەڵ ئەم چوار وڵاتە.

پەرەگراف: ئەوەی كە ئێوە لێی تێگەیشتوون تا ئێستا، پێت وایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەرداری هێزەكانی پێشمەرگە بن بۆ ئەوەی ببن بە هێزێكی نیشتمانی؟

سڤین كراوسپێ: بێگومان بەشێكی بنەڕەتی لەو پلانە چاكسازییە، تێكەڵكردنی یەكەكانی 70 و 80یە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەدا. لەم دواییەدا بیستووتانە كە یەكەی 80 و یەكەی 70یش بۆ ڕایگشتییان ئاشكرا كرد كە ئامادەن لەو بارەیەوە بەشداری بكەن، بۆیە من پێم وایە ئەوە تێبینییەكی پڕ لە بەڵێنە، بەڵام بێگومان هێشتا پڕۆسەكە زۆری ماوە.

پەرەگراف: ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت ئازادیی ڕۆژنامەگەری، لەم ماوەیەی دوایدا بەهۆی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی دهۆكەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر بووەوە. ئێستا لێدوانی ئێوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟ تا چەند گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان ماف و ئازادیی خەڵك بپارێزێت؟

سڤین كراوسپێ: ئێستا هیچ هەڵوێست و بەیاننامەیەكی نوێ‌ لەوبارەیەوە لە كونسوڵخانەی گشتی و لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە. هەر وەك چۆن ئێمە ئاماژەی پێ دەدەین، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جۆراوجۆر. دەزانن ئێمە بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی داوە و ئەم ‌‌‌هەڵوێستە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە. بۆیە بۆ ئێمە پێویستە كە ئاڵوگۆڕێكی كراوە لەگەڵ كۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و چالاكواناندا بكرێت، كە بەشێكە لە كاری دیپلۆماسیی ڕۆژانەمان لە هەموو جیهاندا، بێگومان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت. هەروەها دەمەوێت بڵێم: وەك تێبینییەكی كۆتایی، ئازادیی قسەكردن و مافەكانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا، هەروەها دادوەریی سەربەخۆ، پێكهاتەی بنەڕەتیی دیموكراسین.

پەرەگراف: كاتێك دادگا حوكمەكەی دەركرد، ناوتان هێنرابوو، بەیاننامەیەكی توندتان دەركرد و داواتان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات، بەڵام لە كۆتا بڕیاری دادگادا ناوتان نەهێنرابوو، ئێوەش هەڵوێست و لێدوانتان بۆ ڕایگشتی نەبوو، هەندێك ڕەخنەی ئەوەیان لە كونسوڵخانەكەتان گرت كە هەڵوێستی پێشووشتان بە هۆی ناوهێنانتانەوە بووە، چی دەڵێن لەوبارەیەوە؟

سڤین كراوسپێ: ئەمە ڕەنگە هەڵە تێگەیشتن بێت. بەیاننامەیەكی یەكێتیی ئەورووپا هەبوو، لە یەكێتیی ئەورووپا و ئەندامەكانی لە بەغدا و هەروەها لە لای خۆمانەوە لە باڵیۆزخانەی خۆمانەوە لە بەغدا ڕیتویت كرابوو، بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە زۆر بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان نیشان بدەین.

پەرەگراف: ئایا تا ئێستا هەمان هەڵوێستتان هەیە كە پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێبوردنی گشتییان بۆ دەربكات؟

سڤین كراوسپێ: وەك گوتم: هەڵوێستی ئێمە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، كە بریتییە لەو تویتەی لە 6ی ئایاردا بڵاومان كردووەتەوە، دواتر لێدوانی ئەم دواییەی یەكێتیی ئەورووپا كە ئەویشمان لای خۆمانەوە بڵاو كردەوە (ڕیتویت).