سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی سەبارەت بە دەستگیركردن و تۆمەتباركردنی بۆ پەرەگراف دەدوێت

25-08-2022 09:20
توانا كەمال، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی

پەرەگراف- هەردی عوسمان

سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی هەواڵی دەستگیركردنی ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "هیچ فەرمانێكی دەستگیركردنم بۆ دەرنەچووە و بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر هەبوایە دەهاتن دەستگیریان دەكردم". ڕەتیشی دەكاتەوە هیچ كارێكی نایاسایی ئەنجام دابێت.

توانا كەمال، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "زۆر ئاساییە بەلامەوە لایەنی پەوەندیدار پرساندنم لەگەڵ بكات، هیچ شتێكی نایاسایی لە خۆمدا شك نابەم".

دوێنێ لە ھەندێک میدیا هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە توانا كەمال، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی و ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری شارەوانییەكە، لەسەر دۆسیەی زیادەڕۆیی بۆ سەر زەوی و مامەڵەی نایاسایی بە زەوییەكانی شارەوانییەوە دەستگیر كراون.

توانا كەمال لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەو هەواڵانە، وتیشی "دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە لە سەرووی خۆمانەوە شتمان پێ ‌كرابێت، بەڵام وەڵامی من ئەوەیە كە هیچ كەسێك داوای شتی نایاسایی لە ئێمە نەكردووە".

سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی جەختی كردەوە كە "نە كەس شتی نایاسایی پێ‌ كردووین، نە خۆمان كردوومانە. هەر دیاردەیەكی نایاسایی هەبووبێت، ئێمە بەپێی توانا و ڕێكاری یاسایی ڕێگریمان لێ‌ كردووە".

توانا كەمال ئاماژەی بەوەش كرد كە دیاردەی زیادەڕۆیی لە هەموو شارەكانی هەرێم لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە هەبووە، بەچڕیش لە ساڵانی 2005، 2006 و 2007 لە سلێمانیدا هەبووە و هەمووی كراوە بە خانوو، لە ساڵانی پێش ئەویشدا زۆر هەبووە.

سەبارەت بە ڕێگری لەو دیاردەیە، ناوبراو وتی "شارەوانی ژمارەیەكی زۆر كەم و بێ ئیمكانیەت پۆلیسی هەیە. وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسی یەكەمە لە ڕێگریكردن لە زیادەڕۆیی و شارەوانی بەرپرسی دووەمە، شارەوانی هێزی نییە بۆ جێبەجێكردنی".

سەبارەت بە تێوەگلانی شارەوانی و ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی لەو دۆسیەیە، توانا كەمال وتی "شارەوانی هیچ ڕۆڵێكی لە ڕێگەپێدان بەزیادەڕۆیی نەبووە، ئیتر نازانم وەكوو شەخس لەناو شارەوانیدا تاكە تاكە كەس هەبووبێت ئەوەی كردبێت".

پەرەگراف پرسیاری ئەو ژنەی لێدەکات کە دەگوترێت "لە پڕۆسەی داگیرکاریی زەویدا ١٠٠ پارچە زەوی کراوە بە ناوییەوە"، سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ئەو کارانە ھیچی بە یاساو لە فەرمانگەکانی حکومەتەوە نەکراوەو خەڵکانێک خۆیان کردوویانە.