چیرۆكە شاراوەكانی 'تیرۆری سپی' لە كوردستان... ئالودەبوون، زیندانیی و داڕمانی خێزان

29-01-2026 01:00

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

لە ماڵێكی سارد و سڕدا لە سلێمانی، ئەسرین لەگەڵ سێ منداڵەكەیدا ژیانێكی داڕوخاو بەڕێدەكەن، بێ ئاگا لەوەی بڕیارێكی هاوسەرەكەی بۆ گەیشتن بە پارە و سامان، دەیكاتە ژنێكی گەنجی تەنیا و بێ پشت و پەنا.

هاوسەرەكەی بە دوری سەدان كیلۆمەتر، لە سنوری بەغدای پایتەخت زیندانییە، بە تاوانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر سزای 15 ساڵ زیندانی هەیە.

"هەموو ژیانم تێکچوو، تەواوی خەونەکانم لەناوچوون، ئێستاش نازانم چۆن ئەوەیکرد، راستە دۆخی ژیانمان باش نەبوو، بەڵام هیچکات فشارم لێ نەکردووە پارەی زۆر پەیدا بکات و ئەوەی هەمانبوو پێی رازی بووین" هەرچەندە ساڵێك بەسەر روداوەكەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەسرین لە شۆكدایە، ئەو بۆ پەرەگراف وای وت.

هەر ئەوكاتەی هاوسەرەكەی خرایە پشتی دەرگا داخراوەكانی زیندانی ئەبوغرێب-ەوە، هەموو دەرگاكانی ژیانیش بەڕوی ئەسرین-ـدا داخران و باجی تاوانێك دەدات كە نەیكردووە.

ئەسرین كە هێشتا لە هەڕەتی لاوێتیدایە (23 ساڵ)، وتی "ماوەیەک بوو، هەستم پێکردبوو هاوسەرەکەم زۆر گۆڕابوو، ناوەناوە لە ڕووی دەروونییەوە دۆخی باش نەبوو، بەڵام وامدەزانی بەهۆی ئەوەوەیە کە بێکارە و کرێچین و دۆخی ژیانمان باش نییە"، رۆژێك هاوسەرەکەی بە ئەسرین دەڵێت كاری دۆزیوەتەوە و لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بە بارهەڵگر لە كەركوكەوە مریشك دەهێنن، ئەو هەواڵە بەس بوو تا پێی دڵخۆش بێت، "بەڵام ئیتر رۆیشت و نەگەڕایەوە".

رۆژێك دوای دیارنەمانی مۆبایلەكەی دادەخرێت و پاش بێنە و بەردەیەكی زۆر، بە هەفتەیەك روندەبێتەوە بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراوە.

"هاوسەرەکەم بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە. زۆر لێی توڕەم، لەبەرئەوەی تەواوی ژیانمانی تێکدا، خۆم و مناڵەکانمی شەرمەزارکرد"، ئەسرین زۆری لەدڵدایە و غەمی گەورەی منداڵەكانیەتی، گەورەكەی تەمەنی حەوت ساڵە، بێ سەرچاوەی بژێوی و پاڵپشتی، توانج و قسەی كۆمەڵگە هێندەی دیكە ماندوویان كردووە.

چەندین چیرۆكی هاوشێوەی ئەو لە هەرێمی كوردستان دوبارە دەبنەوە، كە چۆن ماددەی هۆشبەر، بۆتە مۆتەكە و بەبێدەنگی خێزانەكانیانی لەبەریەك هەڵوەشاندۆتەوە.

هەڕەشەیەكی بێدەنگ لە ژمارەدا

هۆشبەر، بە مەترسیدارترین هەڕەشەی سەر كۆمەڵگە لە جیهاندا ناودەبرێت، هەرێمی كوردستانیش لەو مەترسییە بێبەش نییە، كە زیانەكانی لە ژماردن نایەت، لە داڕوخانی خێزان و كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بۆ لەناوچوونی جەستە و دەروون و ئابوری.

تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، ژمارەی راگیراوانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە هەزار و پێنج كەس، بەپێی دوایین ئاماری دەزگای ئاسایش، ئەو ژمارەیە لە ساڵی پێشتردا سەروو هەزار و 100 كەس بوو، تەمەنی تۆمەتبارانیش لە نێوان 18 بۆ 57 ساڵیدایە و زۆرینە بە رێژەی سەدا 94.7 رەگەزی نێرن و ئەوانیتر مێ.

مەترسیدارترین جۆرەکانی ماددە هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان بریتین لە تریاک، هێرۆیین، کریستاڵ، ماریگوانا، جامایکا، حەشیش، کوکائین و چەندین جۆری دیکە، بەڵام بەربڵاوترینیان ماددەی هۆشبەری "کریستاڵ"ـە، كە لەناو خەڵكدا "شیشە"ـی پێدەوترێت.

"شیشە" راستەوخۆ لە ماوەی سێ خولەکدا کاریگەرییەکەی دەگات بە مێشک و بە میکرۆبی پووکانەوەی خانەکانی مێشک ناسراوە.

لە ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان یەك تۆن و 206 كیلۆ و 262 گرام ماددەی هۆشبەری تیادا گیراوە، لەگەڵ سێ تۆن و 668 کیلۆگرام ماددەی ئەسید، بەپێی هەڵمەتەكانی دەزگای ئاسایش، كە بەهۆیەوە دەیان پارچە چەك و ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەوێش بارودۆخەكە باشتر نییە، زیاتر لە 21 هەزار فەرمانی دەستگیركردن لە 2025ـدا جێبەجێكراوە، سەروو 21 هەزار حوكم بەسەر بازرگانی هۆشبەردا دراوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە هەزار و 200 باند و تۆڕی هۆشبەر.

بەرۆكی گەنجان بەرنادات

ئەسرین دوو جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوسەرەکەی کردووە، ئەو پەشیمانە و كاتێك پرسیاری لێكردووە بۆ هانای بۆ هۆشبەر بردووە، وتویەتی "لەپێناو دەستکەوتنی بڕێک پارە بۆ باشکردنی ژیانمان"، بەڵام ئەو پاساوە نەك ژیانیانی نەگۆڕی، بەڵكو بە یەكجاریی روخاندی وەكو ئەسرین دەڵێت، "هەموو ژیانمانی وێرانکرد، کاتێك ئەو لە زیندان رزگاری دەبێت من منداڵەکانم گەورەبوون و هەرزەکارن".

پەشیمانی هاوسەرەكەی هیچ لە بارودۆخی ئەو خێزانە ناگۆڕێت، ئەسرین كە زۆر لە لێكەوتەكانی ئەو روداوە توڕەیە، وتی "من و منداڵەکانم هەتا کۆتایی ژیان دەبێت باجی هەڵەکەی ئەو بدەین".

ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن یان بازرگانی پێوەدەكەن، زۆربەیان هاوشێوەی هاوسەرەكەی ئەسرین گەنجن، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی كوردستان، سەدا 85ـی بەكارهێنەر و بازرگانی هۆشبەر تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە، خوار 18 ساڵی بە رێژەی سەدا 4، ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵیدایە ڕێژەی سەدا 6 پێکدەهێنن، بەڵام رەگەزی مێ بە تێكڕای تەمەنەكان رێژەكەی سەدا 5ــــە.

ھۆکارەکانی ئالوودەبوون زۆرن و ئەوەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی زۆر جەختی لێدەكەنەوە زیاتر؛ باوەڕ بەخۆنەبوون، بوونی ھاوڕێی خراپ، خراپی باری کۆمەڵایەتی، کەمدەرامەتی، خراپی پەروەردەی خێزان، کەمی ئاستی زانیاری، بێکاری، نەخۆشی دەروونی، راکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەکارھێنانی توندوتیژییە لە پەروەردەکردندا.

سەنا محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتى بۆ پەرەگراف وتی "بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و زۆربوونی ژمارەی ئالودەبووان مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی لەناوبردنی تاک کە هێزی سەرەکییە لە بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگەدا".

سێ قۆناغەكە مەترسیدارەكە

بەپێی پسپۆڕان و شارەزایانی دەروونی، هەموو ئالودەبوویەكی هۆشبەر بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، بە فێربوون دەستپێدەكات، دواتر دەچێتە قۆناغی راهاتن و كاتێك خۆی دەبینێتەوە پێی تەرك ناكرێت، ئەوكاتە لە مەترسیدارترین قۆناغدایە كە ئالودەبوونە. وەكو كامەران.

كامەران ناوی خوازراوی گەنجێکە لە كەركوك، پێشتر ئالوودەی ماددەی هۆشبەرە بووە و پاش دەستگیرکردنی چارەسەری وەرگرتووە، "لە چوونە دەرەوەکانم لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ فێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم، ئالوودەی بووم و هەموو شتێکم دەکرد بۆ بەدەستهێنانی" ئەو كە دەڵێت هەموو شتێكی دەكرد هەندێكجار دەگەیشت بەوەی هەموو کەلوپەلی ناو ماڵەکەی بفرۆشت تا دەستی بە ماددەی هۆشبەر بگات، "كاتێك هیچم نەما، دەچووم پارەم لە دایکم دەسەند بۆ کڕینی".

ماددەی هۆشبەر هەموو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەن کە تایبەتمەندى وریاکەرەوە و ئازارشکێنیان تێدایە و بەکاردەهێنرێن، جگە لەبوارى پزیشکى و پیشەسازى سوودبەخش، کەسەکە ئالوودەی دەبێت و لە رووى جەستەیی و دەرونییەوە زیان بە تاک و کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

"بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە رەفتارم زۆر گۆڕابوو، ببوومە کەسێکی خەمۆک و دڵپیس، گومانم لە دایکی خۆشم دەکرد و کێشەم بۆ ماڵەوەمان دروست دەکرد" كامەران لەپڕدا، شەوێك كەوتە دەستی هێزەكانی ئاسایشی نیشتیمانی، لەوێوە چیرۆكێكی دیكە لە نەهامەتی دەستیپێكرد، ئەمجارەیان بۆ دەوروبەرەكەی.

"خێزانەکەمم لە دەستدا، لەگەڵ ئەوەی وازیشم لێهێناوە، بەڵام خەڵکی هەر بە شێوازە کۆنەکە لێم دەڕوانن و زۆر کەس متمانەم پێناکەن".

مادە هۆشبەرەکان چەندین جۆرن و هەندێکیان خاوەنی تایبەتمەندی وەکو یەکن، هەندێکیتریان زۆر لەیەک جیاوازن، ئەوانەی سروشتییەکان، راستەوخۆ لە رووەکەكانەوە وەردەگیرێن وەک حەشیش و ئەفیون و کۆکا و قات. پاڵفتەکراوەکانیش لە ماددە و درەختە سروشتیەکان وەردەگیرێن، لەوانە مۆرفین و هەرچی هۆشبەرە دروستکراوە کیمیایییەکانە، ئەو ماددانەن کە بەهۆی کارلێکی کیمیاییەوە بەرهەمدەهێنرێن و هەموو قۆناغەکانی دروستکردنیان لە کارگەدا بڕیووە وەک ئەمفیتامینەکان، باربیتۆرەکان و کپتاگۆن.

سامان سەردار، پسپۆڕی دەروونی بۆ پەرەگراف وتی "زۆربەی ئەو کەسانەی باری خێزانییان هەڵوەشاوەتەوە و لە خێزانێکی پەرتەوازەدا گەورەبوون، یان ئەو کەسانەی بێکارن و گرفتی ئابووری یاخود کۆمەڵایەتییان هەیە، بۆ دەربازبوون لەو فشارە دەروونیەی کە لەسەریانە ناچارن پەنادەبەنەبەر ئەو شتانەی دووریان دەخاتەوە".

نمونەی هێنایەوە: پەنا دەبەنەبەر جگەرەکێشان، یان بەرەو نێرگەلەکێشان دەڕۆن كە قۆناغی مەترسیدارترە، چونكە "ئەو کەسانەی دەیکێشن باس لەوەدەکەن هەست بەخۆشی و جۆرێک لە خۆلەبیرکردن دەکەن، ئەمە وادەکات ئالوودە بێت لەسەری و زۆرینەیان دوای ئەوەش دەچنە قۆناغەکانی تر بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان"

سامان چارەسەرێكی خێراشی پێیە: هەر كەسێك تووشی بێكاری و بۆشایی سۆزداری یان گرفتی دیكە بوو، دەتوانێت پەنا بۆ خوێندنەوە و وەرزش ببات.

چارەسەركردن لاوازە

مادە هۆشبەرەکان کاریگەریی نەرێنییان ئەوەندە زۆرە، بە (تیرۆری سپی) ناو دەبرێن و كاتێك لێكەوتەكانی زیاتر دەبن كە ئالوودەبوو وەكو زیندانی تێكەڵ بە خەڵكی تر دەكرێت لە بری چارەسەر.

پێشڕەو قادر، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بۆ پەرەگراف وتی "پێویستە توشبوانی هۆشبەر وەک قوربانی یاخود نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە زویی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی نەبنە ئالودەبوو"، ئەوەشی رونكردەوە هەندێک کەس هەیە بە نەزانی تووشی ماددەی هۆشبەر بووە یان بۆ تاقیکردنەوە بەکاریهێناوە، بەڵام ناچێتە لای پزیشک چارەسەر وەربگرێت لەبەرئەوەی دەترسێت لە دەستگیرکردن و شکانی کەسایەتیی لە کۆمەڵگەدا.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، نزیكەی شەش هەزار ئالودەبوی هۆشبەر چارەسەركراون و چاكبوونەتەوە، ئەوەش لەڕێی بنكە و ناوەندەكانی چارەسەركردنەوە لە چەند پارێزگایەكدا. كامەران یەكێكە لە سودمەندبوانی.

کامەران لە ماوەی دوو ساڵ زیندانی لە سەنتەری چارەسەركردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە کەرکوک چارەسەری وەرگرتووە، "دوای ئازادبوونم ژمارەی تەلەفۆنم گۆڕی و بەهیچ شێوەیەک لەو کەسانە نزیک نابمەوە کە پێشتر هاوڕێم بوون، ئێستا ئیش دەکەم و هەرگیز ماددەی هۆشبەر بەکارناهێنمەوە".

بە پێچەوانەی عێراقەوە كە 16 ناوەندی چارەسەركردنی هەیە و دەیان ڕاهێنەری بۆ ئەو پڕۆسەیە ڕاهێناوە، لە هەرێمی کوردستان هیچ شوێنێکی شیاندنەوەی فەرمی نییە بۆ ئالوودەبووانی هۆشبەر.

ئەرکان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم بە پەرەگراف-ـی وت، بەردی بناغەی سەنتەرێکی شیاندنەوە لەسەر ڕووبەری 13 هەزار مەتر دووجا لە پارێزگای هەولێر دانراوە، كە کارکردن تێیدا بەردەوامە و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بنیاتدەنرێت.

نەبوونی سەنتەری شیاندنەوەی توشبوانی ماددەی هۆشبەر بە مەترسییەك بۆ بەردەوامی بەكارهێنان و تەشەنەسەندنی هۆشبەر لێكدەدرێتەوە.

"زیانە دەروونییەکانی ئالودەبووان زۆر زیاترە لە زیانە جەستەییەکان، لەبەرئەوەی ئەو کەسانە شکۆمەندی خۆیان لەدەست دەدەن و تووشی فشارێکی دەرونی دەبن بەردەوام لە حاڵەتی توڕەبوون و هەڵچوون و بێ ئاگاییدان، یاخود لە حاڵەتی ترسدان و متمانەیان بە دەوروبەر و کەسانی تر نامێنێت"، ئەو پسپۆڕە دەروونییە دەڵێت، كاتێك ئالودەبوو دەستگیر دەكرێت، ئەوا بارودۆخی خراپتر بێت، "پێویستە بنێردرێنە سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردن... تا شیاندنەوەیان بۆ بکرێت و بخرێنەوە ناو کۆمەڵگە".

یاسا، بە سزا و چاودێرییەوە

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزای هەیە. یاساى بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ى ساڵى 2020 زیاتر رونیكردۆتەوە؛ ئەگەر كەسێك ماددەی هۆشبەر هەرناردە یاخود هاوردە بکات، یان دروستی بکات یاخود بیڕوێنێت و بازرگانی بە تۆوەکەیەوە بکات، بە لەسێدارەدان یان زیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكم دەدرێت.

هەر زیندانی نییە، بەکارهێنەران و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر پێبژاردنی ماددیشی هەیە، كە هەر کەسێك ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵیی یان پێشینەی كیمیایی، بەدەستهێنابێت یان کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات یان نێوەندگیری لەنێوان ئەو کارانەدا بکات، یان بۆ بەکارهێنان پێشكەشی كەسی دیكەی كردبێت، یان بەشدار بووبێت یان هاندەربووبێت لەسەر بەكارهێنانی، شوێنێكی بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵیی، بەڕێوەبردبێت یان ئامادەكردبێت یان ڕەخساندبێت، سزا دەدرێت بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی یان كاتی و پێبژاردنێك لە 30 بۆ 90 ملیۆن دینار.

دوای سزاكان و زیندانیش توشبوانی هۆشبەر هێشتا ئازادنین، بەڵكو لە ژێر چاودێریدا دەمێننەوە.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان وتی "ئەوانەی ئازاد دەبن ماوە ماوە بانگێشت دەکرێن و پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت تاوەکو دڵنیابین نەگەڕاونەتەوە سەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەگەر پاش پشکنین دەرکەوت ماددەی هۆشبەری بەکارهێنابوو رێکاری یاسایی لە دژی دەگیریتەبەر و سزا دەدرێتەوە".

لەناو دەستگیرکراوانی ماددەهۆشبەرەکاندا خەڵکی بیانی هەن، دوای دادگاییکردنیان و تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان، دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەوتەی ئەرکان عومەر.

هەندێک كەس بەهۆی زۆر بەکارهێنانی دەرمانەوە ئالوودە دەبن، بۆیە یاساكە دەڵێت؛ جگە لە مەبەستی چارەسەركردنی پزیشكی و تەنها بەپێی ئەو ڕێنمایی و رێوشوێنانەی وەزارەت لەوبارەیەوە دەریاندەكات، پزیشك بۆی نییە ماددەی هۆشبەر یان كارتێكاری عەقڵیی بۆ هیچ نەخۆشێك بنووسێت.

لە نێوان هۆشیاری و چارەسەردا

مەترسی هۆشبەر و لێكەوتەكانی، هێندەی ناوەندی چارەسەر، پێویستی بە هۆشیاری بەردەوام هەیە، وەك توێژەر و شارەزایان باسی دەكەن.

"چارەسەری کەسانی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەپێشدا چارەسەری جەستەییە، بەداخەوە لەهیچ نەخۆشخانەیەکی عێراق و هەرێمدا ئەو مادەیەی پشکنینمان نییە کە دیاری دەکات کەسەکە بەچ ماددەیەکی هۆشبەر ئالودە بووە، بۆ پاککردنەوەی ئەو کەسانەی بەماددەی هۆشبەر ژەهراوی بوون" پێشڕەو قادر، وادەڵێت.

ئالودەبووان "بەدەگمەن" خۆیان دێنە لای پزیشکی پسپۆڕ بۆ چارەسەر و زۆربەیان لەبەر باری کۆمەڵایەتی ناوێرن، بەڵام هەندێكیان بەشێوەی فریاکەوتن دەبرێنە نەخۆشخانەکان لەبەرئەوەی ژەهراوی بوون. پسپۆڕەكەی هەناوی وتی "بەداخەوە مردنی ئالودەبووانیش هەبووە لە نەخۆشخانەکاندا لە هەردوو رەگەز".

لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالودەبوون لە کەمبوونەوەی ئاسایش، زیادبوونی تاوان و دزی، زیادبوونی توندوتیژی و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەوە بگرە تا دەگاتە لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوەی تاک لە کۆمەڵگە.

سەنا محەمەد بە پێویستی زانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەی زانستییانە و لەسەر بنەمای توێژینەوە، دەستنیشانی هۆکارەکانی ئالوودەبوون بکەن، بۆئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ بنەبڕکردنی بدۆزێتەوە، رێگەیەکی دیکەی کەمکردنەوەی ئالوودەبوونیش وەك ئەو وتی، بەردەوامیی هەڵمەتەکانی هۆشیارییە لەسەر مەترسی و کاریگەرییە خراپەکانی هۆشبەر، خۆپارێزی و شیکردنەوەی سزای یاسایی.

خەفەتبار و دڵتەنگ، جگە لە غەم هیچی تر لە دەمی نایەتەدەر، "لە منداڵییەوە نەگبەت بووم، بەهۆی بێ دایکییەوە نە منداڵیم هەبوو نە گەنجی، تەمەنم 15 ساڵ بوو بۆ رزگاربوون لە دەستی باوەژن شووم کرد، هەشت ساڵم بە نەبوونی لەگەڵ هاوسەرەکەم بەڕێکرد و شکور بووم، بەڵام خۆی و ئێمەشی تووشی بەڵا کرد" ئەسرین، دەربارەی ئالودەبون و بازرگانی هاوسەرەكەی بە ماددەی هۆشبەر، وای وت.