پەرەگراف- فەرمان سادق
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، دەستلەكاركێشانەوەی كوتلەی سەدر و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی سەدر و پارتی و سوننەكان، بە "دەرفەتێك" ناو دەبات تاكو "یەكێتی و پارتی خۆیان ڕێك بخەنەوە و ڕێك بكەون" تا بە یەك ئەجێنداوە بچنە بەغدا.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف، سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەڵێت "گفتوگۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام سەبارەت بە بەغدا ئاگادار نیم".
سەبارەت بە كێشەی پۆستی سەرۆككۆماریش هەرێم كەمال ئاغا جەختی كردەوە كە "تا ئێستا د. بەرهەم ساڵح بە فەرمی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانییە"، دەربارەی ئەگەری گۆڕینی كاندیدەكەشیان وتی "سەركردایەتی هەر بڕیارێك بدات، ئێمە وەكوو فراكسیۆن پێیەوە پابەند دەبین".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات كە هاوبەشیی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئەمنییش لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نەبووە و ڕوو لە پارتی دەشڵێت "سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی هەرێمت لایە، دەتەوێ سەرۆكی كۆماریش ببەیت؟! ئەی هاوبەشیی یەكێتی چییە؟!".
سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیش دەربارەی نەوت و غازی هەرێم، هەرێم كەمال ئاغا ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت "بەم لێدوانانەی حكومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، لە زەرەر زیاتر هیچی دیكە دەست ناكەوێت، باشترین شت ڕێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز. خۆدزینەوەی حكومەتی هەرێم كارێكە زەرە بە ئابووریی هەرێم دەگەیەنێت".