فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان: چاوەڕێی پێكهێنانی لیژنەین بۆ دۆسیەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە هەرێمی كوردستان كوژراون
سازدانی؛ فەرمان سادق- پەرەگراف
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەیە بۆ دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هەرێمی کوردستان کوژراون و ڕەخنە لەوە دەگرێت کە دۆسیەی هیچ رۆژنامەنووسێك بەشێوەیەكی روون بەدواداچوونی بۆ نەكراوە و دەرئەنجامەكەشی بڵاونەكراوەتەوە.
مونیر زەعرور بەرپرسی بەرنامەكان و سیاسەتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەرەگراف دەڵێت، نەبوونی بەدواداچوون لەسەر ئەو دۆسیەیانە نەك تەنیا مافی رۆژنامەنووسە كوژراوەكە دەفەوتێت بەڵكو هاندەریش دەبێت بۆ كوژرانی رۆژنامەنووسی دیکە.
ئەو بەرپرسەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان دەشڵێت، ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی دۆسیەی بادینانن و بەدواداچوونیان بۆ کردووەو ئەوان دژی دەستگیرکردنی هەر كەسێكن لەسەر بیروڕا ئەو كەسە رۆژنامەنووس بێت یان نا، بەڵام هیچ ڕێکخراو و سەندیکاو لایەنێکی ناوخۆی هەرێم و دەرەوەش بۆئەوانی نەسەلماندووە کە دەستگیرکراوانی بادینان ڕۆژنامەنووس بن.
ئەوە لەکاتێکدایە لەناو دەستگیرکراوانی بادیناندا شێروان شێروانی سەرنووسەری گۆڤاری باشور بووە کە لە بادینان دەرچووە، گۆھدار زێباریش لە کاتی دەستگیرکردنیدا ڕۆژنامەنووس بوو لە سایتی وڵات و بەرپرسی دیسکی بادینی بووە.
گفتوگۆکەی پەرەگراف لەگەڵ مونیر زەعرور
پەرەگراف: چەندە ئاگاداری دۆخی رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستانن و بۆچوونتان لەسەری چییە؟
مونیر زەعرور: لەو سەردانە دوو رۆژییەمان بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو زانیارییانەی پێشتر لەسەر رەوشی رۆژنامەگەری كوردی هەمانە پێمان دەڵێ كێشەی بونیادیی هەیە. دەكرێت ئەو كێشانە دابەشی سەر چەند بەشێك بكەین لەوانە نەبوونی مافی كۆمەڵایەتی رۆژنامەنووسان كە مەبەستمان لە لاوازی و پەرتەوازەیی رەوشی كاری رۆژنامەنووسانە لەناو دامەزراوە میدیاییەكاندا كە بەبێ گەرەنتی و گرێبەست كار دەكەن، ئەمەش وایكردووە دوودڵ بن لە كارەكانیاندا، هەروەها دونیابینییان بۆ داهاتووی كارەكانیان نیە لە پێشكەوتنی پیشەی رۆژنامەنووسی. چونكە رۆژنامەنووس كاتێك دەچێتە دامەزراوەیەك پێویستی بەوەیە خۆی ببینێتەوە كە چۆن چۆنی لە ڕووی پیشەییەوە پێشدەكەوێت و توانای ئەوەی هەبێت كە بەرگری لە سەربەخۆیی خۆی بكات لە رووی داڕشتنەوە لە بەرەوڕووبوونەوەی خاوەن كارەكەی، بەڵام لە نەبوونی گەرەنتی پاراستنی مافەكانی رۆژنامەنووسان لەناو دامەزاروە میدیاییەكاندا وایكردووە پەرتەوازەییەك دروست بكات و ئەمەش وایكردووە رۆژنامەنووس توێژێكی لاوازی ناو دامەزراوە میدیاییەكان بن، ئەمەش كاریگەری لەسەر توانا پیشەییەكانیان و سەربەخۆیی بوونیان دروست دەكات، ئەمە لایەنێك.
لایەنێكی تر ئەوەیە كە كێشەیەكی بونیادی هەیە لە رێكخستنی سێكتەری رۆژنامەگەریدا لە هەرێمی كوردستان، لەوانە گرفتی یەكەم نەبوونی دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بۆ رێكخستنی كاری میدیایی، دەبێت ئەو دامەزراوەیە لەسەر پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی میدیایی كار بكات لەوانە لە دابەشكردنی فرێكوێنس و ئەو بەرنامانەی دامەزراوەكە پێشكەشی دەكات. لە ڕووی دەسپاكی و سەربەخۆییەوە، دەبێ میدیا وەك كەرەستەیەكی سیاسی بەكار نەیەت، لەمەشدا گەرەنتییەكان دیارن كە چین، بەداخەوە لە ناوچەكەدا بە گشتی نەك تەنیا عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەو رێكخستنە بۆ میدیا نیە. بە پێچەوانەوە دامەزراوە میدیاییەكان لە رێگەی دەستەیەك رێكدەخرێن كە سەر بە حكومەتەكانن، ئەمەش گرفتێكی گەورەیە چونكە سەربەخۆیی خۆی لەدەستدەدات، پابەندبوونی بە پێوەرە نێوەدەوڵەتییەكان لەدەستدەدات، لەم ناوچەیەی ئێمەدا تەنیا دەستەیەك هەیە كە سەربەخۆیە، ئەویش لە وڵاتی تونسە، ئەو دەستەیەش بوونی خۆیان سەلماندووە كە دەستەیەكی زیندووە بۆ پاراستنی سیستمی دیموكراسی، ئەو دەستەیە توانیی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی دابخات چونكە خاوەنەكەی بووە كاندیدی سەرۆكایەتی، دواتریش بووە ئەندامی پەرلەمان، ئەمەش پێچەوانەی پێوەرە نێوەدەوڵەتییەكانە كە نابێت كەسانی سیاسی خاوەن كەناڵ بن. ئەگەرچی كەناڵ هەیە پشتگیری لە كەسانێكی سیاسی دەكات بەڵام نابێت كەسەكە خاوەنی كەناڵەكە بێت، ئەمە قەدەغەیە بەپێوەری نێوەدەوڵەتی.
پەرەگراف: میدیاکانی کوردستان چۆن دەبینیت بەپێی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەی باستکردن؟
مونیر زەعرور: بەتێگەیشتنی من هەموو ئەو دەزگا میدیاییانەی لە كوردستان كار دەكەن خاوەنداریەتیان یان بۆ لایەنێكی سیاسی دەگەڕێتەوە، رەنگە بڵێ سەربەخۆم، بەڵام وەك كەسەرەتەیەك بەكاردەهێنرێن بۆ ئامانجێكی سیاسی كە ئەمەش پێچەوانەی پێوەرە نێوەدەوڵەتییەكانە. بۆیە پێویستمان بە دەستەیەكی سەربەخۆ هەیە ئەو پرسە رێكبخاتەوە.
پەرەگراف: نەبوونی ئەو دەستە سەربەخۆیەی باسی دەكەی چەندە كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی میدیا لە كوردستان كردووە وەك دەسەڵاتی چوارەم؟
مونیر زەعرور: ئێمە قسە لەسەر میدیای بینراو و بیستراو دەكەین.. شتێكی باوە لە هەموو دنیادا كە حزبەكان رۆژنامەیەك یان ماڵپەڕێكیان هەبێت، بەڵام دامەزراوەیەكی میدیایی بینراو یان بیستراو ئەمە پرسێكی زۆر هەستیارە. هەروەها رێكنەخستنەوەی ئەو رووبەرە بەگوێرەی پێوەرە نێوەدەڵەتییەكان لەڕووی بونیادەوە كاریگەری لەسەر میدیا لە هەرێمی كوردستان دروست دەكات، هەروەها كاریگەری لەسەر درەوشانەوە و پێشخستنیشی دەكات، درەوشانەوەی وەك میدیایەك كە ئێمە پێی دەڵێین میدیای خزمەتی گشتی كە ئامانجی كۆتایی خزمەتكردنی خەڵكە نەك خزمەتی خاوەن كەناڵەكە، ئەمەش زۆر هەستیارە و پێویستی بە گفتوگۆ لەسەركردن هەیە زۆر بە پەلە.
پەرەگراف: ئەمانەتان لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تاوتوێ كردووە؟ لە كاتێكدا خودی سەندیكا بەڕای رۆژنامەنووسان سەندیكایەكی بەسیاسی كراوە لەنێوان حزبەكانی دەسەڵات، كەواتە سەندیكایەكی بە سیاسی كراو دەتوانێت ژینگەیەك بخولقێنێ بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان؟
مونیر زەعرور: وەك خۆم هیچ گرفتێكم لەگەڵ رەوشی سەندیكا نیە چونكە زۆرینەی سەندیكاكان ئەوانەی سەركردایەتییان دەكەن پابەندی سیاسییان هەیە، ئەوەتا یەكێتی رۆژنامەنووسانی بەریتانی ئەندامی پارتی كرێكارانی بەریتانیایە، یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئەمەریكی لەهەموو هەڵبژاردنێكدا بەیاننامەی فەرمی پشتگیری لە كاندیدی دیموكراتەكان بڵاودەكاتەوە. كەواتە كێشەكە لە خودی سەندیكاكە نیە كە پابەندی سیاسی هەیە، بەڵكو گرفتەكە لە مومارەسە و رۆڵی ئەو سەندیكایانەیە لە بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان، ئەمەش بابەتەكەیە كە هیچ لەوە كەم ناكەتەوە كە پابەندی سیاسییان هەیە، تەنانەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەدا زۆرینەی سەندیكاكان پابەندی سیاسییان هەیە.
پەرەگراف: كەواتە گفتوگۆتان لەسەر پێوەرە نێوەدەڵەتییەكان كرد؟
مونیر زەعرور: لەگەڵ سەندیكا و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆمان لەسەر زۆر پرس كرد، دوای پێداچوونەوەمان بەو دۆخەی هەیە گەیشتینە ئەوەی كە دۆخی میدیا لە كوردستان پێویستی بە كۆمەڵێك سیستمی تەواوكار هەیە لەپێناو رێكخستنەوەدا چ لەڕووی یاساوە بێت چ پشتگیری لە رۆژنامەنووسان بێت بۆ سەربەخۆبوونیان. بۆچوونی ئێمە ئەوەبوو كە لێرە پێویستییەك هەیە بۆ پێشكەشكردنی ژمارەیەك پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان، یەكێك لەوانە بۆ دامەزراندنی دەستەیەكی سەربەخۆ، هەروەها دەستەیەكی تری سەربەخۆ بۆ رێكخستنەوەی خودی میدیا لەڕووی پرسی پابەندی بە بنەما ئەخلاقییەكان كە لە 180 وڵاتی دنیا بوونی هەیە و ئەگەر كەسێك سكاڵای هەبێت یان ناڕەزایەتی هەبێت لەسەر ناواخنی بابەتێكی رۆژنامەگەری یان دامەزراوەیەكی میدیایی ئەوا ڕوو لەو دەستەیە دەكات. ئەو دەستەیە پێكدێت لەنوێنەرانی رۆژنامەنووسان و نوێنەرانی دامەزراوە میدیاییەكان، سەیری سكاڵاكان دەكات و بڕیاریان لەسەر دەدات، ئەگەر سەرپێچی كردبێت لە پێوەرەكانی ئەخلاقیاتی رۆژنامەگەری ئەوا داوای لێدەكات پۆزش بێنێتەوە، ئەمەش كەرەستەیەكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی زیاتر خەڵك متمانەی بەدامەزراوە میدیاییەكان هەبێت، هاوكات رێگایەكیش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی پەنابردن بۆ دادگا دژی رۆژنامەنووسان و دامەزراوەكان.
جگە لەوانە قسەمان لەسەر یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری كرد كە یاسایەكە زیاتر لە شەش ساڵە بوونی هەیە بەڵام رێكاری جێبەجێكردنی نیە، هەروەها پرسی پاراستنی سەرچاوەكانی زانیاری رۆژنامەنووسان، پرسگەلێكی زۆر گرنگ هەن كە پەیوەندییان بە رۆژنامەگەریی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی بگۆڕدرێن بۆ میدیای ژمارەیی. لە زۆرێك لە وڵاتان سندوقیان دامەزراندووە بۆ پشتگیری لە رۆژنامەگەریی ئازاد و ناواخنی رۆژنامەگەری باش، لەوانە دامەزراوەی میدیایی بچووك هەیە كە هیچ دەرچەیەكی نیە بۆ خۆبەڕێوەبردن، لەوانە رێكلام، بۆیە لەسەر دەوڵەتە سەرچاوەی دارایی سەربەخۆیان بۆ دابین بكات كە گەرەنتی ئەوە بكات نەكەونە ژێر باڵی لایەنە سیاسییەكان، لەمەدا رێكارگەلێكی زۆر هەن، ئێمە پێشنیازمان كرد لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێت كە ئێمە تێیدا راوێژكار بین، هەروەها سەندیكا و لیژنەی پەرلەمانی لەپێناو پێشكەشكردنی پێشنیازەكان. هەروەها ئەو لیژنەیە لەماوەیەكی دیاریكراودا دانیشتن لەگەڵ رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بکات و گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەكان بكەن و بە پێشنیازێكی تەواو بگەن.
هیوامان هەیە هەموو لایەنەكان كە بەلایەنی دروستكردنی سیاسەت دەناسرێن لەوانە حكومەت و پەرلەمان، لەوە تێبگەن كە بوونی میدیایەكی پیشەیی و سەربەخۆ گرنگە، هەرچەند ئەو میدیایە، میدیایەكی رەخنەیی بێت چونكە ئەوە گرنگە بۆ پاراستنی كۆمەڵگە.
پەرەگراف: كەواتە لەسەر ئەوە رێككەوتن؟
مونیر زەعرور: دەتوانم بڵێم رێككەوتین، دانیشتنی تریش ماوە بیكەین كە دەبێتە خاڵی دەستپێك.
پەرەگراف: وەك دەزانن سەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ و لایەنی تریش هەن كە راپۆرت لەسەر پێشێلكارییەكان بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان بڵاودەکەنەوە، ئەوانە تەنیا پێشێلكارییەكان تۆمار دەكەن و هیچ رێكارێكی تر ناگرنەبەر. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو راپۆرتانە چین؟
مونیر زەعرور: راپۆرتەكانمان بەدەست دەگات، راپۆرتەكانیش بەراورد بە وڵاتانی تر، پڕن لە وردەكاری و ئەمەش زۆر ناوازەیە. ئێمە وەك فیدراسیۆنی نێوەدەوڵەتی رۆژنامەنووسان وەك لایەنێكی چاودێر ئیشمان تەنیا دەركردنی راپۆرت نیە، بەڵكو دەركردنی راپۆرت و شیكاركردنی ناوەڕۆكەكەی و دەستنیشانكردنی گرفتەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەركردنی. بۆنمونە رێژەی 20%ـی پێشێلكارییەكان پۆلیس ئەنجامی دەدەن، پێویستە راپۆرتەكان شی بكەینەوەو لەگەڵ پۆلیس دانیشتن بكەین بەمەبەستی چارەسەركردن و دووبارە نەبوونەوەی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش بەهەمان شێوە.
بەبۆچوونی ئێمە سەندیكاكان نەیانتوانیوە توانای خۆیان پێشبخەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ راپۆرتەكانی خۆیان، ئەمەش پێویستی بە كات هەیە. ئەمساڵ وەك فیدراسیۆن بەرنامەیەك دادەڕێژین لەسەر پێشخستنی توانای سەندیكاكان و پێشخستنی ئازادی رۆژنامەگەری، تا بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە بكەین.
باوەڕم وایە هیچ گرفت و لەمپەرێك لەبەردەم سەندیكای رۆژنامەنووسان نیە كە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنەكانی تر گفتوگۆ بكات، كێشەكە لە نەبوونی بەرنامەیەكدایە ئەمە رێكبخات.
پەرەگراف: چەندە ئاگاداری دۆسیەی رۆژنامەنووسانی بادینانن كە لەماوەی رابردوودا لەلایەن ئاسایش دەستگیركران كە هەندێك لایەن لەوانە سەندیكا دەڵێ بەشێكیان هەر رۆژنامەنووس نین؟ كام لایەن لە كوردستان ئێوەی لەم پرسەدا ئاگادار كردۆتەوە و زانیارییەكانیان چۆن پێداون؟
مونیر زەعرور: ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی هەم، شەخسی خۆم بەدواداچوونم بۆ كردووە نەك تەنیا لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەڵكو لەگەڵ چەندان رێكخراوی تری ناوخۆ و نێودەوڵەتیش، چونكە ئێمە بەشێكین لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری، ئێمە وەك فیدراسیۆن دژی گرتنی هەر كەسێكین لەسەر بیروڕا بخرێتە زیندانەوە جا ئەگەر ئەو كەسە رۆژنامەنووس بێت یان نا، ئەمە بابەتێكە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان نایەتەوەو ئەگەر كەسێكیش هەڵەی كرد ئەوا دەكرێت لەچوارچێوەی یاسا مەدەنییەكان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
لەم بابەتەشدا بەتایبەت پەیوەندی زۆرمان پێوەكرا و هیچ كەسێك نەیسەلماند كە ئەوانە كاری رۆژنامەنووسی دەكەن، ئەگەر ئێوەش زانیاریتان هەیە كە ئەوانە رۆژنامەنووسن تكایە پێمانی بدەن. چونكە جیاوازی هەیە لەنێوان كاری رۆژنامەنووسی و دەربڕین لە بیروڕای خۆت، وەك فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ كەیسی رۆژنامەنووسان دەكەین و بەرگرییان لێدەكەین.
بۆ نمونە رۆژنامەنووسێك دەگیردرێت لەسەر پۆستێكی سۆشیال میدیا، لەمەشدا ئێمە بەدەنگ دێین، بەڵام ناتوانین بەدەنگ بێین لەسەر هاوڵاتیانی سڤیل جگە لە پشتگیری كردنیان لەچوارچێوەی ئازادیی بیروڕا.
پەرەگراف: بەڵام شێروان شێروانی سەرنووسەری گۆڤاری باشوور بووە، گۆهدار زێباری ماوەیەك پەیامنێری ئێن ئاڕ تی بووەو کاتی دەستگیرکردنی لە ماڵپەڕی وڵات بووە.
مونیر زەعرور: ئەگەر زانیاریتان هەیە بۆمانی بنێرن.
پەرەگراف: گفتوگۆی ئەو بابەتەتان كردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە هەرێمی كوردستان، چونكە تەنانەت سەنتەری میترۆ بەیاننامەی لەسەر دەركردن؟
مونیر زەعرور: سەنتەری میترۆ لەبەیاننامەكەیدا بەهیچ شێوەیەك ناڵێت ئەوانە رۆژنامەنووسن لە فڵان میدیا. تەنانەت گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتیش كردووە و هیچ یەكێك لەمانە نیشانی نەدا كە ئەوانە رۆژنامەنووسن.
ئێمە لەچوارچێوەی هاوئاهەنگیداین لەگەڵ 10 رێكخراوی نێودەوڵەتی، تەنیا دووانیان نەبێت لەگەڵ ئەوەبوون ئەو دۆسیەیە بە دۆسیەی رۆژنامەنووسی وەرگرن، بەڵام ئەوانی تر وتیان ئەوە پرسێكی رۆژنامەنووسی نین بەڵكو پرسی ئازادی رادەربڕینە.
پەرەگراف: كەواتە ئەو رۆژنامەنووسانەی لەسەر بیروڕای ئازاد لە سۆشیال میدیا دەگیردرێن لای ئێوە ناچێتە خانەی دۆسیەی رۆژنامەنووسی؟
مونیر زەعرور: نەخێر دەچێتە خانەی دۆسیەی رۆژنامەنووسی.
پەرەگراف: بەڵام ئەوانە پێشتر لە بەشێك لەو دەزگا راگەیاندنانەی لە هەرێمی كوردستانن ئیشیان كردووە، كەواتە هیچ كەناڵێكی میدیایی لە كوردستان پەیامی بۆ ئێوە نەناردووە كە ئەوانە رۆژنامەنووسن و پێشتر لە دەزگاكەی ئەواندا كاری كردووە؟
مونیر زەعرور: هیچ كەناڵێك لەوبارەیەوە پەیامی بۆ ئێمە نەناردووە، تەنانەت هیچ لایەنێكیش نیشانی نەداوین كە ئەوانە رۆژنامەنووسن و یان لە رابردوودا كاری رۆژنامەنووسیان كردووە.
ئەگەر رۆژنامەنووسێك 10 ساڵیش وازی هێنا بێت، ئێستا دۆسیەیەكی هەبێت تەنیا لە دۆخێكی تایبەتدا دۆسیەكەی وەك دۆسیەی رۆژنامەنووسی وەردەگرین و پشتگیری لێ دەكەین. بۆنمونە لە میسر ساڵی 2015 ژمارەیەك كەناڵ داخران و تا ئێستاش رۆژنامەنووسانی ئەو كەناڵانە ناتوانن لە میسر ئیش بكەن بەهۆی بەرتەسككردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری، ئەوانە لای ئێمە رۆژنامەنووسن چونكە ئەوان بە ویستی خۆیان وازیان نەهێناوە. بەڵام ئەگەر كەسێك بە ویستی خۆی واز بهێنێت پاش پێنج ساڵ ناسنامەی رۆژنامەنووسی نامێنێت.
پەرەگراف: وەك دەزانن رۆژی پێنجی ئایاری 2010 رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان تیرۆركرا، 12 ساڵ بەسەر تیرۆركردنەكەی تێدەپەڕێت، چەندە ئاگاداری دۆسیەكەی هەن؟
مونیر زەعرور: ئەمڕۆ باسی دوو دۆسیەم كرد، یەكێك دۆسیەی سەردەشت عوسمانی بیرهێنامەوە.. دۆسیەی هیچ رۆژنامەنووسێك لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی روون بەدواداچوونی بۆ نەكراوە و دەرئەنجامەكەشی بڵاونەكراوەتەوە، بكوژیش دەستگیر نەكراوەو نەدراوەتە دادگا.
ئێمە چاوەڕێی پێكهێنانی لیژنەین بۆ دۆسیەی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە هەرێمی كوردستان كوژراون، چونكە نەبوونی بەدواداچوون لەسەر ئەو دۆسێیانە نەك تەنیا مافی رۆژنامەنووسە كوژراوەكە دەفەوتێت بەڵكو هاندەریش دەبێت بۆ كوژرانی رۆژنامەنووسی تر، ئەگەر تاوانەكە بێ سزادان تێپەڕێت ئەوا هاندەرە بۆ كوژرانی زیاتر.
پەرەگراف: ئێوە ناتوانن ئەو دۆسیەیە بجولێنن؟
مونیر زەعرور: ئێمە ئیشی لەسەر دەكەین بەڵام لایەنی فەرمی بەرپرس لەم دۆسێیانەدا لە ئاستی جیهاندا رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە، ئەوان پێویستە كەرەستەی بەدواداچوونیان هەبێت چونكە بە فەرمی راسپێردراون لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بڵاوكردنەوەو بەدواداچوون و چاودێری پلانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پلانی پاراستنی رۆژنامەنووسان و رزگاركردنیان لە سزا.
ئەمساڵ، 10 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تێپەڕبوونی تەبەنی كردنی ئەو پلانە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمساڵ پێداچوونەوە دەكرێت بەو پلانەو ئێمەش وەك فدراسیۆن قسەمان دەبێت.
پەرەگراف: كەواتە تاكەی چاوەڕێ دەكەن؟
مونیر زەعرور: یونسكۆ كەرەستەی پێویستی هەیە بۆ بەدواداچوون، ئێمەش راپۆرت پێشكەشی دەكەین و ئەوانیش ساڵانە راپۆرتی خۆیان پێشكەش بە ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن.
سێ ساڵە كار لەسەر گۆڕینی ئالیەتی بەدواداچوونی كوژرانی رۆژنامەنووسان دەكەین و لە هەوڵداین بۆ هێنانەپێشەوەی ئالیەتێكی تر بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان، لە مانگی شەشی داهاتووش كۆبوونەوەی ترمان لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێت.
پەرەگراف بۆ دەتانەوێت ئەوە بكەن و كێشەكە لەكوێ دایە؟
مونیر زەعرور: چونكە رێكارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەیگرێتەبەر بەس نین بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و كاریگەریشیان نیە، بۆیە دەمانەوێت رێكارێكی تری نێودەوڵەتی بگیردرێتەبەر لەوەی ئێستا هەیە بەهێزتربێت كە لیژنەیەكی پسپۆڕی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان، هەروەها سكاڵاش راستەوخۆ وەرگرێت لە رۆژنامەنووسان و دامەزراوەكان و بەدواداچوونیشی بۆ بكات.
پەرەگراف: کەواتە دەتانەوێت دادگایەكی نێودەوڵەتی دروست بكەن؟
مونیر زەعرور: ئەگەر پێویستی كرد، یانیش دەوڵەتێك تێوەبگلێت لە كوشتنی رۆژنامەنووسان ئەوا پێشنیازمان كردووە كە راستەوخۆ سكاڵا لەسەر ئەو وڵاتە تۆمار بكەین لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ، ئەمە رێگەیەكی درێژەو ئیشی بەردەوامی دەوێت.