كەس ئاگای لە دامەزراندن نییە؛ حكومەت گوێی دادەخات

03-04-2021 04:36
خۆپیشاندانی دەرچووانی دانەمەزراو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، 2-2-2020.

پەرەگراف- فەرمان سادق

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەشت ساڵە گوێی خۆی لە پڕۆسەی دامەزراندن داخستووە و لە ڕەشنوسی نوێی بودجەشدا، كەس نازانێت هیچ هیوایەكی لەوبارەیەوە تێدایە یاخود نا.

دواین پڕۆسەی دامەزراندن لە ساڵی 2013دا بوو، ئەوەش بەپێی یاسای بودجەی ئەو ساڵە، لەوكاتەوە بە فەرمی دامەزراندن نەماوە، جگە لەوانەی بە بڕیاری تایبەتی سەرۆكایەتی حكومەت یان بە ڕێگەی نافەرمی و واسیتە دادەمەزرێن.

هەژین ڕێكانی، یەكێكە لەو قوتابیانەی زانكۆی نەورۆز كە زانكۆیەكی كەرتی تایبەتە لە پارێزگای دهۆك و ساڵی 2016 تەواوی كردووە، وەك خۆی دەڵێت، نزیكەی 30 هەزار دۆلاری خەرج كردووە تا خوێندنی زانكۆی تەواو بكات، بەڵام هیچ دەرفەتێكی دامەزراندنی نەبووە.

هەژین ڕەخنەی ئەوە دەگرێت "هەموو ڕێگایەكان داخراوە و هیچ هیوایەك نەماوە، بۆیە هەرچەندە بڕوانامەی بەرزت هەبێت سوودی نییە".

ئەو كە چەندین ساڵە وەك خۆبەخش لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار دەكات، لەبارەی دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت، بۆ پەرەگراف ئاماژە بەوە دەدات كە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەتیش لەلایەن حزبەكانەوە كۆنتڕۆڵكراون، "كەرتی تایبەت یان كارمەندی بیانین، یانیش ئەوانەن كە لە ڕێگەی حزبەوە دادەمەزرێن".

ئەو كچە و هەزاران دەرچوی دیكەی زانكۆ و پەیمانگەكان چاویان لەدەستی حكومەتە دایانبمەزرێنێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە پەرەگراف-ـی وت حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ دامەزراندنی خەڵك.

ڕەشنووسی بودجەی 2021ـی حكومەتی هەرێم كە لە قۆناغی ئامادەكاریدایە، بەپێی زانیارییەكان لەسەر دوو بنەما داڕێژراوە، بنەمای ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و بنەمای دووەمیش پشتبەستنە بەو داهاتەی هەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەكان.

زیاد جەبار وتی "تا پڕۆژەی بودجە نەگاتە پەرلەمان و ئاگاداری وردەكاری ناو بودجە نەبین، دیار نییە پلانی حكومەت چییە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ساڵانی خوێندنی (2013- 2014 تا 2019- 2020) لە سەرجەم زانكۆكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان 157 هەزار و 198 كەس، قوتابی قۆناغی چوارەم، پێنجەم و شەشەم بوون، ئەمە جگە لە پەیمانگە و زانكۆ ئەهلییەكان، بەلانیكەمەوە لەو ژمارەیەدا زیاتر لە 100 هەزاریان زانكۆیان تەواوكردووە.

"دەبێت واسیتەت هەبێت یان كەسێكی حزبی بیت ئینجا دەرفەتی دامەزراندنت دەبێت" عادل عەبدوڵا، قوتابی قۆناغی كۆتایی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی جیهان كە زانكۆیەكی ئەهلییە، وای وت.

بەوتەی عادل بۆ پەرەگراف هیچ هیوایەك بە حكومەتی هەرێم نییە دەرگای دامەزراندن بە ڕویاندا بكاتەوە، ئەگەرچی بەڕای ئەو، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەشێكی گرنگە و پێویست دەكات كەسانی پسپۆڕی ئەو بەشە لە پەرلەمان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێن.

ئەو كە پێشتر بەشی ژمێریاری لە پەیمانگەی تەكنیكی كۆیە تەواو كردووە، ماوەی پێنج ساڵیشە سەرپەرشتی كتێبخانەی ڕۆسا لە شاری هەولێر دەكات، بێ هیوایی لە دامەزراندن وای لێكردووە درێژە بە خوێندن بدات بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێر و دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

عادل عەبدوڵا كە دەرفەتی كاركردنی لە كەرتی تایبەت كەمە بەهۆی جۆری بڕوانامەكەی، چاوی لەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرفەتی دامەزراندنی بۆ بكاتەوە لە كونسوڵخانەكان بێت یان لە نوێنەرایەتییەكانی حكومەت.

بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و 255 هەزار و 273 موچەخۆر هەن، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوسان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەڵێت، لەو ژمارەیەدا 403 هەزار و 231یان فەرمانبەری مەدەنین، 217 هەزار و 797ـیان پۆلیس و ئاسایشن، هەروەها 104 هەزار و 699ـیان هێزی پێشمەرگەن.

پەرەگراف پەیوەندی بە زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانەوە كرد كە وەزارەتەكەی سەرپشكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوشانی وەزارەتی دارایی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتەكانی تر بكەن لەبارەی پلانی ئەو وەزارەتانە بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی بودجەی 2021.

پێوەند بە پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دامەزراندنی دەرچوانی ساڵانی ڕابردووی زانكۆكان، زاگرۆس فەتاح وتی "پرسی دامەزراندن پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە".

دەرچوانی دانەمەزراو لە هەرێمی كوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردودا، زنجیرەیەك خۆپیشاندانیان لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان ڕێكخستووە، بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلیكار.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 10ی ئەم مانگە، لە وەڵامی كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی یاداشتی 12 پەرلەمانتار بۆ پرسی دامەزرانی هاوڵاتیان و دەرچوانی زانكۆكان، ئاماژەی بەوەدا كە پێشتریش پەرلەمانتاران ئەو پرسەیان ڕوبەڕوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووەتەوە، "دامەزراندن لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە، سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایش هاتوونەتە بەردەم پەرلەمان پلانی خۆیان لەمبارەیەوە باس كردووە".

نەبونی دامەزراندن لەكاتێكدایە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر خانەنشین دەبن بێ ئەوەی كەس جێگەیان پڕبكاتەوە.

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن، بەمەش لە 2013ـەوە تائێستا كە دامەزراندن نەبووە زیاتر لە 40 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بون.

پەرەگراف زیاتر لە مانگێكە لەسەر داوای جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی "وەتس ئەپ"ـەوە پرسیاری ئەوەی لێكردووە لە پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە دەرگای دامەزراندن بە ڕووی دەرچوان بكاتەوە؟ بەڵام تا ئێستا وەڵامی پرسیارەكەی نەداوەتەوە، بەڵكو پرسیاری لە سەرچاوەی دارایی پەرەگراف كرد وەك مەرجی وەڵامدانەوە.

پەرەگراف لەلایەن سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی "NED" پشتگیری دارایی دەكرێت و لە ماڵپەڕەكەی خۆیشی ئەوەی بڵاوكردۆتەوە و لینكەكەی بۆ گوتەبێژی حكومەت ناردووە، بەڵام هێشتا ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارەكە بداتەوە كە ئەگەرچی بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بێت، دەبێت وەڵام بداتەوە، بەڵام یاساكە هیچ ڕێكارێكی لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەت بۆ دەرنەچووە تا دامەزراوەكان ناچار بە وەڵامدانەوە و پێدانی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان بكات.

بەبڕوای شارەزایەكی ئابوری، حكومەت لە 30 ساڵی ڕابردوودا سیاسەتێكی ئابووری دیاریكراوی نەبووە كە شارەزایانی ئابوری بتوانن هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، ئەوەی هەبووە بونی پارەیەكی زۆر لە ماوەی نێوان 2005 تا 2010، پاڵی بە حزبەكانەوە نا، بەتایبەت پارتی و یەكێتی كە خەڵكێكی زۆری خۆیان بە لێشاو دابمەزرێنن، ... "بۆیە دەبینین لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگای دامەزراندن بە یەكجاریی داخراوە ئەگەرچی ساڵانە ژمارەیەك فەرمانبەر خانەنشین دەبن، بەڵام هێشتا فەرمانبەری زیادە لە فەرمانگەكانی حكومەت بوونیان هەیە" بەوتەی ئیدریس حاجی.

ئیدریس مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابورییە، ئاماژە بەوە دەدات نەبونی گرەنتی و دڵنیایی لە بازاڕی كاردا لەلایەك و بونی مەرجی قورس بەسەر خەڵكی كوردستان لەو دەرفەتانەی وەك هەلیكار رادەگەیەنرێن، وایكردووە دەرچوانی زانكۆ و هاوڵاتیان هەمیشە چاویان لە دەستی حكومەت بێت بۆ دامەزراندن.

"پێویستە حكومەت لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە تەداخول بكات بە دەرچوواندنی ڕێنمایی و یاسا بەسەر كۆمپانیاكان و ڕەخساندنی هەلیكار بۆ دەرچووانی زانكۆ و دەرچواندنی یاسایەك بۆ دڵنیایدان بەوانەی لە كەرتی تایبەت كاردەكەن تا دەرچووانی زانكۆ ڕوو لە بازاڕی ئازاد بكەن" ئەو شارەزا ئابورییە وادەڵێت.